رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی کرد، ترەمپ هەر لە سەرەتای دیاریکردنی زەیدی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو سەرۆکوەزیرانە راگەیاندبوو، لە کۆشکی سپییش گوتی، "عێراقم خۆشدەوێت. ئەو (زەیدی) هەڵبژاردنی بردووەتەوە و عێراقییەکان لەلایەن ئەوەوە زۆر باش نوێنەرایەتی دەکرێن."
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پیاوێکی بازرگانە و هیچ پاشخانێکی سیاسیی رابردووی نییە، وەکو بەربژێری سازان لە عێراق دەرکەوت، ئەوەش دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان، کاتێک زەیدی لە مانگی نیسان دا بە فەرمی وەکو سەرۆکوەزیران دەستبەکاربوو، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، "ئەمە دەستپێکی قۆناخێکی نوێی گەورەیە لەنێوان هەردوو گەلدا؛ گەشەسەندن، سەقامگیری و سەرکەوتنێکە پێشتر هاوشێوەی نەبووە."
بەڵام بایەخپێدان و گرنگیی ترەمپ لە پرسی سەرکردایەتیی داهاتووی عێراق، زۆر پێش ئەو لێدوانە دەستیپێکردبوو.
گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هاوپەیمانییەکی پارتە شیعەکانە، لە سەرەتادا رایانگەیاند پشتگیریی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو دەکەن، ترەمپ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییە بە ئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ بەربژێرکردنەوەی مالیکی راگەیاند و هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی لە عێراق کرد ئەگەر ئەو دابنرێت. گوتیشی، "ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ هاوکاری، عێراق هیچ هەلێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن یان ئازادی نییە."
چاوەڕێ دەکرێت، رێککەوتنەکان و چەکدانانی گرووپەکان دوو پرسی سەرەکی گفتوگۆکان بن، حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە پرۆسەیەک بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان چەک دابنێن، هەندێک لەوان دەستیان هەبووە لە هێرشی سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و هەرێمی کوردستان لەماوەی جەنگی 40 رۆژە و 12 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئێستا حکومەتی عێراق تاوەکو ئەیلوولی داهاتوو مۆڵەتی داوەتە ئەو گرووپانە چەکەکانیان دابنێن، بەڵام هەندێک گرووپ رەتیان کردووەتەوە چەک دابنێن.
بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ پێش کۆبوونەوەکەی سێشەممە رایگەیاند، ئەمریکا بڕیاری خۆی لەوبارەوە بە عێراق دەڵێت لەسەر بنەمای هەوڵەکانی عێراق بۆ چەکدانانی گرووپەکان. رێگە بەو بەرپرسە دراوە بەبێ ناوهێنان باسی ستراتیجی ئیدارەکە بکات پێش کۆبوونەوەی زەیدی و ترەمپ.
رێناد مەنسوور، بەڕێوەبەری دەسپێشخەریی عێراق لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی چاتام هاوس پێشبینی دەکات "ئەمریکا گوشار ۆر بخاتە سەر زەیدی" بۆ ئەوەی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن قۆناخی چەکداماڵینی گرووپەکان بچێتە پێشەوە زەیدیش داوای پشتگیر؛ پشتگیری هەواڵگری، تەکنیکی و سەربازی دەکات'
ئەو دەڵێت، "رەنگە حکومەتی عێراق لە قۆناخی چەکدانانی گرووپەکان رووبەڕی پەلاماری ئەو گرووپانە ببێتەوە، بۆیە حکومەتی عێراق داوای پشتیوانی ئەمریکا دەکات لەوبارەوە."
زەیدی رەزامەندیی ترەمپی وەرگرتووە لەو پرسەدا، دوو هەفتەشە زەیدی دەستی بە هەڵمەتێک کردووە بۆ دەستگیرکردن و ئاشکراکردنی گەندەڵکاران و ئەوانەی پارە و داهاتی عێراقیان دزیوە،حکومەتەکەی زەیدی چەندین پەرلەمانتار و بەرپرسی ئێستا و پێشووی حکومەتی دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی.
شاندی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن ژمارەیەک بازرگان و بەرپرسی حکومی لەخۆدەگرێت، نووسینگەی زەیدی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە ئامانجی سەردانەکە "بەهێزکردنی هاوبەشیی ئابووری و گەشەپێدان، راکێشانی وەبەرهێنان و فراوانکردنی رۆڵی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان" و گەشەپێدانی زیاتری کەرتی وزەی ئەو وڵاتە دەوڵەمەندە بە نەوت.



