رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، رۆژی یەکشەممە داوای دانبەخۆداگرتنی لە ئەمریکا و ئێران کرد. ئەمەش دوای ئەوە هات کە رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایدەگەیێنێت سوپای ئەمریکایی هێرشی کردووەتە سەر وێستگەیەکی ئەتۆمی کە ئێستا لە قۆناخــی دروستکردندایە لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان کە ئەمریکا و ئێران بۆ چەندین رۆژە بەردەوامن لە گۆڕینەوەی هێرشی سەربازی دژی یەکدی. واشنتن رۆژی یەکشەممە گەڕێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران ئەنجام دا بە ئامانجی "سزادانی" تاران لە بەرامبەر کوژرانی 2 سەربازی ئەمریکایی لە ئوردن؛ کە ئەوە یەکەمین زیانی گیانیی راگەیێندراوی ئەمریکا بوو لەوەتەی دەستپێکردنەوەی جەنگ لە هەفتەی رابردوودا.
رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی تاران لە راگەیێندراوێکدا کە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە بڵاوی کردەوە، رایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و دڕندانەدا کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، رۆژی یەکشەممە بە چەندین مووشەک هێرشیان کردە سەر وێستگەی ئەتۆمیی دارخوێن کە ئێستا لە قۆناخــی بونیاتناندایە."
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) رایگەیاند، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو راپۆرتــانە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کرد کە وێستگەکە لە قۆناخــی سەرەتایی بونیاتناندایە و لە دوایین سەردانی پشکنەرانی ئاژانسەکەدا، هیچ ماددەیەکی ئەتۆمیی تێدا نەبووە.
هەرچەندە ئاژانسەکە پێی وایە ئەم رووداوە "هیچ مەترسییەکی تیشکدانەوەی لێ ناکەوێتەوە"، بەڵام رافایێڵ گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس جارێکی دیکە داوای دانبەخۆداگرتنی سەربازیی لە دەوروبەری هەموو ئەو شوێنانە کرد کە پەیوەندییان بە دۆسیەی ئەتۆمییەوە هەیە تاوەکو ئاڵۆزییەکان نەگەنە لووتکە.
بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژە خاڵی سەرەکیی ململانێکانی نێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوایە. تەنانەت لەو دانوستاندنــانەی ئێستاشدا کە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئارادان، ئەم بابەتە وەک یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکان ماوەتەوە.
لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل گومانی ئەوەیان هەیە کە تاران بە شوێن دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییەوە بێت، بەڵام ئێران بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرنامەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە؛ هەرچەندە پێداگریش لەسەر مافی خۆی دەکات بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ مەبەستی مەدەنی و چیدیکە پاشەکشە لەم هەڵوێستەی ناکات.

