رووداو - دیجیتاڵ لە چین ئەو رۆبۆتانەی پێشتر تەنیا لە فیلمە خەیاڵییەکاندا دەبینران، ئێستا هاتوونەتە نێو شەقام، دەرمانخانە و تەنانەت دووکانەکان. ئەمە تەنیانمایشێکی تەکنەلۆژی نییە، بەڵکو گۆڕینی شێوازی ژیانی مرۆڤە؛ رۆبۆتەکان بە "ماسولکە ئاسنینەکانیان" و ژیریی دەستکرد، بەبێ وەستان خزمەتگوزاری پێشکەش بە کڕیاران دەکەن و گۆڕانکاریی گەورەیان لە پیشەسازیی دەرمانسازی و بازرگانیدا خوڵقاندووە. خێرایی و وردی، دوو چەمکن کە رۆبۆتە نوێیەکانی چین پێناسەی دەکەنەوە. لە دەرمانخانەکاندا، هەڵەکردن خەریکە دەبێتە مێژوو. وانگ بینگ، بەڕێوەبەری دەرمانخانەیەک لە چین بە رووداوی راگەیاند: "فرۆشگاکەمان 24 کاژێر کاردەکات و جێگەی دوو کارمەندی گرتووەتەوە. لە هەشت مانگی رابردوودا وردبینییەکی سەرسوڕهێنەرمان بینیوە، ئێستا رێژەی وردبینیمان گەیشتووەتە 99.99٪ و ئامانجمان ئەوەیە لە داهاتوودا رۆبۆتەکان خۆیان کاڵاکانیش پڕبکەنەوە." بۆ پیاوانی گەیاندن (دیلیڤەری) کە هەموو رۆژێک لە کێبڕکێدان لەگەڵ کات، رۆبۆتەکان بوونەتە هاوکارێکی بێ وێنە. ژاو لەی، پیاوی گەیاندن دەڵێت: "ئەم رۆبۆتە لە مرۆڤ خێراتر و گونجاوترە. تەنیا کۆدەکە داخڵ دەکەیت و کاڵاکەت پێدەدات، بەبێ ئەوەی پێویستی بە کات و پاکەتکردن بێت، راستەوخۆ بەرهەمەکانت بۆ ئامادە دەکات." رۆبۆتێک بۆ هەر ماڵێک کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی چین چیتر تەنیا بیر لە کارگەکان ناکەنەوە، بەڵکو ئامانجیان ناردنی رۆبۆتە بۆ نێو هەموو ماڵ و فرۆشگایەک. یوان یدان، بەڕێوەبەری براندێکی تەکنەلۆژی ئاماژە بەوە دەکات کە لە 200 فرۆشگای نێو 30 شاری جیاوازی چین کار دەکەن و دەڵێت: "ئەرکمان ئەوەیە ئەم رۆبۆتانە لە هەموو ماڵ و پیشەسازییەکدا هەبن، چونکە یەک جۆر رۆبۆت دەتوانێت لە چەندین ژینگەی جیاوازدا کارەکان بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدات." سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە، هێشتا لایەنی سۆزداری و پەیوەندییە مرۆییەکان وەک خاڵێکی جیاکەرەوە دەمێننەوە. لی ژۆ یانگ، کارمەندێکی تەکنەلۆژی پێی وایە هەرچەندە رۆبۆتەکان مرۆڤ لە کارە دووبارەبووەکان رزگار دەکەن، بەڵام "هێشتا ئاسوودەیی کارکردن لەگەڵ مرۆڤەکان زیاترە." راستییەکانی رۆبۆت لە چین: - کاتی کارکردن: 24 کاژێر بەبێ وەستان. - وردبینی: 99.99٪ لە دەرمانخانەکاندا. - بڵاوبوونەوە: لە 200 فرۆشگای 30 شاری جیاواز جێگیرکراون. - جۆری کار: دەرمانسازی، گەیاندن، کۆگاداری و فرۆشتنی خواردنی خێرا. ئەوەی رۆژێک تەنیا خەیاڵ بوو، ئێستا لە چین بووەتە واقیعێکی بەرجەستە. رۆبۆتەکان چیتر تەنیا ئامێر نین، بەڵکو بوونەتە دووکاندار، دەرمانساز و هاوکاری نوێی مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەکەمدا.
جیهان21-07-2026توێژینەوەیەک: ژیانی سەردەمیانە مێشکی مرۆڤی ماندوو کردووە و لە توانای بەرگەگرتنی دەرچووە