رووداو دیجیتاڵ دیدار دڵشاد گرافیک دیزاینەری رووداو خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا، ئەو بە لێهاتوویییەکەی توانی خەڵاتی " ڤیدیۆی رۆژ" (Video of the Day) لە پلاتفۆرمی ناسراوی Motion Design Awardsبەدەستبێنێت . خەڵاتەکەی دیدار بۆ پرۆمۆیەکی سەرەتای بەرنامەی پلان Aـی رووداو بوو، بەرنامەکە مانگی رەمەزانی رابردوو پەخشکرا، پێشکێشکارەکەی چاوان فەرەیدوون بوو. تیمی کریێتیڤی رووداو کۆمەڵێک گەنجی بەتوانا و داهێنەرن، ئەرکی گرافیک و دیزاینەکانی رووداویان لە ئەستۆ گرتووە، خەڵاتەکەی دیدار دەچێتە پاڵ چەندین خەڵاتی دیکەی تیمەکە لەماوەی رابردوودا . دیدار دڵشاد ئەندامی تیمی کریێتیڤ و گرافیک دیزاینەر بە رووداوی راگەیاند:" 8 دادوەر لە چەند وڵاتێکی جیاوازی وەکو بەریتانیا و ئەمریکا و کەنەدا دەنگیان بە پڕۆژەکەدا، 100 پڕۆژە لە وڵاتان بەشداربوون، بەڵام توانیم خەڵاتەکە ببەمەوە لەنێو هەموواندا . Motion Design Awards پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتییە، نووسینگەی سەرەکی لە هۆڵەندایە.