رووداو دیجیتاڵ
دیجیتاڵ میدیای رووداو ریکۆردی پڕبینەرترین ڤیدیۆی فەیسبووک لەسەر ئاستی جیهان دەشكێنێت و پێش بۆڵیوود دەکەوێ و دەبێتە هەشتەم پڕبینەرترین ڤیدیۆ لە مێژووی فەیسبووکدا. هاوکات، خەڵکی لە سەرتاسەری جیهان بۆ پشتڕاستکردنەوە و زانینی هەواڵی دروست تەماشای رووداو دەکەن.
دیجیتاڵ میدیای رووداو راستی و دروستیی ڤیدیۆیەکی ئاشکرا کرد کە بە ژیریی دەستکرد دروستکرابوو و لە کەمتر لە 24 کاژێردا زیاتر لە 265 ملیۆن بینەری هەبووە و تادێت خەڵکی زیاتر تەماشای دەکەن. جگە لەوە، زیاتر لە 9 ملیۆن کەس ڤیدیۆکەیان بەدڵ بووە، واتە لایکیان کردووە و بووەتە شوێنی مشتومڕێکی گەرم (نزیکەی 100 هەزار کۆمێنتی لەسەر نووسراوە).
ریکۆردی جیهانی
ئەم ڤیدیۆیەی رووداو ریکۆردی جیهانی شکاندووە، لە رووی ژمارەی بینەر، لایک و ئینگەیجمێنت نەک تەنیا لەسەر ئاستی میدیای کوردستانی، بەڵکو لەسەر ئاستی هەرچی میدیا و و دیجیتاڵ میدیا هەیە لەسەر ئاستی جیهان.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو لە مێتا و سەرچاوە متمانەپێکراوەکان، ئەم ڤیدیۆیەی رووداو پڕبینەرترین ڤیدیۆی بینراوی فەیسبووکە لە 2026دا. هاوکات لە تەواوی ئەو ڤیدیۆیانەی لە کاتی دامەزراندنی فەیسبووکەوە لە پلاتفۆرمەکە بڵاوکراونەتەوە، لە ریزبەندیی 10 یەکەمی جیهاندایە.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، ئەمانەی خوارەوە لیستی 5 پڕبینەرترین ڤیدیۆی جیهانن بۆ ساڵی 2026 کە هەمووان لەدوای رووداوەوەن:
1. دیمەنی فیلمی Godzilla vs. Kong لە هەژماری بۆڵیوود؛ 199 ملیۆن بینەر.
2. پڕۆسەی وێنەکێشان/هونەریی سەرنجڕاکێش لە هەژماری ڤایراڵ ئارت؛ 180 ملیۆن بینەر.
3. دیمەنی رزگارکردنی گیانەوەران لە هەژماری Animal؛ 170 ملیۆن بینەر.
4. قاڵبە پەنیری زەبەلاح / ئامادەکردنی خواردن لە هەژماری Food Creator؛ 160 ملیۆن بینەر.
5. کۆمەڵێک بەسەرهاتی کۆمیدی لە هەژماری Entertainment؛ 150 ملیۆن بینەر.
هاوکات، لەسەر ئاستی هەموو ڤیدیۆکانی فەیسبووک، واتە لەو کاتەوەی فەیسبووک لە ساڵی 2004ـەوە دامەزراوە، ئەم ڤیدیۆیەی رووداو لە ریزبەندیی 10 یەکەمەکانی جیهان پلەی 7ـەم دایە و کێبڕکێ بۆ پلەی 6ـەم دەکات.
کاتێک ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێتەوە و دەچێتە بەر دیدی ملیۆنان بینەر، کەم کەس هەن لە راستی و دروستیی ڤیدیۆکە بکۆڵنەوە. ئەوەی زۆرجار بە لای میدیاکانەوە گرنگە، تەنیا زیادکردنی ژمارەی بینەرە، بێ گوێدانە ئەوەی ئایا ڤیدیۆکە دروستکراوە، دەستکاری کراوە، یانیش کۆنە. ئەم پرسە لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا زیاتر زەقبووەتەوە.
