رووداو دیجیتاڵ چەندین سەرچاوەی ئاگادار بە تۆڕی هەواڵی (سی بی ئێس)ـی ئەمریکییان راگەیاندووە، واشنتن و تەلئەڤیڤ سەرقاڵی داڕشتنی یەکێک لە تووندترین هەڵمەتەکانی بۆردوومانکردنی ژێرخانی وزەی ئێرانن. پێشبینی دەکرێت هێرشەکان بەر لە کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان دەستپێبکەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، گفتوگۆ هەیە تاوەکو ئەم ئۆپەراسیۆنە پێش کردنەوەی بازاڕە داراییەکانی جیهان لە رۆژی دووشەممە کۆتایی پێ بهێنرێت. ئەمەش لەبەر نیگەرانییەکانی کاریگەریی بۆردوومانەکان دەبێت لەسەر ئابووریی ئەمریکا و جیهان، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتی کۆتاییهاتنی هێرشەکان بە تەواوی دیارینەکراوە. سەرچاوە ئەمریکییەکان جەخت دەکەنەوە ئیسرائیلییەکان ئاگادارکراونەتەوە و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کۆتایی "دەستپێکردن"ـی بۆ هێرشەکان دەرنەکردووە. ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە بە مانای گەڕانەوەی ئیسرائیل دەبێت بۆ ناو چالاکییە سەربازییەکان کە لە کاتی ئاگربەستە کاتییەکەی مانگی نیساندا راگیرابوون. هەڵوێستی ترەمپ و ئامانجەکان ئەم پلانە سەربازییە لە کاتی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی ترەمپ لە ناوچەی کەمپ دەیڤد لە رۆژی هەینی تاوتوێ کراوە. سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە راوێژکارە سیاسییەکانی کۆشکی سپی دژی هێرشەکان وەستاونەتەوە، بەڵام ترەمپ لە بەردەم رۆژنامەڤاناندا گوتوویەتی: "زۆر بە توندی لێیان دەدەین. لە ساتێکدا ئەوان دەگەنە ئەو بڕوایەی کە بڵێن چیدی بەرگە ناگرین." کاتێکیش پرسیار لە ترەمپ کرا ئایا بوارێک بۆ دیپلۆماسی ماوەتەوە؟ لە وەڵامدا گوتوویەتی: "تەنیا دەمانەوێت سەربکەوین." سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگەکان ئامانجی سەرەکیی بۆردوومانەکان دەبن. کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەی خستەڕوو: "وەک سەرۆک ترەمپ گوتی، ئەمریکا سەردەکەوێت و لە سەردەمی ئەودا ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." هاوکات شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پنتاگۆن، رەتیکردەوە وردەکاریی ئامانجەکان ئاشکرا بکات، بەڵام گوتی: "وەزارەتی جەنگ لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆک لە هەر چرکەیەکدا بێت." زەنگی مەترسی لە ناوچەکە و باڵیۆزخانەکان رۆژی شەممە، بەشێک لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانەش عەممان، قودس و بەغدا، هۆشداریی ئەمنییان بۆ هاووڵاتییانیان بڵاوکردەوە و داوایان لێ کردن لەوپەڕی چاوکراوەییدا بن و خۆیان بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی ئاسمانی وڵاتان ئامادە بکەن. بەرپرسێکی پێشووی سەربازیی ئەمریکا بە (سی بی ئێس)ی راگەیاندووە لێدانی ژێرخانی وزە، توانای سەربازیی ئێران بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و حکومڕانیی کاریگەر تێکدەشکێنێت. هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد گفتوگۆی ئاستبەرز کراوە بۆ بڕینی کارەبا لە سەرتاسەری تاران، بەڵام تاوەکو دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە نەدراوە. بژاردەکانی نەتەنیاهوو بۆ ترەمپ بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی رایانگەیاند، لە کاتی دیداری ئەم هەفتەیەی نێوان ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سێ بژاردەی بۆ جەنگەکە خستووەتە بەردەم سەرۆکی ئەمریکا. یەکێکیان هێرشکردنە سەر رێگەکانی گواستنەوەی کەرەستە سەربازییەکان بووە. نەتەنیاهوو لەم سەردانەدا لەگەڵ پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکاش کۆبووەتەوە. ئەم هەڵمەتە نوێیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو ترەمپ لە (ترووس سۆشیال) هەڕەشەی کردبوو کە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، وێستگەیەکی کارەبا یان پردێکی ئێران وێران دەکەن. واشنتن پێشتریش چەندین پردی لەو وڵاتە بۆردوومان کردووە کە بۆ مەبەستی سەربازی و سڤیل بەکارهاتوون. ئێران بۆ وڵاتانی کەنداو: هەر هەڕەشەیەک لە خاکی ئێوەوە، وەکو سەرچاوەی هەڕەشە دەبینرێت لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکی فەرمی و سێ لاپەڕەییدا، هەڵوێستی تووندی وڵاتەکەی بەرامبەر پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئەمدواییە و "پەیمانشکێنییەکانی واشنتن" راگەیاند. وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، هێزە چەکدارەکانیان بە تەواوی توانایانەوە بەرگری لە خاکی ئێران دەکەن و چیدیکە بوار بۆ دەستدرێژی ناهێڵنەوە. پێشێلکردنی رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد لە راگەیێندراوەکەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بڵاوکرایەوە هاتووە، لە کاتێکدا کە ئێران و ئەمریکا لە 18ی حوزەیرانی 2026دا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئابادیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کردبوو، بەڵام لایەنی ئەمریکایی بەردەوام بووە لە پێشێلکردنی بەندەکانی. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، خولی نوێی "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا" لە ئێوارەی 17ی تەمووزەوە دەستیپێکرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ رێوڕەسمــی بەخاکسپاردنی تەرمی "رێبەری شەهید" (ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی). تاران تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ واشنتن کە بە پاساوی "کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەر" و "رووداوی دەستکرد بۆ سێ کەشتی"، هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئێران. لە راگەیێندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەمە "درێژەپێدەری دوژمنایەتییەکی 75 ساڵەیە کە لە ساڵانی 1950ـەکان و کودەتای 1953ـەوە دژی گەلی ئێران دەستیپێکردووە." مادەی 5 و ئاسایشی تەنگەی هورمز یەکێک لە خاڵە هەستیارەکانی ناو راگەیێندراوەکە، پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمزـەوە هەیە. وەزارەتی دەرەوە ئاشکرای کردووە کە بەپێی مادەی 5 لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئاشتی، بەڕێوەبردنی داهاتووی تەنگەکە خراوەتە ئەستۆی ئێران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ عومان و وڵاتانی ناوچەکە. بەڵام ئێران دەڵێ: ئەمریکا دەیەوێ ئەم رێککەوتنە پەکبخات و رێڕۆی هاتووچۆی کەشتییەکان بۆ جێگیرکردنی هێزی سەربازی بەکار بهێنێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا چەندینجار کەشتیی بازرگانیی بۆ گواستنەوەی چەک و کەلوپەلی سەربازی بەکارهێناوە تاوەکو لە چاوی هێزی ئاسمانی و دەریاییی ئێران بەدوور بن. پەیام بۆ وڵاتانی دراوسێ وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە، ئێران بە پشتبەستن بە مادەی 51ی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی رەوای خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات. "هێرشە ئەمریکا-ئیسرائیل لە 15 مانگی رابردوودا، ئاسایش و ئاشتیی جیهانییان خستووەتە مەترسییەوە." تاران پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ لە کەنداو کرد و رایگەیاند، هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵیاندا نییە و داوای رێزی دوولایەنە دەکات، بەڵام هۆشداریی دا کە نابێت خاک و توانایان بخەنە خزمەت "دەستدرێژکارە ئەمریکایی-زایۆنییەکان" بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و گوتیشی، هەر هێرشێک لە خاکی هەر وڵاتێکەوە بکرێت، وەک سەرچاوەی هەڕەشە دەبینرێت. دانوستاندن بە واتای تەسلیمبوون نایە لە راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر بەردەوامیی "بەرگریی پڕ حەماسەتی ئێرانییەکان" کردەوە لە ژێر سێبەری "رێنوێنییە ژیرانەکانی" ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران و ئاماژە بەوەش کراوە، جەنگی 40 رۆژەی ئەمدواییە و خۆڕاگریی خەڵکی ناوچەکانی باشوور، نیشانەی ئەوەیە کە ئێران لە قۆناخــی بەهێزبووندایە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دووپاتی کردەوە کە دانوستاندن بە واتای تەسلیمبوون نییە و ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە "زۆرداری و وەحشیگەری"، رووبەڕووی وەڵامی زۆر سەخت دەبێتەوە. تاران داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە چیدیکە بەرامبەر "ئەم تاوانانە" بێدەنگ نەبن تاوەکو ئاسایشی ناوچەکە بگاتەوە لووتکەی سەقامگیری.
جیهان01-08-2026بەرپرسێکی پێنتاگۆن لەبارەی دەنگۆی نەهێشتنی پاتریۆت لە هەولێر بۆ رووداو: بەردەوام جووڵە بە هێزەکانمان دەکەین