رووداو دیجیتاڵ حکومەتی چین ئەو تۆمەتانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای رەتکردەوە کە پەکینی بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020 تۆمەتبار کردبوو؛ پەکین دەڵێت: "تەواوی بانگەشەکان هەڵبەستراون" و هیچ بەرژەوەندییەکیان لە ململانێ ناوخۆییەکانی واشنتندا نییە. لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رۆژی هەینی، 17ـی تەممووزی 2026 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەکین رایگەیاند، چین هەرگیز دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نەکردووە و داوای لە واشنتن کرد، کۆتایی بەو "تۆمەتە بێبنەمایانە" بهێنێت. ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، کاژێر 4:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی (بە کاتی هەولێر) لە گوتارێکدا بۆ گەلی ئەمریکا، جارێکی دیکە گومانی خستە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2020. ترەمپ بە راشکاوی چینی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستیان لەو پرۆسەیەدا هەبووە، لەوانەش دەستگەیشتن بە دۆسیەکانی دەنگدەرانی ئەمریکا بە شێوەیەکی رێکخراو. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەدا گوتی: "ئەو بانگەشانەی ئەمریکا بە تەواوی هەڵبەستراون و ئامانج لێیان رەشکردنی وێنەی چینە؛ ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان لە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمریکا نییە و هەرگیز کارێکی وەهامان نەکردووە." لەسەر پرسی ئەوەی ئایا ئەم گرژییە نوێیە کاریگەریی لەسەر سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین بۆ واشنتن دەبێت یان نا، لین جیان گوتی: "داوا لە ئەمریکا دەکەین چیدی چین نەکاتە بابەتێک لەنێو هەڵبژاردنەکانیدا و ئەو کارانە بکات کە خزمەتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکەن." دۆناڵد ترەمپ لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵدا سەردانی پەکینی کرد و لەگەڵ شی جینپینگ کۆبووەوە. لەو دیدارەدا هەردوو وڵات گەیشتنە رێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان. هەر لەو کاتەدا، ترەمپ بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی چینی کرد بۆ ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی 2026 سەردانی ئەمریکا بکات و پەکینیش بەفەرمی بانگهێشتەکەی قبووڵ کرد. ئەم تۆمەتە نوێیانەی ترەمپ بوونەتە هۆی دروستبوونی گومان لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئەو لووتکە چاوەڕوانکراوەی کە بڕیار بوو پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو زلهێزە ئابوورییە هەڵبداتەوە. لە هەمان کاتدا، ئەم جۆرە لێدوانانەی ترەمپ وەک ستراتیژییەک بۆ راکێشانی سەرنجی دەنگدەران لە ناوخۆی ئەمریکا دەبینرێت، لە کاتێکدا کە جیهان بەهۆی جەنگی ئێران و قەیرانەکانی وزەوە لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە.