رووداو دیجیتاڵ
میدیا ناوخۆییەکانی تایلەند لە زاری بەرپرسانیانەوە بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە رووداوێکی تەقەکردن دا لە قوتابخانەیەکی باکووری بانکۆکی پایتەخت، چوار قوتابی و مامۆستا کوژران و 15ی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 7ی ئابی 2026، کەناڵی تی بی ئێسی تایلەندی کە میدیای فەرمی وڵاتەکەیە بڵاویکردەوە: "تەقەکردنەکە لە ئامادەییەکی قەزای 'بانگ کروای' لە پارێزگای نۆنتابووری روویداوە. ئامارە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو قوتابی کوژراون و لەنێوان 10 بۆ 15 کەس بریندار بوون."
تایلەند یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە بەرزترین رێژەی هەڵگرتنی چەکی تێدایە؛ مەزەندە دەکرێت نزیکەی 10 ملیۆن پارچە چەک لە دەستی خەڵکدا بێت، واتە بۆ هەر حەوت هاووڵاتییەک یەکێکیان چەکی هەیە.
سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ تووندکردنی یاساکانی هەڵگرتنی چەک، بەڵام رووداوەکانی تەقەکردن بەردەوام دووبارە دەبنەوە.
لە مانگی شوباتی رابردوودا، مێرمنداڵێک لە قوتابخانەیەکی باشووری وڵاتەکە تەقەی کرد و بەهۆیەوە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کوژرا و دوو قوتابیش بریندار بوون.
هەروەها لە ساڵی 2022دا، یەکێک لە خوێناویترین کۆمەڵکوژییەکانی وڵاتەکە روویدا کاتێک پۆلیسێکی پێشوو بە چەک و چەقۆوە هێرشی کردە سەر دایەنگەیەک و 36 کەسی کوشت، کە 24یان منداڵ بوون.



