رووداو دیجیتاڵ
بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران کە تەنگەی هورمز بەڕووی ئابووری دا بکاتەوە، رەنگە دۆناڵد ترەمپ پێویستی بە کارێک بێت کە لە "خەسڵەتی ئەودا نییە، ئەویش سازشکردنە."
هەر سازشێک بۆ سەرۆکە کۆمارییەکە قورس دەبێت، ئەو پێداگری لەسەر ئەوە کردووە هیچ دابەزینی ژمارەکانی راپرسییەکانی، خاوبوونەوەی ئابووری و کەمبوونەوەی کۆگەکانی چەکی سەرەکیی سوپای ئەمریکادا راست نین.
ئێلیۆت کۆهین، کە وەکو راوێژکاری وەزارەتی دەرەوە لە ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوشدا کاری کردووە، دەڵێت: "ئەو جیهان دابەش دەکات بۆ براوە و دۆڕاو، ئەمەش دەیکاتە دۆڕاو، پێموایە دۆڕاو شتێک نییە ترەمپ بەرگەی بگرێت."
خاڵی جێی مشتومڕ کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمز بووە، کە بە شێوەیەکی ئاسایی 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. لەکاتێکدا هەردوولا دەڵێن رێککەوتن نزیکە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ هەر رێککەوتنێکی رەتکردووەتەوە دەسەڵاتی ئێران بەسەر ڕێڕەوی ئاویی کەنداودا بچەسپێنێت، لەوانەش وەرگرتنی باج لەلایەن تارانەوە.
بەڵام ئێران پێداگری لەسەر جۆرێک لە کۆنتڕۆڵ کردووە و دەڵێت تەنگەکە ناگەڕێتەوە قۆناخی پێش جەنگ، بۆ ئەوەی ببێتە ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتیی کراوە.
سەرەڕای هەزاران هێرشی ئەمریکا، ئێران هێشتا توانای ماوە درۆن و مووشەک ئاراستەی کەشتییەکان بکات، ئەمەش وای کردووە جڵەوی گواستنەوەی بازرگانیی بەدەستەوە بێت.
کۆهین دەڵێت:" کشانەوە بۆ ئێران بۆ سەرۆک کارێکی قورس دەبێت، تەنانەت ئەگەر ململانێکان نرخی بەنزین بە بەرزی بهێڵنەوە و کێشە بۆ کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنە نیوە خولییەکانی تشرینی دووەمدا دروست بکەن."
بەڵام دەیڤد شینکەر، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوە لە یەکەم ئیدارەی ترەمپدا، دەڵێت زیادبوونی گوشاری ئابووری رەنگە لە راستیدا ترەمپ هان بدات بۆ سازشکردن لەسەر تەنگەکە، تەنانەت ئەگەر کاریگەریی قووڵی لەسەر بازرگانیی جیهانی هەبێت.
شینکەر، ئێستا ئەندامە لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، دەڵێت: "پڕوپاگەندەی زۆر بۆ هەردوو لا دەکرێت، بەڵام پێشبینی من ئەوەیە سەرۆک ئاماژەی بەوە کردووە چارەسەرکردنی قەیرانەکە بۆ ئەو زۆر بەپەلەیە، ئەمە سازشێکە رەنگە زۆر بە ئاسانی ئامادە بێت بیکات."
ترەمپ دەڵێت کۆگەکانی چەک "کەمێک بچووک بوونەتەوە"
تاوەکو ئێستا ترەمپ کەمترین سازشی لەسەر جەنگەکە کردووە ، ئەو لە تروس سۆشیاڵ بڵاوی کردەوە سوپای ئەمریکا هێشتا خاوەنی "بڕێکی زۆر" چەکە و بڕێکی زۆریش بەرهەم دەهێنرێت. هەڕەشەی زیندانیکردنی بۆ ئەو کەسانە کرد گوایە زانیارییان لەسەر کۆگەکانی چەکی وڵاتەکە "دزە پێکردووە".