لێرەوە تۆڕی میدیایی رووداو لە میدیاکانی دیکە جیادەکرێتەوە. رووداو بەدوای راستییەکەدا دەچێت و دیوی شاراوەی پشت ڤیدیۆ ترێندەکان دەدۆزێتەوە و پێشانی بینەرانی دەدات.
فاکت چێک؛ ڤیدیۆکە چی بوو؟
ئەم ڤیدیۆیەی لە خوارەوە دەیبینن، رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026 لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە بڵاوکرایەوە. فاکت چێک واتە راستی و دروستی بۆ ڤیدیۆیەک دەکات کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێوەیەکی بەربڵاو سۆشیاڵ میدیای جیهانی تەنیوە. ڤیدیۆکە دوو بارهەڵگر پێشان دەدات، وا دەردەکەوێ، یەکێکیان تایەی دەتەقێت و خەریکە وەردەگەڕێ. شۆفێری بارهەڵگرێکی دیکە کاتێک ئەم دۆخە دەبینێت، بارهەڵگرەکەی دەخاتە پاڵی و ناهێڵێت وەربگەڕێ. ئەمە وەک مرۆڤدۆستی، جوامێری و قارەمانێتیی شۆفێری بارهەڵگری دووەم پەسن درا.
ئایا لەسەر بنەمای راستی بوو؟ چیرۆکی ڤیدیۆکە، بەڵێ لە راستی وەرگیراوە، بەڵام ئایا دەستکاری کرابوو؟ بەڵێ دەستکاری کرابوو.
سەرەتا با لە ڤیدیۆ ئۆرجیناڵەکە دەستپێبکەین. ڤیدیۆی یەکەم لەنێو ئۆتۆمبێلێکەوە تۆمار کراوە و داشبۆردی ئۆتۆمبێلەکە دەردەکەوێ. ئۆتۆمبێلەکان بەشێوەیەکی ئاسایی لە رێگە دەڕۆن و هەموو شتێک ئاساییە. هەر لێرەدا دوو بارهەڵگر لە رێگەیەکی گشتیی میسر دەردەکەون. یەکێکیان (لای چەپ) تایەی دەتەقێت و پارچەی تایەکەی بە روونی دیارە دەکەوێتە سەر شەقامەکە. دواتر تۆزێک لار دەبێتەوە و خەریکی وەربگەڕێ. بارهەڵگرێکی دیکە فریای دەکەوێ و وەکو ئەوەی شان بداتە بەر شانی ناهێڵێت وەربگەڕێ، چوارییەکەی پێدەکات و لەگەڵی دەڕوات تاوەکو دەیگەیێنێتە لێواری رێگەکە.
لێرەدا ئۆتۆمبێلەکان شێوە و قەبارەی جێگیری خۆیان لە تەواوی کورتەڤیدیۆکەدا دەپارێزن. ئۆتۆمبێلەکان، بارهەڵگرەکە، کۆنتێنەرەکە، سایدەکانی رێگاکە و ستوونی رووناکییەکان بە شێوەیەکی دیار ناگۆڕێن بۆ تەن و شتی دیکە. جووڵەکان پەیڕەوی فیزیایەکی بڕواپێکراوی سەر شەقام دەکەن: ئۆتۆمبێلەکان لە سایدەکانی خۆیان دەمێننەوە، رەهەندی بینین بە سرووشتی دەگۆڕێ و جووڵەی کامێراکە لەو دیمەنانە دەچێت کە لە ناوەوەی ئۆتۆمبێلێکی دیکەوە تۆمار کرابێت.
