رووداو دیجیتاڵ دوای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێک لەسەر ژێرئاوکەوتنی دوو کەشتیی گەورە لە کەناراوەکانی میانمار لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا، مەترسی هەیە زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستدابێت. رۆژی پێنجشەممە 16-07-2026 رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لەبارەی ئەو راپۆرتانەی دەڵێن، "لە رۆژانی رابردوودا دوو بەلەم کە زیاتر لە 500 کەسیان هەڵگرتبوو، لە کەناراوەکانی میانمار ژێرئاو کەوتوون". لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو دوو بەلەمە لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا لە هەرێمی (راخین)ـی میانمارەوە بەڕێکەوتوون کە بەهۆی جەنگەوە وێران بووە، هەروەها زۆربەی سەرنشینەکانیان سەربە کەمینەی موسڵمانانی (رۆهینگا) بوون. باس لەوەش کراوە، بەشێکیان لە کەمپە گەورەکانی (کۆکس بازار) لە بەنگلادیشەوە گەشتیان کردووە، کە زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەری رۆهینگا دوای هەڵاتنیان لە راخین، لە دۆخێکی خراپدا تێیدا دەژین. بەپێی راگەیێندراوەکە، یەکێک لە بەلەمەکان کە پێدەچێت نزیکەی 250 کەسی هەڵگرتبێت، کەمێک دوای بەڕێکەوتنی، پەیوەندیی پێوەی پچڕاوە. پێدەچێت بەلەمی دووەمیش کە نزیکەی 280 کەسی هەڵگرتبوو، رۆژی 8ـی تەممووز لە کەناراوەکانی (ئایێیاروادی) لە میانمار ژێرئاو کەوتبێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەرچەندە تاوەکو ئێستا رووداوەکان و ژمارەی قوربانییەکان بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام (UNHCR) و (IOM) زۆر نیگەرانن لە ئەگەری لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی گیانی مرۆڤەکان." ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکیان خستە سەر ئەوەی، ئەو گەشتانە "لە دەرەوەی وەرزی ئاسایی دەریاوانیدا کراون، کە تێیدا کەشوهەوای دەریا زۆر مەترسیدارترە." هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، "بارانبارینی بەخوڕ و لافاوی ئەم دواییەی ناوچەکە، مەترسییەکانی پەیوەست بەم جۆرە گەشتە دەریاییانەی زیاتر کردووە." هەروەها هۆشداری دراوە، "ئەگەر ئەمە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەم کارەساتە دەچێتە پاڵ ئەو نزیکەی 300 کەسەی تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا لە (دەریای ئەندامان) و (کەنداوی بەنگال) بێسەروشوێنن بوون یان گیانیان لەدەستداوە، کە پەنابەری رۆهینگا و هاووڵاتییانی بەنگلادیشییان تێدایە." هەموو ساڵێک، موسڵمانانی رۆهینگا بەدوای ژیانێکی باشتردا گەشتی دەریایی مەترسیدار دەکەن، بە بەکارهێنانی بەلەمی کۆن و خراپ کە زۆرجار لەلایەن تۆڕەکانی قاچاخچێتییەوە بەڕێوەدەبرێن. بەپێی ئامارەکانی (UNHCR)، تەنیا پار لە باکووری زەریای هیندی، نزیکەی 900 پەنابەری رۆهینگا بێسەروشوێن بوون یان گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لە کۆی زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس کە هەوڵی ئەو گەشتە دەریاییە مەترسیدارانەیان دابوو. لە راگەیێندراوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا دووپاتیش کراوەتەوە، ئەم رووداوانەی دوایی "کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ململانێ و ئاوارەبوونی درێژخایەن و نەبوونی چارەسەری بەردەوام بۆ کۆمەڵگەکانی رۆهینگا دەردەخەن." ئاژانسەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە: "هەڵکشانی ململانێکان و خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە میانمار، لەگەڵ کەمیی هاوکاری و دەرفەتەکان لە کەمپەکانی پەنابەران لە بەنگلادیش، هۆکارن بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە هەوڵی گەشتی دەریایی مەترسیدار دەدەن بۆ دۆزینەوەی سەلامەتی و پاراستن." هەروەها دەڵێن: "ئەم رووداوانە تیشک دەخەنە سەر ئەو مەترسییە بەردەوامانەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ دروستی دەکەن، کە بەردەوامن لە قۆستنەوەی بێچارەیی ئەو کەسانەی بەدوای سەلامەتیدا دەگەڕێن." رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و ئاژانسی پەنابەران داوای "بەهێزکردنی هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن، دەستڕاگەیشتن بە مافی پەنابەری و پاراستن، هەروەها گرتنەبەری رێوشوێن دژی تۆڕەکانی قاچاخچێتی" دەکەن. هاوکات، ستایشی بەنگلادیشیان کرد بۆ "میواندارییە بێوێنەکەی لە پەنابەرانی رۆهینگا بۆ چەندین ساڵ،" بەڵام پێویستیی "پاڵپشتیی بەردەوامی نێودەوڵەتی"ـیان بۆ پەنابەران و کۆمەڵگە میواندارەکان دووپات کردەوە، لەگەڵ داواکاری بۆ گرتنەبەری "هەوڵی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئاوارەبوونی زۆرەملێ."
جیهان16-07-2026ئابووریناسێكی فاو: گرژییەکانی ئێران و تەنگەی هورمز هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەکەن