رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسێکی دەریایی بەریتانی رایگەیاند کە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی عومان بە "تەنێکی نەناسراو" پێکراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە ململانێی ئەمریکا و ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز بەردەوامە.
رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026، ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکە راپۆرتی رەوانە کردووە کە "بە تەنێکی نەناسراو پێکراوە و بەو هۆیەوە ژووری بزوێنەرەکەی زیانی پێگەیشتووە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئاژانسەکە، هێرشەکە هیچ بریندارێکی لێنەکەوتووەتەوە و رووداوەکە لە دووریی 12.5 میل (20.1 کیلۆمەتر) لە کەناراوەکانی ناوچەی (لیما) لە عومان روویداوە.
ئێران لە دوای دەسپێکی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە، بە کردەیی کۆنترۆڵی هاتوچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز کردووە و داوا لە کەشتییەکان دەکات مۆڵەت وەربگرن و باجی تێپەڕبوون بدەن.
سوپای پاسدارانی ئێران تاوەکو ئێستا هێرشی کردووەتە سەر چەندین کەشتی و رایگرتوون، لەو چەند رۆژەی رابردووشدا جەختی کردووەتەوە کە ئێران "کۆنترۆڵی تەواوی" ئەو رێڕەوە ئاوییەی لەدەستدایە.
کۆمپانیای (کیپلەر) بۆ چاودێریکردنی بازرگانیی دەریایی رۆژی هەینی رایگەیاند کە هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز "بە شێوەیەکی بەرچاو" کەمی کردووە. کۆمپانیاکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "لەبەرئەوەی هەڵوێستەکانی ئەمریکا و ئێران هێشتا دژی یەکترن، کۆمپانیاکان بە وردی چاودێریی قەبارەی هاتوچۆ و هەر پێشهاتێکی دیپلۆماسی دەکەن کە رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا مەترسییەکان لەسەر رێڕەوە دەریاییەکان بگۆڕێت."



