رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا (فرۆنتێکس) بە رووداوی راگەیاند، ئەفسەرانی فرۆنتێکس لە سیوتا جێگیرکراون بۆ هاوکاریکردنی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا.
رۆژی هەینی 31ی تەممووزی 2026، گوتەبێژێکی فرۆنتێکس لە وەڵامی پرسیارێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا ئیسپانیا داوای پشتیوانیی زیاتری لە ئاژانسەکەمان نەکردووە."
گوتەبێژەکە روونیشیکردەوە، فرۆنتێکس "تەنیا لەسەر داوای وڵاتانی ئەندام پشتیوانی پێشکێش دەکات و ئەرک و شوێنی جێگیربوونی ئەفسەرەکانمان بەپێی پلانی ئۆپەراسیۆن و بە رێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نیشتمانی وڵاتەکە دیاری دەکرێ."
گوتەبێژەکەی فرۆنتێکس ئاماژەی بەوە کرد، "لە نزیکەوە و بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکەین.''
بە گوێرەی بەرپرسانی هەرێمی سویتای ئیسپانیا، لە رۆژی پێنجشەممەوە 60 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە چوونە ئەو ناوچەیە. ئەم ژمارەیە یەکسانە بە 70٪ـی کۆی دانیشتووانی ئەو شارە ئیسپانییەی کە دەکەوێتە باکووری ئەفریقا. بەڵام حکومەتی ئیسپانیا دەڵێ، نزیکەی نیوەی ئەو کەسانە بەویستی خۆیان گەڕاونەتەوە.
گەیشتنی لەناکاوی ئەم هەموو کۆچبەرانە بووەهۆی دروستبوونی پشێوی و قەیرانێکی مرۆیی گەورە. ئیسپانیا سوپا و هێزی زیاتری پۆلیسی رەوانەی سیوتا کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، لەکاتێکدا لە دیوی مەغریبیش هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی کۆچبەران بوونەوە. لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە، لانیکەم 57 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی راپۆرتە نێوخۆییەکان، نزیکەی 90٪ـی ئەو کۆچبەرانە خەڵکی مەغریبن، دوای ئەوان جەزائیرییەکان و پاشان خەڵکی وڵاتانی دیکەی خوارووی بیابانی گەورەی ئەفریقا دێن.


