رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەهۆی درێژەکێشانی شەڕی ئێران بێزار بووە و متمانەی بە دیپلۆماسی نەماوە.
تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ترەمپ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران هیچ ئەنجامێکی نابێت. ئەو بەرپرسە باسی لەوە کردووە کە ترەمپ ئێستا دۆخێکدایە پێی وایە تەنیا شتێک ئێرانییەکان لێی تێبگەن، زمانی هێزە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە رۆژنامە ئەمریکیەکەیان راگەیاندووە، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی کۆشکی سپی بە زمانێکی تووند هێرشی کردووەتە سەر سەرکردەکانی ئێران و بە "شێت" ناوی بردوون. سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانە لەوەی شەڕێک کە پێی وابوو لە چەند هەفتەیەکدا کۆتایی دێت، ئێستا چووەتە مانگی پێنجەم و هیچ ئاسۆیەکی بۆ کۆتاییهاتن دیار نییە.
مەترسی لەسەر هەڵبژاردن و نرخی سووتەمەنی
راوێژکارانی ترەمپ نیگەرانن لەوەی ئەم شەڕە کاریگەریی خراپی لەسەر هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس هەبێ، چونکە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، دابەزینی پێگەی جەماوەریی ترەمپ.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی تووڕەیی ترەمپ، بوونی زانیاریی هەواڵگرییە لەبارەی پلانی ئێران بۆ تیرۆرکردنی خۆی و راوێژکارە باڵاکانی. لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی ناتۆ لە تورکیا، ترەمپ ئاگادار کراوەتەوە کە پلانێکی ئێرانی بۆ کوشتنی هەیە.
گەڕانەوە بۆ بژارەی سەربازی
مایکڵ مەکۆڵ، ئەندامی کۆماری لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان دەڵێ: "پێم وایە سەرۆک پێی وایە دەرفەتی تەواوی بە ئاشتی داوە، بۆیە ئێستا دەگەڕێتەوە سەر پلانی (A) کە ئەویش ئۆپەراسیۆنی سەربازییە."
ئێستا ئەمریکا هێز، تیمە پزیشکییەکان و چەکی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکات تاوەکو بژارەی سەربازیی بەهێزتر بداتە دەست ترەمپ بۆ هەر پێشهاتێکی نوێ.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-02-2026 دەستیپێکرد و بووەهۆی داخرانی تەنگەی هورمز.
لە مانگی حوزەیراندا، هەردوولا گەیشتنە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ ئاگربەست، بەڵام هێرشە بەردەوامەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان و بنکە سەربازییەکان، ئاگربەستەکەیان هەڵوەشاندەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

