عەلی سەرباز، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە وەکو نوێنەری رووداو هاوسەفەری عەلی زەیدییە بۆ واشنتن دەڵێ، هەڵبژاردنی ئەمریکا وەک یەکەمین وێستگەی سەردانی دەرەوەی عەلی زەیدی، ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ویستی بەغدا لە پێناو دروستکردنی پەیوەندییەکی تووند و درێژخایەن لەگەڵ واشنتن دا.
عەلی سەرباز ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کارانەی زەیدی پێش سەردانەکەی ئەنجامی داون، لێرە لە ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی ئەمریکا دەنگدانەوەی زۆریان هەبووە. ئەو گوتی: "زەیدی ئەوەی پێویست بوو پێش سەردانەکەی بیکات، جێبەجێی کردووە؛ چ لە بواری سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت یان دەستپێکردنی (ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان)، کە پەیامێکی دڵنیایین بۆ لایەنی ئەمریکایی."
گرێبەستی گەورە و لێکتێگەیشتنی ستراتیژی
بەپێی زانیارییەکانی عەلی سەرباز، لەم سەردانەدا دوو جۆر رێککەوتن واژۆ دەکرێن؛ یەکەمیان گرێبەستی نەوتی و بەهێزکردنی رۆڵی کۆمپانیاکانی نەوت دەبێت، دووەمیشیان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، تەندروستی و پەروەردەدا دەبن. ئەو روونی کردەوە "ئەو یاداشتنامانەی لێکتێگەیشتن کە واژۆ دەکرێن، دەبنە بناخەیەک بۆ گرێبەستی گەورە لە داهاتوودا، هاوشێوەی ئەو گرێبەستەی کۆمپانیای HKN کە لە چەند رۆژی رابردوودا واژۆ کرا."
بە گوتەی عەلی سەرباز، وەبەرهێنان پێویستی بە کەشێکی ئارامە، بۆیە شاندی عێراق دەیەوێ دڵنیایی بداتە کۆمپانیا ئەمریکاییـەکان. "دیاریکردنی وادەی 30-09-2026 وەک دوایین مۆڵەت بۆ گرووپە چەکدارەکان، یەکێکە لەو ئاماژە جیدییانەی کە عێراق دەیەوێت بیسەلمێنێت دەتوانێ بەرژەوەندییە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی بپارێزێت."
پاڵپشتیی ئەمریکا و ئاستەنگەکان
سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتن، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو گوتی: "ئەمریکییەکان پێشوازییان لەم بڕیارانە کردووە و دەیانەوێ پاڵپشتیی خۆیان دەرببڕن، بەڵام تێدەگەن کە ئەم کارە بۆ زەیدی وا ئاسان نابێ و گوشاری لەسەرە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵەکان بەرەو ئەوە دەچن کە چیدیکە چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت نەمێنێتەوە."
عەلی سەرباز ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی رووداو گوتی: عێراق بەهۆی پێگەی جوگرافییەوە ناتوانێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ببڕێ، بەڵام دەیەوێت هاوسەنگییەک لە نێوان بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ تاران و واشنتندا دروست بکات. ئەمریکا لەم قۆناخــەدا پاڵپشتی لە بنیاتنان و بەهێزکردنەوەی دامەزراوەکانی عێراق و شەفافییەت دەکات تاوەکو دۆخی وڵات بگەیێنرێتە لووتکەی سەقامگیری و رێگری لە گەندەڵی بکرێت."
عەلی سەرباز دەڵێ، پێشوازییەکی زۆر باش لە عەلی زەیدی کراوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێ لەگەڵ هەموو ئەو دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدارانەی شارەزاییان لە عێراقدا هەیە کۆ ببێتەوە، بۆ ئەوەی بناخەیەکی پتەو بۆ داهاتووی عێراق دابڕێژێت و هاوئاهەنگیــی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر بکات.
داڕشتنەوە: سەرکار حوسێن



