رووداو دیجیتاڵ
کەناڵێکی ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، دوو بەرپرسی باڵای دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پلانەکەیان بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران شکستی هێنا.
بەپێی راپۆرتێکی (کەناڵی 12)ی ئیسرائیلی، رۆمان گۆفمان، بەڕێوەبەری نوێی مۆساد، ئەم دوو بەرپرسەی لەکارەکانیان دوورخستوونەتەوە. یەکێکیان لە مانگی کانوونی یەکەم (مانگی 12) وەک سەرۆکی بەڕێوەبەری هەواڵگریی مۆساد دەستبەکارببوو و ئەوی دیکەشیان سەرۆکایەتیی بەشی ئێرانی لە دەزگاکەدا کردووە.
پلانەکەی مۆساد چی بوو؟
کەناڵە ئیسرائیلییەکه دەڵێ، ئەم دوو بەرپرسە ئەندازیاری سەرەکیی داڕشتنی "پلانێکی نووسراو" بوون، کە ئامانج لێی رووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە رێگەی پاڵپشتیکردنی "کەمینەکان (بەتایبەت کورد)" و هاندانی خەڵک بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپێشاندانی جەماوەری دژی حکومەت.
تەنانەت بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە مانگی شوباتدا ئەم پلانەی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باس کردووە، تاوەکو رازی بکات هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵەکە، ئەم دوو بەرپرسە هەر لە سەرەتاوە کێشە و ناکۆکییان لەگەڵ گۆفمان هەبووە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، دوورخستنەوەیان بە رێککەوتنی هەردوولا بووە و بڕیارە لە پۆستی دیکەدا لەنێو مۆساد کاربکەن.
کورد لە پلانەکەدا
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز پێشتر لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو، ستراتیجییەکەی مۆساد بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران وابوو کە سەرەتا ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە نزیک سنوورەکانی عێراق، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئامانجی ئەم هێرشانە ئەوە بوو کە "دەرفەت و رێگەیەک بکرێتەوە بۆ ئەوەی چەکدارە کوردەکان [هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رۆژهەڵات] بچنە نێو ئێرانەوە و پێشڕەوی بکەن بەرەو ئەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردن لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە."
ئیسرائیلییەکان پێیانوابووە کە ئەگەر ئەمە رووبدات، "هەزاران گەنجی کورد پەیوەندی بەو هێزانەوە دەکەن" و ئەمەش دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی راپەڕینێکی گەورە کە لە کۆتاییدا دەگاتە تارانی پایتەخت.
شەڕەکە لە 28ی شوبات دەستی پێکرد، بەڵام هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەچوونە نێو جەنگەکەوە.
مەحموود ئەحمەدی نەژاد وەک سەرۆکی نوێ؟
راپۆرتەکان دەڵێن، پلانەکەی مۆساد هەنگاوێکی زۆر سەیریشی تێدابوو، ئەویش ئەگەری دانانی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران بوو وەک سەرکردەی نوێی وڵاتەکە.
نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل چەندین ساڵە هەوڵی دا پەیوەندی بە ئەحمەدی نەژادەوە بکات، تەنانەت دەگوترێ دەیڤید بەرنیاع، سەرۆکی پێشووی مۆساد، لە پەراوێزی کۆنفرانسێکی ئەکادیمیدا لە هەنگاریا بە نهێنی لەگەڵی کۆبووەتەوە.
بۆچی پلانەکە شکستی هێنا؟
لە کاتی جەنگی ئەم دواییەدا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی قورسیان کردە سەر ژێرخانی ئەمنیی ئێران، لەنێویاندا بنکە سەربازییەکان، سیستمی مووشەکی، بنکەکانی پۆلیس و بەسیج لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام پلانەکەی ئیسرائیل سەری نەگرت.
نیویۆرک تایمز دەڵێ، دوو هۆکار وایانکرد ئەمریکا لەم پلانەی ئیسرائیل پاشگەزببێتەوە:
1. هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا.
2. نیگەرانیی کورد.
هەرچەندە ئامانجی گەورەی پلانەکە لاوازکردنی سوپای ئێران و نەهێشتنی مەترسیی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی تاران بوو، بەڵام لە مانگی نیساندا بەرپرسانی ئەمریکا بە نیویۆرک تایمزیان گوت کە هەرچەندە هەندێک لە ئەندامانی ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتیی بیرۆکەی گۆڕینی دەسەڵاتیان دەکرد، بەڵام دواتر گەورە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ پێشبینییەکەی نەتەنیاهوویان بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران بە "گاڵتەجاڕی" و "قسەی بێ مانا" ناوبرد.



