رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی شەپۆلێکى تووندی گەرما و ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە جیاوازەکانى جەزائیر، شەش کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش رەوانەى نەخۆشخانە کران.
دەسەڵاتدارانى جەزائیر رۆژی هەینی، 24ی تەممووزی 2026 رایانگەیاند، تیمەکانى بەرگریى شارستانى توانیویانە 141 ئاگر لە کۆى 159 ئاگرى دارستانەکان کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام هێشتا 18 ئاگر بە چالاکى ماون. ئەم کارەساتە ژینگەییە لە کاتێکدایە، پلەى گەرما لە هەندێ ناوچەی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە 49 پلەى سیلیزی و باى بەهێز بووەتەهۆى خێرا تەشەنەکردنی ئاگرەکان.
ئاگرکەوتنەوەکان 19 پارێزگایان لە باکووری رۆژهەڵات، نێوەڕاست و رۆژئاوای جەزائیر گرتووەتەوە. زۆرینەی زیانەکان لە ناوچە شاخاوییە چڕەکان لە دارستان و ناوچە لادێنشینەکانی هەرێمی قەبایل لە رۆژهەڵاتی جەزائیری پایتەخت چڕبوونەتەوە.
بەپێى راگەیێندراوى وەزارەتى ناوخۆى جەزائیر، تاوەکو ئێستا شەش کەس بەهۆى ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە. لە شارۆچکەى (سەرایدی) لە پارێزگاى عەنابە، تەنیا لە یەک رۆژدا زیاتر لە 100 کەس بەهۆى دووکەڵەوە رەوانەى نەخۆشخانە کران و لانیکەم 150 خانوو سووتاون.
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان، لە 1ی ئایارى 2026ـەوە تیمەکانى فریاگوزاریی وڵاتەکە وەڵامی 3,719 ئاگرکەوتنەوەیان داوەتەوە، کە بەراورد بە ساڵى رابردوو بە رێژەى 148٪ زیادى کردووە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1,666 هێکتار زەویى کشتوکاڵی، دارستان و باخى میوە سووتاون، ئەمەش بە گەورەترین زیانى ژینگەیی وڵاتەکە لە 2021 ەوە دادەنرێ.
سەرەڕای ئەوەى گۆڕانى کەشوهەوا هۆکارى سەرەکیى ئاگرەکانە، بەڵام دادگایەکی پایتەختى جەزائیر رایگەیاند، چوار کەسی بە تۆمەتى "سووتاندنى بەئەنقەستى دارستانەکان" لە پارێزگاى قەستەنتینە دەستگیر کردووە. بەپێى یاساکانى ئەو وڵاتە، سزای ئەم تاوانە دەگاتە 30 ساڵ زیندانیکردن یان زیندانیى هەمیشەیی.
لە لایەکى دیکەوە وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەرەخۆشیى خۆى ئاراستەى حکومەت و گەلى جەزائیر کرد و پشتیوانیى تەواوى بۆ ئەو وڵاتە لەم "کاتە سەختەدا" دەربڕی.
حکومەتى جەزائیر 11 هەزار کارمەندى بەرگریى شارستانى و 500 ئۆتۆمبێلى ئاگرکوژێنەوە و 9 فڕۆکەى سەربازى بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دۆخەکە تەرخان کردووە. ئەم قەیرانە تەنیا جەزائیرى نەگرتووەتەوە، بەڵکو وڵاتانى دراوسێى وەک توونس و مەغریبیش بەهۆى شەپۆلى گەرماوە رووبەڕووى ئاگرکەوتنەوە و بڕانى کارەبا بوونەتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

