رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە پێکانی کۆگەیەکی گەنمی مەدەنی لەلایەن هێزەکانیانەوە لە شاری هوەیزەی ئێران دەکەن و دەڵێت، تەنیا بنکە سەربازییەکانیان کردووەتە ئامانج.
سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هەواڵانەی میدیا فەرمییەکانی ئێران لەبارەی پێکانی کۆگەیەکی گەنمی مەدەنی لە هوەیزە لە 14ـی تەممووز بڵاویانکردووەتەوە "دوورن لە راستییەوە". ئەمریکا تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی زانیاریی نادروست بۆ چەواشەکاری بڵاودەکاتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژی 14ـی تەممووزدا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر چەندین بنکەی سەربازی لە شارەکانی (بەندەر عەباس، خورموج، ئەهواز، قیشم، تونب، بووشێهر و کوهستاک).
سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە کە ئەم هێرشانە بە مەبەستی لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران بووە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز.
واشنتن راشیگەیاندووە، لە کاتێکدا تاران ئەوان بە پێکانی ئامانجی مەدەنی تۆمەتبار دەکات، "راستییەکەی ئێران خۆی هاووڵاتییانی مەدەنی لە تەنگەی هورمز و وڵاتانی دراوسێی کەنداو دەکاتە ئامانج."
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە 28-02-2026ـەوە دەستیپێکرد، ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکانی جیهانی رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە کردووەتەوە.
تەنگەی هورمز کە رێڕەوی تێپەڕبوونی نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهانە، ئێستا بووەتە مەیدانی ململانێیەکی سەربازیی چڕ.
واشنتن لە رێگەی ئەم هێرشانەوە دەیەوێت گوشارەکانی بۆ سەر تاران زیاد بکات تاوەکو کۆتایی بە هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان بهێنێت، کە لەم مانگانەی دواییدا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و شڵەژانی بازرگانیی جیهانی.



