رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەینی رایگەیاند، ئەگەری هەیە ئەمڕۆ یان سبەی تەنگەی هورمز بەڕووی هاتووچۆی کەشتییەکاندا بکرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە واشنتن و تاران نزیکن لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاگربەست کە ماوەکەی لەنێوان 30 بۆ 60 رۆژ دەبێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا تیشکی خستەسەر ئەو گوشارە ئابوورییەی کە وڵاتەکەی خستووەتەسەر تاران و گوتی، "ئێمە ئێستا قوڕگی ئێرانمان گرتووە."
بێسێنت راشیگەیاند، دۆخی ناوخۆیی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنیا لە نرخی خۆراکدا رووبەڕووی 150٪ بۆ 180٪ هەڵاوسان بوونەتەوە، گوتیشی بەهۆی ئەو گەمارۆ و سزایانەی بەسەریدا سەپێندراوە، ئێستا حکومەتی ئێران توانای دابینکردنی مووچەی سەربازەکانیشی نەماوە.
ترەمپ: ئێران لە ترسی بۆردوومان داوای رێککەوتن دەکات
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، تاران تەنیا لە ترسی لێدانی سەربازیی ئەمریکا ئارەزووی گەیشتن بە رێککەوتن دەکات. ترەمپ گوتی، "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، دیارە کە نایانەوێت لێیانبدرێت. بۆیە با بزانین چی روودەدات."
رێککەوتنی تاران و مەسقەت لەسەر هورمز
کۆماری ئیسلامیی ئێران و عومان لە کۆتاییهێنان بە داڕشتنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ رێڕەوەکانی کەشتیوانیی بازرگانی لە تەنگەی هورمز نزیکبوونەتەوە.
رۆژی هەینی، 7ـی ئابی 2026، حەسەن قەشقەوی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، هەردوولا لەسەر چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵێکی نوێ بۆ تەنگەی هورمز رێککەوتوون، بەڵام جەختیکردەوە کە رێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە "ئاستە باڵاکان" واژۆبکرێت و رەزامەندیی لەسەربدرێت.
بەپێی زانیارییەکان، هەردوو وڵات لەسەر دیاریکردنی رێڕەوەکانی تێپەڕبوونی کەشتییەکان گەیشتوونەتە ئەنجام. بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، رێککەوتن لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی تەنگەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە.
لەلایەکی دیکەوە، لیژنەیەکی پەرلەمانی ئێران سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە رەشنووسی یاسایەک کە بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا رێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و هەر وڵاتێکی دیکە دەکات کە تاران بە "دوژمن"ـیان دەزانێت، هەروەها پڕۆژەیاساکە ئەگەری وەرگرتنی "باج" لەو کەشتییانەی دیکە لەخۆدەگرێت کە رێگەی تێپەڕبوونیان پێدەدرێت.
تەنگەی هورمز رێڕەوێکی ستراتیژییە لە جیهاندا، چونکە تاکە دەروازەیە کە کەنداو بە زەریاکانەوە دەبەستێتەوە. پێش جەنگ، رۆژانە نزیکەی 20٪ـی نەوت و گازی سروشتیی شلکراوەی (LNG) جیهان بەم رێڕەوەدا تێدەپەڕی.