ترەمپ ئاماژەی بە چیرۆکێکی واشنتن پۆست دەکرد باس لە تووڕەیی ئەو دەکات بەرامبەر پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، بەهۆی کەمبوونەوەی کۆگەکانی چەکە پێشکەوتووەکان، کاتێک هەفتەی رابردوو کابینەی حکومەت لە کامپ دەیڤید کۆبووەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکە رایگەیاند لە کۆبوونەوەی کابینەکەدا گفتوگۆیەکی "بەهێز و تەندروست" دەربارەی ئێران هەبووە و وردەکاریی زیاتری نەخستەڕوو، تەنیا ئەوە نەبێت هیچ "ناکۆکی و گرژی" لەسەر ئەو بابەتە رووی نەداوە.
شارەزایان دەڵێن سوپای ئەمریکا رووبەڕووی کەمیی چەک بووەتەوە، وەکو مووشەکی بەرگریی پێشکەوتوو کە پارێزگارییان لە سەربازانی ئەمریکی کردووە لە هێرشەکانی ئێران. ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) لە واشنتن، راپۆرتێکی لەسەر کەمیی چەکی کۆگەکان لەسەر بنەمای بەڵگەنامەکانی بودجە و زانیارییە گشتییەکانی دیکە بڵاوکردەوە.
کاتێک دواتر پرسیاری لێکرا دەربارەی کۆگەکانی چەک، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "ئێمە هەموو کاتێک پێویستمان بە زیاتر هەیە". ئەو دەڵێت جۆرە دیاریکراوەکانی تەقەمەنی "بە بڕێکی بێسنوور" بەردەستن و هەندێکی دیکەیان "کەمێک بچووک بوونەتەوە ". وردەکاریی زیاتری نەخستە ڕوو.
ترەمپ پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەمریکا لە بارودۆخێکی زۆر باشە لەرووی چەکەوە، لەگەڵ ئەوەشدا،وەکو ئەو دەڵێ هەمیشە زیاتر پێویستە، ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد سوپا دەتوانێت لە کاتی پێویستدا دەستی بگات بە کۆگەکانی تەقەمەنی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا.
هێگسێس ئەم هەفتەیە لە کاپیتۆڵ هیڵ بوو( ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا)، بە تایبەتی لەگەڵ سیناتۆرە کۆمارییەکان کۆبووەوە بۆ ئەوەی داوای ملیاران دۆلاری دیکە بکات بۆ خەرجییەکانی وەزارەتی جەنگ وەکو بەشێک لە پاکێجی بودجەی کۆمارییەکان.
سیناتۆر مارک کێڵی، دیموکرات لە بازنەی ئاریزۆنا و فڕۆکەوانی پێشووی هێزی دەریایی، رایگەیاند کەمیی چەک لە جەنگێکەوە سەرچاوە دەگرێت ئامانج و ستراتیژییەکی روونی نەبووە جگە لە لێدانی زیاتر لە 14 هەزار ئامانج.
کێڵی گوتی: "تێبینی من لەسەر ئەم جەنگە ئەوەیە، ئەگەر بتزانیبایە ئامانج چییە، رەنگە لیستی ئامانجەکان 500 ئامانج بوایە، یان رەنگە 200 ئامانج بوایە" ئاماژەی بەوەش کرد وەزارەتی جەنگ "ملیاران دۆلاری دەوێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی خۆیان دروستیان کردووە."
ترەمپ راپرسییەکان رەتدەکاتەوە
ترەمپ هەروەها لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا بانگەشەی ئەوەی کرد ژمارەی راپرسییەکانی باشترینە " تاوەکو ئێستا هەبووبێت". ئاماژەی بە دەستکەوتەکان کرد، لەوانە ژمارەی دامەزراندن و "داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران".
