رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا دەڵێ، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەردەوام جێگۆڕکێ بە هێزەکان و کەرەستەکانی ئەمریکا دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی ئەرکە سەربازییەکانیان.
تۆڕی میدیایی رووداو چوار پرسیاری لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کرد. پرسیارەکان ئەمانە بوون. یەکەم: لە بەشێک لە میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە کە دەستتان کردووە بە کشانەوەی هێزەکانتان لە هەولێر. ئەم زانیارییانە چەندە دروستن؟ پرسیاری دووەم: ئایا سیستمی دژە مووشەکی پاتریۆتتان لە هەولێر کشاندوەتەوە؟ پرسیاری سێیەم: ئایا هیچ سیستمێکی دژە مووشەکی لە هەرێمی کوردستان دەمێنێت؟ زانیارییەکانمان دەڵێن کە سیستمی سی رەمتان لە کۆنسووڵخانە هەیە. پرسیاری چوارەم: ئایا هیچ فڕۆکەیەک لە هەولێر هەبوو بۆ ئەوەی لە کاتی هێرشیی مووشەکیی ئێراندا مووشەکەکان بخاتە خوارەوە؟ ئایا ئەم فڕۆکانە ماون یان دەمێنن؟
لەو بارەوە بەرپرسێکی وەزارەتەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، بە هێڤیدار ئەحمەد، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەوەی کە پەیوەندی بە سێ پرسیاری یەکەمەوە هەیە، "فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەردەوام جێگۆڕکێ بە هێز و کەرەستەکانی ئەمریکا دەکات و لە شوێنی دیکە جێگیریان دەکات بۆ پشتگیریکردنی ئەرکە سپێردراوەکان. لەگەڵ ئەوەیشدا، لەبەر هۆکاری ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەکان، ئێمە گفتوگۆ یان باسی ئەم جووڵانە ناکەین."
ئەوەی کە پەیوەندی بە وەڵامی پرسیاری چوارەمەوە هەیە، بەرپرسەکەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەڵێ: "داواتان لێ دەکەین سەیری راگەیێندراوە بڵاوکراوەکانی پێشوومان بکەن. لەم کاتەدا هیچ شتێکی دیکەمان نییە زیادی بکەین".
ئەم وەڵامەی پێنتاگۆن بۆ رووداو لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردەوە، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار رایانگەیاندووە، سوپای ئەمریکا دەستی کردووە بە کشانەوەی هێزەکانی کە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیرکرابوون.
وەک مۆنیتەر دەڵێ، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت کە بۆ تێکشکاندنی مووشەک و درۆن بەکاردەهێندرێن، لە بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا نەهێڵدراون؛ هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە پرۆسەی کشانەوەی سەربازەکان لە هەفتەی رابردووەوە دەستیپێکردووە و هێشتا بەردەوامە؛ هەروەها زۆربەی هێزەکانی ئەمریکا و کەرەستە سەربازییە قورسەکانیان براونەتە دەرەوە.
مۆنیتەر نووسیویەتی، سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە "سەرجەم" پاتریۆتەکان گوێزراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام هەندێک سیستمی بەرگریی دیکە هێشتا لە شوێنی خۆیان ماون.
بەرپرسانی ناوچەکە ئەم کشانەوەیەیان بە "هەنگاوێکی ئاسایی" ناوبردووە و دەڵێن، ئەمە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدایە کە لەگەڵ بەغدا کراوە بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوەکو 30ی ئەیلوولی ئەم ساڵ. بەڵام کشانەوەی ئەم هێزانە، بەتایبەتی سیستمی پاتریۆت، لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
هەرچەندە ئەم سیستمە بەرگرییانە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا جێگیرکرابوون، بەڵام هەرێمی کوردستانیش سوودێکی زۆری لەو چەترە ئەمنییە بینیوە. لەوەتەی جەنگی ئێران لە مانگی شوباتدا دەستیپێکردووە، فڕۆکەخانەی هەولێر بەردەوام رووبەڕووی هێرشی ئێران و گرووپە چەکدارەکان بووەتەوە. سەرچاوەکان بە ئەلمۆنیتەرنیان گوتووە، سیستمە بەرگرییەکانی ئەمریکا توانیویانە لانیکەم 95٪ـی ئەو هێرشانە تێکبشکێنن.




