راپۆرتێک: هێلیکۆپتەرەکەی ترەمپ زۆر لە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر نزیک بووەتەوە تەنیا ئەحمەد رووداو - هەولێر دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن ئایا ئەو هێلیکۆپتەرە سەربازییەی دۆناڵد ترەمپی هەڵگرتبوو، ئەم هەفتەیە لە ئاسمانی واشنتن زۆر لە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر نزیک بووەتەوە یان نا، هاوکات رۆژی چوارشەممە کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە هیچ مەترسییەکدا نەبووە. بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە پشتی بە دوو سەرچاوەی ئاگادار بەستووە، رۆژی سێشەممە 04-08-2026 هێلیکۆپتەری (مارین وەن) لە ئاسمانی پایتەختی ئەمریکا کەمتر لە میلێک لە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگرەوە نزیک بووەتەوە، ئەمەش دوای دروستبوونی کێشە لە پەیوەندییەکان لەگەڵ چاودێرانی هاتووچۆی ئاسمانی. دەستەی نیشتمانیی سەلامەتیی گواستنەوە (NTSB) رایگەیاند: "لێکۆڵینەوە لە رووداوێکی لەدەستدانی مەودای سەلامەتی دەکەین لە نێوان هێلیکۆپتەری مارین وەن و فڕۆکەیەکی بازرگانیدا کە لە فڕۆکەخانەی نیشتمانیی واشنتنەوە فڕیبوو و لە 4ـی ئابدا روویداوە." کوش دێسای، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "گەشتەکانی مارین وەن لەلایەن باشترین فڕۆکەوانەکانی جیهانەوە بەڕێوەدەبرێن و لە هیچ کاتێکدا سەرۆک لە مەترسیدا نەبووە." دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا (FAA) ئاماژەی بەوە کرد: "لە کاتی لەدەستدانی مەودای سەلامەتیدا، چاودێری هاتووچۆی ئاسمانی لەگەڵ هەردوو فڕۆکەوانی فڕۆکە بازرگانییەکە و مارین وەن لە پەیوەندیدا بووە." هەروەها دەڵێ: "سەرۆک هەرگیز لە مەترسیدا نەبووە. ئێمە بەردەوامین لە پێداچوونەوە بە رووداوەکەدا و بەپێی ئەنجامەکانمان رێکاری گونجاو دەگرینەبەر." بەگوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، رێکارەکانی سەلامەتی لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا پێویستیان بە مەودایەک هەیە کە لانی کەم 2.4 کیلۆمەتر بە ئاسۆیی و 152 مەتر بە ستوونی بێت. رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 2:30ـی پاشنیوەڕۆ روویداوە و فڕۆکەیەکی جۆری (ئێمبرییەر ئی-170)ـی سەربە هێڵی ئاسمانیی ئەمریکی کە لەلایەن کۆمپانیای (ئێنڤۆی ئێیەر)ـەوە بەڕێوەدەبرێت لەو کاتەدا فڕیبوو. هێلیکۆپتەرەکە بەرەو بنکەی ئاسمانیی ئەندرووز دەڕۆیشت، لەوێ ترەمپ چووە نێو فڕۆکە سەرۆکایەتییەکەی بۆ ئەوەی گەشتی کالیفۆرنیا بکات. لە کانوونی دووەمی 2025ـەوە، دوای پێکدادانێکی کوشندە لە نێوان فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر و هێلیکۆپتەرێکی جۆری بلاک هۆکی سوپای ئەمریکادا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 67 کەس، دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی رێکارەکانی سەلامەتیی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نیشتمانیی واشنتن زۆر تووندتر کردووە.