رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆببنەوە. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە ترەمپ بە ئاشکرا بێزاریی خۆی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەربڕیوە و دەڵێ "وێنە گەورەکە نابینێت"، هاوکات پرسی فرۆشتنی فڕۆکە بە تورکیا بووەتە خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکانیان.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شەوی رابردوو گەیشتە واشنتن و لە بلێر هاوس، شوێنی مانەوەی میوانانی سەرۆک، لە نزیک کۆشکی سپی مایەوە. هاوکات لەبەردەم شوێنی مانەوەکەی، خۆپێشاندەران دژی شەڕی غەززە و ئێران گردبوونەتەوە و ناڕەزایەتی بەرامبەر سەردانەکەی دەردەبڕن.
کۆبوونەوەیەکی نهێنی و بێزارییەکانی ترەمپ
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکەی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوو بە نهێنی بکرێت. جێگەی سەرنجە، ئیسرائیل تەنیا وڵات بوو لە هێرشکردنە سەر ئێران هاوکاریی ئەمریکای کرد، بەڵام لە کاتی گفتوگۆکانی ئاشتیدا لەگەڵ تاران، واشنتن نەتەنیاهووی فەرامۆش کرد و بەشداریی پێنەکرد.
لە ناوخۆی ئیسرائیل و واشنتنیش، زۆر کەس دژی هەر رێککەوتنێکن لەگەڵ ئێران و داوای دەسپێکردنەوەی شەڕ دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ چەندین جار رەخنەی لە نەتەنیاهوو گرتووە و پێی وایە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئاستی پێویستدا لە دۆخەکە تێناگات.
کێشەی فڕۆکەکانی تورکیا
یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەردوولا، فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگییە لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا. نەتەنیاهوو بە تووندی دژی ئەم هەنگاوەیە، بەڵام ترەمپ لە چەند کاژێری رابردوودا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە فڕۆکە بە هەر لایەنێک دەفرۆشین کە بمانەوێت."
تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆ
•بەردەوامبوونی شەڕی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران
•پێشکێشکردنی زانیاریی هەواڵگری لەسەر هەوڵەکانی ئێران بۆ نوێکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی.
•دۆخی تەنگەی هورمز، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و مەترسییەکانی سعودیە لەهەبوونی بەرنامەی ئەتۆمی
بابەتەکانی دیکە:
•غەزە (بارودۆخی دوای شەڕ، وەستاندنی شەڕ و گەڕانەوەی بارمتەکان).
•لوبنان و سوریا (دۆخی ئەمنی، هێزەکانی حزبوڵڵا و پەیوەندییەکانی ناوچەکە).
•فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئەبراهام و ئاشتی لە ناوچەکەدا.
•پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و هاوکاریی سەربازی
ئەم سەردانە هەشتەمین سەردانی فەرمییەی نەتەنیاهوویە بۆ واشنتن لە ماوەی خولی دوومی سەرۆکایەتیی ترەمپ لە کانوونی دووەمی 2025ەوە. دوایین کۆبوونەوەیان لە 11ی شوباتی 2026 بووە. نەتەنیاهوو رۆژی دووشەممە 27ی تەمموزی 2026، لە بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی بە فڕۆکەی تایبەتی سەرۆک وەزیران (Wing of Zion) بەڕێکەوت، بێ ئامادەبوونی رۆژنامەڤانان لەبەر هۆکاری ئەمنی.



