رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا پێیان وایە سزاکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر ئێران، لە هێرشە ئاسمانییەکان کاریگەرترن و ئابووریی ئەو وڵاتەیان بەرەو داڕمان بردووە. بە گوتەی بەرپرسان، تاران ئێستا زیاتر لەوەی لە وەزارەتی جەنگ بترسێت، لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەترسێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، زانیارییە هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن کە ئێران تووشی قەیرانێکی قووڵی ئابووری بووە، بە جۆرێک، وڵاتەکە بەدەست کەمیی بەنزینەوە دەناڵێنێت و تەنانەت ناتوانێت مووچەی سەربازەکانیشی بدات. بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ دەڵێ: "ئێرانییەکان دەیانەوێت بۆردوومانەکە بوەستێت و پارەیان دەوێت."
هەوڵە دیپلۆماسییەکان و تەنگەی هورمز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای 13 شەوی لەسەریەک لە هێرشی ئاسمانی، بۆ ماوەی چەند رۆژێک بۆردوومانەکەی راگرت تاوەکو دەرفەت بە دیپلۆماسی بدات. ئێستا وڵاتانی عومان، قەتەر و پاکستان نێوەندگیری دەکەن بۆ گۆڕینی ئەم بێدەنگییە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی.
تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان پێشنیازێکە بۆ ئەوەی ئێران و عومان پێکەوە سەرپەرشتیی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بکەن، هاوشێوەی ئەو شێوازەی لە نێوان مالیزیا، سەنگاپوور و ئیندۆنیزیادا هەیە. تاران داوای گەرەنتی دەکات کە هێرشی نەکرێتەوە سەر و پارە سڕکراوەکەی بۆ ئازاد بکرێت، بەڵام ترەمپ داوا دەکات ئێران دەستبەرداری پاشماوەی ماددە ئەتۆمییەکانی ببێت.
کۆگاکانی چەک و گوشاری هەڵبژاردن
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، بڕیارەکەی ترەمپ بۆ راگرتنی بۆردوومانەکان بە شێوەیەکی کاتی، دوای ئاگادارکردنەوەیەکی جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی سوپاسالارە هاوبەشەکان هاتووە. کەین هۆشداریداوە لەوەی مووشەکی بەرگریی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە.
لەلایەکی دیکەوە، درێژەکێشانی شەڕ و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، کۆمارییەکانی نیگەران کردووە کە کاریگەریی خراپی لەسەر هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس هەبێت. بەڵام ترەمپ رۆژی دووشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "من ئارامگرییەکی زۆرم هەیە."
سزاکان
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئێرانییەکان لە دانوستاندندا لەگەڵ جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردەکانی ترەمپ، زۆر بە پەرۆشن بۆ دەستکەوتنی پارەی کاش. تاوەکو ئێستا ئیدارەی ترەمپ سزای بەسەر زیاتر لە هەزار کەس، کەشتی و فڕۆکەدا سەپاندووە. ئامانج لەو سزایانە تێکدانی سیستمی بانکیی سێبەر و بازرگانیی نەوتی ئێرانە.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-02-2026 دەستیپێکرد و ناوچەکەی خستووەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە. تاران لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 23 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی هەبووە، بەڵام سزاکانی ئەمریکا گەیشتنی ئەو پارەیەیان بە ناوخۆی وڵاتەکە زۆر سەخت کردووە. ئەم پێشهاتە نوێیانە نیشانی دەدەن کە واشنتن دەیەوێت لە رێگەی "جەنگی ئابوورییەوە" تاران ناچار بە قبووڵکردنی مەرجەکانی بکات، لە کاتێکدا هەڕەشەی سەربازیی وەک بژارەیەکی کراوە هێشتووەتەوە.



