رووداو دیجیتاڵ
وەزیری جەنگی ئەمریکا رەخنەی تووند لە "جەنەراڵە قەڵەوەکان" دەگرێت و دەڵێ، بەرنامە هەمەجۆرەکان بوونەتە هۆی دەیان ساڵ پاشەکشە لەنێو سوپادا. هێگسەس هۆشدارییەکی تووندیش دەداتە فەرماندەکان و دەڵێ، ئەگەر پشتگیریی بەرنامەکانی نەکەن، دەبێ دەست لەکار بکێشنەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەمریکا، پیت هێگسەس، رەخنەی لە دەرکەوتنی سەربازە قەڵەوەکان گرت و گوتی: "بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە جەنەراڵ و ئەدمیراڵی قەڵەو لە رێڕۆکانی پێنتاگۆن ببینین."
بەشێوەیەکی گشتی، پێوەری تاقیکردنەوەی لەشجوانی لە سوپای ئەمریکادا بەپێی تەمەن رێکدەخرێت. بۆ نموونە، کاتی راکردن بۆ بەشداربووە بەتەمەنەکان زیاترە. لەگەڵ ئەوەشدا، مەرجی لەشجوانی لە هەر لقێکی سوپادا بەپێی سرووشتی کارەکانیان جیاوازە.
مەرجی لەشجوانیی لقەکانی سوپای ئەمریکا بۆ ساڵی 2025:
سوپای وشکانی (Army): لە 1ـی حوزەیرانی 2025ـەوە، تاقیکردنەوەی لەشجوانیی سوپا (AFT) وەک تاقیکردنەوەی فەرمی پەسەند کراوە. تاقیکردنەوەکە پێنج بەش لەخۆدەگرێت: بەرزکردنەوەی قورسایی، شناو، راکردنی خێرا لەگەڵ راکێشانی قورسایی، مانەوە لەسەر سک (پلانک)، لەگەڵ راکردنی دوو میل.
هێزی دەریایی (Navy): تاقیکردنەوەی ئامادەیی جەستەیی ئەم هێزە پێکدێت لە شناو، مانەوە لەسەر سک، لەگەڵ تاقیکردنەوەیەکی بەرگەگرتنی وەک مەلەکردن یان راکردن.
هێزی ئاسمانی (Air Force): سەرەڕای پێوانەکردنی کەمەر، تاقیکردنەوەکە سێ بەشی سەرەکیی هەیە: راکردنی 1.5 میل، راهێنانی ورگ و شناو. بۆ پۆستە جەنگییەکان مەرجەکان تووندترن. لە ساڵی 2026ـەوە، سەربازان هەر شەش مانگ جارێک تاقیکردنەوە دەکەن، یەکێک لە تاقیکردنەوەکانیش راکردنی دوو میلە بەشێوەی ساڵانە کە 50٪ـی کۆی نمرەکان پێکدەهێنێت.
هێزی بۆشایی ئاسمان (Space Force): لە سەرەتای دروستبوونییەوە لە ساڵی 2019 پشت بە پێوەری هێزی ئاسمانی دەبەستێت. بەڵام دواتر دەستی بە پەرەپێدانی بەرنامەیەکی تایبەت بەخۆی کردووە بەناوی رێبازی تەندروستیی گشتگیر کە لە راهێنانی بەردەوام، باشترکردنی ئاستی تەندروستی و بونیادنانی توانا پێکدێت.