چادری بارهەڵگرەکە، تایەکان، بارهەڵگرەکە و هاتووچۆی دەورووبەری لە رووی پێکهاتەوە بە جێگیری دەمێننەوە کاتێک کامێراکە بە تەنیشتیاندا تێدەپەڕێت.
هیچ نیشانەیەکی روونی ژیری دەستکرد (AI) بەدی ناکرێ، وەک دەرکەوتن و ونبوونی لەناکاوی تەنەکان، گۆڕانی گەورە لە شێوەی ئەندازەیی، دیزاینی نادروستی ئۆتۆمبێلەکان، یان دیارنەمانی لەپڕی باکگراوند لە نێوان دیمەنەکاندا.
هەندێک بەش بە شێوەیەکی نائاسایی ناڕوون یان لێڵ دەردەکەون، بەڵام ئەمە لەگەڵ پۆستکردنی لە فەیسبووک و لێڵبوونی جووڵە یان بەرزکردنەوەی کواڵیتی ڤیدیۆکە دەگونجێت، نەک ئەوەی بەهۆی ژیری دەستکردەوە دروست کرابێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، رووداو بەدواداچوونی بۆ کردووە و دەرکەوتووە کە تەنانەت ڤیدیۆ ئۆرجیناڵەکەش دەستکاری کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڤیدیۆی دووەم کۆمەڵێک نیشانەی روون بەدەستەوە دەدەن و دەریدەخەن کە دیمەنەکان بە ژیریی دەستکرد دەستکاری کراون و بە نووسینی تێکەڵوپێکەڵ: نووسینی پشت بارهەڵگرەکە ناخوێندرێتەوە و شێوەکەی دەگۆڕێ لەجیاتی ئەوەی پیتەکانی بە شێوەیەکی جێگیر دەربکەون. لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا، لۆگۆی کۆمپانیای CAT لەسەر پشتی بارهەڵگری لای راست دەردەکەوێ. دواتر لە پڕێکدا دەگۆڕێ و دوای ئەوە لۆگۆی کۆمپانیای ONE دێتە سەری. ئەمە یەکێکە لە روونترین نیشانەکانی ژیریی دەستکرد.
تەنی زیادکراو: لەدوای ئەوەی تایەی بارهەڵگری یەکەم دەتەقێت، پێچەوانەوەی ڤیدیۆ ئۆریجیناڵەکە کە تەنیا پارچەی پەڕیوی تایەکە پێشان دەدات، دوو تایەی دروست لەسەر رێگەکە دەردەکەون، ئەوەش نیشانەیەکی دیکەی روونی تایبەتمەندیی ژیریی دەستکردە.
تابلۆی ژمارەی ساختە: تابلۆکە پیت و ژمارەی جێگیر و ناسراوەی تێدا نییە و بە شێوێندراوی دەردەکەوێت.
وردەکارییە ناڕێکەکان: نیشانە بچووکەکان، نەخشەکان، و وردەکارییە وردەکان بە شێوەیەکی کەم لە نێوان دیمەنەکاندا دەگۆڕێن (دەجووڵێن) لەجیاتی ئەوەی بە جێگیری بمێننەوە.
لەرەلەری رووەکان: رووی تەنەکان وەک لاشەی بارهەڵگرەکە و شەقامەکە، جۆرێک لە ناجێگیری کاتییان تێدایە کە ئەمە تایبەتمەندییەکی باوی ڤیدیۆکانی ژیری دەستکردە (AI).
گونجانی گشتی لەگەڵ وردەکاری ناتەواو: هەرچەندە دیمەن و جووڵەکە بە راستی دەردەکەون، بەڵام مۆدێلەکە ناتوانێت نووسینە جێگیرەکان و وردەکارییە بینراوە وردەکان وەک خۆی دروست بکاتەوە. ئەمە کێشەیەکی باوی بەرهەمهێنەرە ڤیدیۆییەکانی ژیری دەستکردی ئێستایە.

.jpg&w=3840&q=75)

