رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە رێکارە نوێیەکانی بۆ سنووردارکردنی ماوەی مانەوەی قوتابیان و رۆژنامەڤانانی بیانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکلاکردەوە؛ ئەمەش وەک بەشێک لەو هەڵمەتە فراوانەی ترەمپ بۆ تووندترکردنی یاساکانی کۆچبەری دەستیپێکردووە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو کەسانەی بە ڤیزەی خوێندن لە ئەمریکان، تەنیا بۆ ماوەی پڕۆگرامە ئەکادیمییەکەیان رێگەی مانەوەیان پێدەدرێت، بە مەرجێک لە چوار ساڵ تێپەڕ نەکات.
سەبارەت بە رۆژنامەڤانانی بیانی، ماوەی مانەوەیان بۆ تەنیا 240 رۆژ (نزیکەی هەشت مانگ) کەمکرایەوە، هەرچەندە دەتوانن داوای درێژکردنەوەی هەمان ماوە بکەن.
رێکارەکە بۆ هاووڵاتییانی چین زۆر تووندترە، بەجۆرێک رۆژنامەڤانانی چینی تەنیا 90 رۆژ رێگەی مانەوەیان پێدەدرێت و درێژکردنەوەکەشیان تەنیا بۆ 90 رۆژی دیکە دەبێت.
وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت، ئەم گۆڕانکارییە پێویستە بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لەوەی کەسانی بیانی بۆ ماوەیەکی نادیار وەک "قوتابی هەمیشەیی" لە وڵاتەکەدا بمێننەوە و پڕۆسەی چاودێریکردنی هەڵگرانی ڤیزە ئاسانتر بێت.
ئەم بڕیارە ناڕەزایەتییەکی زۆری رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی رۆژنامەڤانانی لێکەوتەوە. رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور تووڕەیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە توانای رۆژنامەڤانان بۆ رووماڵکردنی هەواڵەکان لە ئەمریکا لەناو دەبات. هەروەها لیژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان ئەم رەفتارەی ئیدارەی ترەمپی بە "نیشانەی پاشەکشەی دیموکراسی" وەسف کرد.
لەلایەکی دیکەوە، ناوەندە ئەکادیمییەکان و زانکۆکانی ئەمریکا هۆشداری دەدەن کە ئەم رێکارە بیۆکراسییە وادەکات قوتابیە لێهاتووەکانی جیهان روو لە ئەمریکا نەکەن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی خوێندنی رابردوودا زیاتر لە 1.1 ملیۆن قوتابی بیانی لە ئەمریکا هەبوون، کە زیاتر لە 50 ملیار دۆلار داهاتیان بۆ ئابووری ئەو وڵاتە هەبووە.
ئەم رێسا نوێیە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا هەوڵێکی هاوشێوەی دا، بەڵام دواتر جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە. ئێستا بڕیارەکە رەوانەی کۆنگرێس دەکرێت کە کۆمارییەکان تێیدا زۆرینەن، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
