رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە جیاوازییەکی زۆر کەم، هەوڵێکی شکست پێهێنا کە مەبەست لێی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران.
لە دەنگدانێکدا کە تێیدا 49 ئەندام دەنگیان بە "بەڵێ" و 50 ئەندام دەنگیان بە "نەخێر" دا، ئەنجوومەنی پیران پرۆژەیاسایەکەی رەتکردەوە کە لە لایەن دیموکراتەکانەوە پێشکێش کرابوو.
ئەم پرۆژەیاسایە داوای دەکرد هێزەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژی ئێران بکشێنرێنەوە کە لە لایەن کۆنگرێسەوە مۆڵەتی پێ نەدراوە، مەگەر ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا بەفەرمی و بە ئاشکرا جاڕی شەڕ بدات.
بەڵام لەبەرئەوەی پرۆژەیاساکە نەیتوانی زۆرینەی سادە (واتە دەنگی 51 ئەندام) بەدەستبهێنێت، پرۆژەکە لەنێو لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیراندا سڕکرا و لە ئەنجامیشدا، دەسەڵاتە سەربازییەکانی ترەمپ وەک خۆیان مانەوە.
بەشێکی دیموکراتەکان پێیانوایە جەنگی دژی ئێران نایاساییە، چونکە بێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس هەڵگیرسێنراوە؛ هەروەها رەخنە لە شەڕەکە دەگرن بە تایبەتی کە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی بەرزبوونەوەی سووتەمەنی لە ئەمریکا.
ئەم دەنگدانە جۆرێک لە جیاوازیی بۆچوونی لەنێو هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات دەرخست. سێ سیناتۆری کۆمارییەکان سوزان کۆلینز، لیزا مورکۆوسکی و راند پۆڵ پێچەوانەی پارتەکەیان دەنگیان بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ترەمپ دا، لە بەرامبەریشدا سیناتۆر جۆن فێتەرمان لە پارتی دیموکرات چووە پاڵ زۆرینەی کۆمارییەکان و دەنگی دژی پرۆژەکە دا. سیناتۆر میتچ مەککۆنێڵ کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی کۆمارییەکان، بەشداریی لە دەنگدانەکەدا نەکرد.


