رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی شاری بازڵ لە سویسرا، سزای زیندانیکردنی بەسەر 11 هاونیشتمانیی کورددا سەپاند، بە تۆمەتی دروستکردنی ئاژاوە و گرژی لە کاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی منداڵانی تورکیا لە بازڵ لە ساڵی 2022ـدا، هاوکات بێتاوانبوونی سێ تۆمەتباری دیکەشی راگەیاند.
جۆری سزاکان و هەڵپەساردنیان
دادگەکە بڕیاریدا کە سزای زیندانیکردن بۆ ماوەی 9 تاوەکو 36 مانگ بەسەر ئەو 11 کەسەدا بسەپێنێت، کە زۆربەی سزاکان هەڵپەسێردراون، واتە جێبەجێ ناکرێن مەگەر ئەوەی تاوانێکی دیکە بکەن.
بەپێی بڕیارەکە کە رۆژی هەینی دەرکراوە، 10 لەو 11 پیاوە، بە تاوانی دەستدرێژیکردن و تێکدانی ئاشتیی گشتی سزادراون. دادگەی تاوانەکانی بازڵ سزای بەشێکی زۆریانی لەنێوان 9 بۆ 23 مانگ زیندانیکردنی هەڵپەسێردراودا دیاریکردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دوو کەس لەو 11 پیاوە سزای قورستریان بەسەردا سەپێندراوە و بەشێکی سزاکانیان جێبەجێ دەکرێت. یەکێکیان سزای 34 مانگ و ئەوی دیکەیان 36 مانگ زیندانیکردنیان بۆ دەرچووە، کە دەبێت یەکەمیان 6 مانگ و دووەمیشیان 8 مانگ لە زیندان بەسەر ببەن. لەگەڵ ئەوەشدا دادگە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی بۆ هیچ یەکێک لە سزادراوەکان دەرنەکردووە. لەنێو تۆمەتەکانیشدا، هەندێکیان بە دەستدرێژیی سادە و هەوڵدان بۆ دەستدرێژیی قورس تاوانبار کراون.
هەڵوێستی دادوەر و بەڵگەکان
دادگەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم 11 پیاوە بەرپرسیار بوون لەو ئاژاوەیەی کە لە فێستیڤاڵی منداڵانی تورکیا لە گۆڕەپانی مارکتپلاتزی بازڵ روویدا.
دادوەری سەرەکی لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا گوتی: "ئەوان نەک تەنیا ململانێی کورد و تورکیان هێنایە بازڵ، بەڵکو بەشێوەیەکی تووندوتیژانە لەسەر شەقامە کراوەکاندا شەڕیان کرد." دادوەرەکە رووداوەکەی بە "ئاهەنگی تووندوتیژی" ناوبرد، کە تێیدا نزیکەی 200 ڤیدیۆ و وێنە وەک بەڵگە خرانەڕوو.
لە بەرامبەردا، ئەو سێ کەسەی کە وەک بێتاوان ناسێنران، هۆکارەکەی ئەوە بوو دادگە بۆی دەرکەوت کە ئەوان دوای تەواوبوونی ئاژاوەکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
پاشخانی تۆمەتباران و وردەکاریی رووداوەکە
لە کاتی لێکۆڵینەوە و دانیشتنی سەرەکیی دادگە لە مانگی حوزەیراندا، زۆربەی تۆمەتبارەکان گوتیان کە لەبەر هۆکاری سیاسی تورکیایان جێهێشتووە و لە سویسرا داوای مافی پەنابەرییان کردووە. بەڵام رەتیانکردەوە کە پەیوەندیی چالاکانەیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) هەبێت، یانیش هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو بابەتە نەدا.
ئەو پیاوانە تەمەنیان لەنێوان 26 بۆ 40 ساڵیدایە و لە کانتۆنـە جیاوازەکانی سویسرا دەژین. داواکاری گشتی تۆمەتباری کردبوون بەوەی کە لە 8ـی ئایاری 2022ـدا، بە قسە و جووڵە هێرشیان کردووەتە سەر بەشداربووە تورکەکانی فێستیڤاڵەکە و چەند کەسێکیان بریندار کردووە. لە کاتی رووداوەکەشدا، گوایە بەربەستەکانیان فڕێداوە و بە چەتر و سینیی و تەنانەت بە مستەکۆڵەش لە خەڵکیان داوە.



