رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێستا بە نیازی دانوستاندن لەگەڵ ئێران نییە، رژێمی تاران و شاندە نوێیەکەی ئەو وڵاتەی بە "خراپەکار" و رێگری سەرەکی لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتن ناوبرد.
رۆژی چوارشەممە، 15ی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: "سێ رۆژ لەمەوبەر رێککەوتنێکمان هەبوو، بەڵام ئێستا نامەوێت دانوستاندن بکەم. گوتم با دانوستاندن نەکەین."
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ترەمپ لە کاتێکدایە ئەمریکا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کردووەتەوە. واشنتن تارانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیانی پێشێل کردووە، ئەویش لە رێگەی هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز.
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ دەڵێت ئارەزووی دانوستاندنی نەماوە، بەڵام گوتی، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان بەردەوامن. کاتێک پرسیاری لێکرا کەی دوایین جار لەگەڵ بەرپرسێکی ئێرانی قسەی کردووە، ترەمپ وەڵامی دایەوە: "نوێنەرەکانم پێش کاژێرێک لەگەڵ ئێرانییەکان قسەیان کردووە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان "بێهیوایانە" بەدوای رێککەوتندا دەگەڕێن و گوتی: "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، بەڵام هەر جارێک رێککەوتن دەکەن، دەیشکێنن. ئەوان نایانەوێت بمرن، خەڵک نایەوێت بمرێت."
ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە 17ی حوزەیرانی رابردوو لە نێوان ترەمپ و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران واژۆ کرا، ئامانجی بوو شەڕ بوەستێنێت و کات بداتە هەردوولا بۆ چارەسەرێکی گشتگیر، بەڵام رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ نەکرا
لە دوێنێوە ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بۆ سەر تەنگەی هورمز گەڕاندووەتەوە و ئەمڕۆش بۆ پێنجەمین جار هێرشیکردە سەر پێگە جیاوازەکانی ئێران. ترەمپ سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکان گوتی: "هێرشەکان بەردەوام دەبن تاوەکو ئەو کاتەی من دەڵێم 'ئیتر بەسە'."



