رووداو دیجیتاڵ
دەزگەی فریاگوزاریی ئۆکرانیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ سەر شاری کیێڤی پایتەخت، دوو کەس کوژران و لانیکەم پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون کە منداڵێک لەنێویاندایە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە نیوەشەودا چەندین تەقینەوە پایتەختی وڵاتەکەی هەژاند.
رۆژی پێنجشەممە 16-07-2026، دەزگەی فریاگوزاریی حکومەتی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، لەم هێرشەدا هەردوو ناوچەی (سویاتۆشینسکی و دارنیتسکی) کراونەتە ئامانج.
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ لە تەلەگرام نووسی: "دوو کەس لە کیێڤ بەهۆی هێرشی دووژمنەوە کوژراون." ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆگەیەک پێکراوە و پاشماوەی مووشەکەکان بەسەر چەند باڵەخانەیەکدا کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەم هێرشە نوێیەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا رۆژانە بەردەوامن و شەڕی رووسیا دژی ئەو وڵاتە پێنجەمین ساڵی تێپەڕاندووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانەدا، سەرۆکی شارەوانیی خارکیڤ رایگەیاند، گەورەترین شاری باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیایش لە رێگەی درۆنەوە کراوەتە ئامانج. ئەم هێرشانە تەنیا چەند کاژێرێک دوای سەردانەکەی ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا هات بۆ کیێڤ بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوانیان.
لە مانگی رابردووەوە، کیێڤ بە بەردەوامی بە مووشەکی بالیستیی رووسیا دەکرێتە ئامانج، کە زۆر خێران و تێکشکاندنیان لە ئاسماندا سەختە. لە کاتی بۆردوومانەکاندا، مووشەکەکان بە دوای یەکدا دەتەقێنرێنەوە و تەقینەوەکانیش خێرا یەک لە دوای یەک روودەدەن.
ئۆکرانیا بەدەست کەمیی مووشەکی PAC-3 دەناڵێنێت کە لە سیستمە بەرگرییەکانی پاتریۆتی ئەمریکیدا بەکاردێن و بۆ تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکان پێویستن. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، بە نیازە رێگە بە ئۆکرانیا بدات خۆی مووشەکی تایبەت بە سیستمی پاتریۆت بەرهەمبهێنێت.
لای خۆشیەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ پرۆسەی بەرهەمهێنانی مووشەکەکان دەستپێبکات، ئەمەش بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانی وڵاتەکەیەتی لە بەرامبەر هێرشە بالیستییەکانی رووسیادا.



