رووداو دیجیتاڵ پۆلیس و وەزیرێکی فەرەنسا رایانگەیاند، پۆلیسێک کە لە دەرەوەی ئەرک بووە، پیاوێکی دەستگیرکردووە دوای ئەوەی بە دوو چەقۆی چێشتخانە هێرشی کردووەتە سەر سێ ژن لە پاریس و برینداری کردوون. لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا و پۆلیسی پاریس رایانگەیاند، رووداوەکە کاژێر 11:30ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 27-07-2026 لە ناوچەی (پۆرت دی کلیشی) لە باکووری پاریس روویداوە و بەهۆیەوە سێ ژنی تەمەن 19، 24 و 36 ساڵ رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ناسنامەی گومانلێکراوەکە و هۆکاری هێرشەکەی تاوەکو ئێستا روون نین. نونێز گوتی، دوو لە ژنەکان بەسەختی بریندارن و تەندروستییان ناجێگیرە، کە یەکێکیان بەر بەشی خوارەوەی پشتی کەوتووە و ئەوی دیکەشیان بەر سکی. هاوکات جێفری بولار، سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی 17 کە رووداوەکەی تێدا روویداوە، لە ئێکس بڵاویکردەوە، کە یەکێک لەو سێ ژنە دووگیانە. وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، گومانلێکراوەکە لەلایەن "پۆلیسێکەوە کە لە دەرەوەی ئەرک بووە" دەستبەسەر کراوە. خەیرە دێلابێد (54 ساڵ)، کە لە کاتی رووداوەکەدا لە چێشتخانەیەک خەریکی قاپ شوشتن بووە گوتی: "پیاوێکمان بینی بە دوو چەقۆوە تێپەڕی و سێ کەسی بریندار کرد، دواتر گەنجێک بە جانتایەکی بچووک کێشای بە پیاوەکەدا و خستییە سەر زەوی، پاشان گارسۆنی چێشتخانەیەکی نزیکیش کورسییەکی پێدا کێشا." نونێز باسی لەوەش کرد، گومانلێکراوەکە "قسەی تێکەڵ و پێکەڵ"ـی کردووە، بەڵام هۆشداریی دا لەوەی نابێت پێشوەختە بڕیار لەسەر پاڵنەری هێرشەکە بدرێت. ئەم هێرشەی پاریس لە کاتێکدایە، رۆژی شەممەی رابردوو لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، کەسێک بە ڤانێکی بچووک خۆی بەنێو رێپێوانێکی (هاوڕەگەزخوازەکاندا)ـدا کێشا و بەهۆیەوە ژنێک کوژرا و 29 کەسی دیکەش بریندار بوون.
جیهان27-07-2026پووتین یاسایەک بۆ تووندکردنەوەی رێکاری مانەوەی کرێکارە بیانییەکان لە رووسیا واژۆ دەکات