رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسپانیا هۆشداریدایە حکومەتی ئیتاڵیا کە دەبێت لە دوو رۆژی داهاتوودا کۆتایی بەو پشکنینە سنوورییە "ناڕەوایانە" بهێنێت کە بەرامبەر گەشتیارانی ئیسپانی دەیگرێتەبەر، ئەگەرنا مەدرید هەنگاوی هاوشێوە دەنێت.
رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، حکومەتی ئیسپانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئیتاڵیا لە 1ـی ئابی ئەمساڵەوە بەشێوەیەکی تاکلایەنە و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، پشکنینی سنووری بۆ ئەو کەسانە داناوە کە لە ئیسپانیاوە دەچنە ئەو وڵاتە، ئەمەش ئاستەنگی بۆ هەزاران گەشتیار لە وەرزی هاویندا دروستکردووە."
ئیسپانیا ئەو پاساوانەی ئیتاڵیا رەتدەکاتەوە کە گوایە بەهۆی کۆچی نایاساییەوە لە سیوتا ئەو بڕیارەیداوە.
حکومەتی ئیسپانیا دەڵێت، "ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە سیوتا ناتوانن بە ئازادی بچنەنێو ناوچەی (شنگن)، چونکە ئەو شارە رێکارێکی تایبەتی هەیە، جگەلەوەی زۆربەی ئەو کۆچبەرانە گەڕێندراونەتەوە بۆ مەغریب. بۆیە ئیسپانیا بڕیارەکەی رۆمای بە "نادادپەروەر، پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و جیاکاری دژی گەلی ئیسپانیا" ناوبردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ئاماری ئاژانسی پاسەوانی سنووری یەکێتیی ئەورووپا، ئیتاڵیا زۆرترین ژمارەی پەناخوازی تێدایە و لە ساڵی 2022ـەوە پابەندی رێساکانی (دەبلن) نییە، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتەسەر وڵاتانی دیکەی ئەندام.
ئیسپانیا دەڵێت، سەرەڕای ئەوەش، مەدرید هەمیشە هاوسۆزی ئیتاڵیا بووە و لە ساڵی 2023ـدا بەشێک لەو کۆچبەرانەی وەرگرت کە گەیشتبوونە دوورگەی (لامپێدووسا)ی ئەو وڵاتە.
حکومەتی ئیسپانیا مۆڵەتیداوەتە ئیتاڵیا تاوەکو کۆتایی یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، پشکنینەکان رابگرێت و مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ هاووڵاتییانی ئیسپانی بکات. مەدرید هەڕەشەیکردووە ئەگەر ئیتاڵیا لەم بڕیارە پاشەکشەنەکات، ئەوا "ئیسپانیا ناچاردەبێت رێکاری هاوشێوە و گونجاو بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و شکۆی هاووڵاتییانی."
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە لەنێوان دوو وڵاتی سەرەکیی یەکێتیی ئەورووپادا لەکاتێکدایە، پرسی کۆچبەران و ئاسایشی سنوورەکان بووەتە بابەتێکی هەستیار لەنێوخۆی وڵاتانی ئەورووپادا.
رێککەوتننامەی شنگن کە لە ساڵی 1985 واژۆکراوە، رێگە بە گەشتیاران دەدات بێ پشکنینی پاسپۆرت لەنێو وڵاتانی ئەندامدا بگەڕێن، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی قەیرانەکانی کۆچ و ئاسایشەوە، چەندین وڵات بەشێوەیەکی کاتی پشکنینەکانی سنووریان گەڕاندووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی سیاسی لەنێوان پایتەختەکانی ئەورووپادا.