بەڵام بەپێی ڕاپرسییەکی کۆتایی تەممووز لەلایەن ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس و ناوەندی NORC بۆ توێژینەوەی کاروباری گشتی، نزیکەی دوو لەسەر سێی پێگەیشتووانی ئەمریکا دەڵێن جەنگ لەگەڵ ئێران شایەنی ئەوە نەبووە ئەو هەموو خەرجییەی هەبێ، ئەمەش زۆرینەی دیموکراتەکان و بێلایەنەکان و نزیکەی 37٪ی کۆمارییەکانیش دەگرێتەوە.
سەبارەت بە دامەزراندن، ئەمریکا لە مانگی حوزەیراندا نزیکەی 159 ملیۆن هەلی کاری هەبووە، بەبێ هەژمارکردنی کرێکارانی کێڵگەکان، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی بووە، بەڵام لە خولی دووەمی ترەمپدا، گەشەی هەلی کار بە شێوەیەکی بەرچاو خاو بووەتەوە.
ترەمپ هەروەها بەردەوامە لە بانگەشەی ئەوەی تەنگەی هورمز بەرووی کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوەیە، ڕۆژی پێنجشەممە 6-8-2026 گوتی تەنگەکە "ئێستا تا رادەیەک کراوەیە" و ئاماژەی بە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن هێزی دەریاییەوە کرد.
ترەمپ دەربارەی ئێران راشیگەیاند: " ئەوان هەمیشە دەتوانن تەقە لە شتێک بکەن، یان مینێک دابنێن، ئەگەر یەک مین لەوێ بێت، تۆ بارودۆخەکە تێکدەدەیت چونکە خەڵک نایانەوێت بە کەشتییە ملیار دۆلارییەکانیانەوە بڕۆن و بە هەڵە بەر مینێک بکەون."
بەپێی کۆمپانیای داتای دەریایی (Lloyd’s List Intelligence)، لە هەفتەی رابردوودا لانی کەم دوو کەشتی لە تەنگەی هورمز لێیان دراوە، لەکاتێکدا چەند کەشتییەکی دیکە باسیان لە هەوڵی لێدان یان هۆشداری کردووە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.
لۆیدز لیست رایگەیاند، هاتووچۆی کەشتییەکان لە رێگەی تەنگەکەوە لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ 84 کەشتی زیادی کردووە، لەکاتێکدا هەفتەی پێشتر 45 بووە. بەڵام هاتووچۆکە هێشتا زۆر لە خوار ئەو 700 کەشتییەیە کە لە هەفتەیەکی ئاساییدا پێش قەیرانەکە هەبوو.
باج وەکو خاڵی سەرەکی رێککەوتنی تەنگەی هورمز
بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران دەڵێن لە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەکە نزیکن. ئەمەش لەکاتێکدایە سوپای ئەمریکا پێداگری دەکات تەنگەکە لە رێگەی ڕێڕەوێکەوە کراوەیە کە خۆی لە نزیک کەناراوەکانی عومان سەرپەرشتی دەکات و ئەم هەفتەیە رایگەیاند "بە ئازادی و کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەو کەشتییە بازرگانییانەی دەیانەوێت لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکە تێپەڕ بن."
ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس رایگەیاند ڕێککەوتنە وەکو چارەسەرێکی کاتی بۆ کێشەی تەنگەکە وێنا دەکرێت، رێگە دەدات کەشتییەکان لە رێگەی ڕێڕەوێکی ژێر کۆنتڕۆڵی ئێرانەوە بچنە ناو کەنداوی و لە رێڕەوێکی ژێر کۆنتڕۆڵی عومانەوە بچنە دەرەوە.
ئیدارەی ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە بە توندی دژی هەر رێککەوتنێکە کە تێیدا ئێران باج وەربگرێت.
بەپێی گوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی، هەر رێڕەوێکی کاتی لە ناو تەنگەکەدا نابێت هیچ باج و و رێگرییەکی تێدا بێت. ئەو بەرپرسە گوتی بژاردەی دڵخوازی ترەمپ دیپلۆماسییە و "هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە" لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دا.



