رووداو دیجیتاڵ
مانگی رابردوو، لە ماوەی پێنج رۆژی پڕ لە گرژیدا، ئێران چەندین شەپۆل لە درۆن و مووشەکی ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا لە سێ بنکەی سەربازی لە ئوردن کرد، بەو هیوایەی بتوانێت بەرگرییە ئاسمانییە بەهێزەکانی ئەمریکا ببڕێت، ئێران بە بەکارهێنانی مووشەکی پێشکەوتوو کە دەتوانن کتوپڕ ئاراستەکەیان بگۆڕن، هێرشیکردە سەر سیستمی بەرگریی بنکەکان و ئەمریکییەکانی ناچار کرد بڕێکی زۆر لە مووشەکە رێگرەکانی پاتریۆت بەکاربهێنن کە ژمارەیان لە کۆگەکانی ئەمریکا رووی لە کەمییە.
لە رۆژی پێنجەمدا، ئێرانییەکان توانییان بەرگرییەکان ببڕن، لە 17ـی تەممووزدا، مووشەکێک لە یەکەیەکی نیشتەجێبوونی یەکێک لە بنکەکان کەوت و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و زیاتر لە 100ـی دیکەش بریندار بوون. دواتر بەرپرسانی پێنتاگۆن دانیان بەوەدا نا ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی دیکە بریندار بوون و چەند فڕۆکەیەکیش لە هێرشەکانی ئەو هەفتەیەی ئوردندا زیانیان پێگەیشتووە. مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو هێرشە کوشندەیە گوتی: "ئێمە نزیکەی هەموو مووشەکەکانمان خستە خوارەوە، بەڵام یەکێکیان دەرچوو."
دوو تەکتیک لە رووسیا و ئۆکرایناوە
ئەم هێرشانە دەریدەخەن دوو ئاراستەی یەکیان گرتووە: یەکەم، ئێران لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا شارەزایی پەیداکردووە؛ فێربووە چۆن لە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دەرباز بێت و مەیدانی جەنگەکەی فراوان کردووە بۆ زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاوپەیمانەکانی وەکو حووسییەکان لە یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش لەنێو ئەو ململانێیەدان.
دووەم، کۆگەی مووشەکە رێگرەکانی پێنتاگۆن بە خێرایی کەم بووەتەوە، ئەم چەکانە رۆژ لە دوای رۆژ لەم ململانێیەدا نرخیان گرانتر دەبێت. ئەم دوو ئاراستەیە راستییەک دەسەلمێنن لە مانگەکانی دوای دەستپێکردنی جەنگەوە دەرکەوتووە؛ ئەویش ئەوەیە زلهێزێکی جیهانیی خاوەن سوپایەکی زەبەلاح، هێشتا دەکرێت لەلایەن 'نەیارێکی بچووکترەوە' رابگیرێت کە ئامادەیە جەنگی ناهاوسەنگ بکات بۆ دۆزینەوەی هەر خاڵێکی لاواز.
بەگوێرەی گوتەی دوو سەرچاوە کە ئاگاداری ئاستی کۆگەکردنی چەکی ئەمریکان، پێنتاگۆن زیاتر لە 1,500 مووشەکی پاتریۆتی لەم جەنگەدا بەکارهێناوە و کەمتر لە 1,700 مووشەکی ماوە. ئەمریکا لە تەواوی ساڵی 2025ـدا تەنیا نزیکەی 600 مووشەکی بەرهەمهێناوە. ئەم کەمبوونە خێرایە لە کاتێکدایە ئێران خەریکی لێکۆڵینەوەن لە جەنگێکی دیکە، لە ئۆکراینا، رووسیا تێکەڵەیەک لە مووشەکی بالیستی و کروز بەکاردەهێنێت بۆ سەرقاڵکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکان و دواتر درۆنەکان رەوانە دەکات.
سێس گۆنز، سەرۆکی بەشی بەرگری و ئاسایش لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیجی و نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: "ئێرانییەکان کارەکەیان بۆ بەرگرییە ئاسمانییەکان قورس کردووە کاتێک چەندین جۆر مووشەک و درۆن پێکەوە رەوانە دەکەن. ئەوان بە شێوەیەکی کاریگەر تەکتیکی رووسیایان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی پاراستنی ناوچە جیاوازەکانی کەنداو قورستر بکەن."
بەگوێرەی گوتەی دوو بەرپرسی ئەمریکی، تەنیا لە یەک رۆژی ئەو هەفتە پڕ گرژییەی مانگی رابردوودا، سێنتکۆم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیکەی 50 مووشەکی پاتریۆتی تەقاندووە، تێچووی هەر دانەیەکیان نزیکەی چوار ملیۆن دۆلارە، پێنتاگۆن لەو مانگانەی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی 40 رۆژە، بەردەوام رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە کە هەوڵیداوە کەمبایەخی بکات.
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە 8ـی نیساندا بە رۆژنامەڤانانی گوتبوو بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران "بە کردەیی تێکشکێنراوە" و سەکۆ و مووشەکەکانیان "کەم بوونەتەوە و نزیکەی بە تەواوی بێکاریگەر بوون." زۆربەی مووشەک و سەکۆکانی ئێران لە دامەزراوە ژێرزەمینییە گەورەکاندا کۆکرابوونەوە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پێنج هەفتەی یەکەمی جەنگدا بە تووندی بۆردوومانیان کردن. بەڵام ئێران زۆربەی ئەو شوێنانەی دووبارە هەڵکەندەوە و دەستی بە تەقاندنی مووشەک کردەوە، ئەمەش بووە هۆی نزیکەی پەککەوتنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و هەڕەشە بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ڤەلی نەسر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز دەڵێت: "سەرۆک ترەمپ و راوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی وایان دانابوو شەڕەکە کورتخایەن دەبێت و زیان بە کۆگەی مووشەکەکانی پاتریۆت ناگەیێنێت، بەڵام شارەزایانی ئێران دەڵێن تاران لەوەتەی جەنگەکە لە پێنج مانگ لەمەوبەرەوە دەستیپێکردووە چاوەڕێی ئەم ساتەی کردووە، لە جەنگێکی 12 رۆژەی مانگی حوزەیرانی 2025ـدا، سەرکردەکانی ئێران بینییان هێزەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا چەند بە خێرایی مووشەکە رێگرەکان بەکاردەهێنن بۆ بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەکەکانیان."
خوێناوترین هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، بنکەی ئاسمانیی "موەفەق سەڵتی" یان بنکەی "ئەزرەق"ـی کردە ئامانج، بنکەیەکی سەربازیی ئوردنییە و هێزی ئاسمانیی ئەمریکا وەکو ناوەندێکی سەرەکی بۆ دەیان فڕۆکە و هەزاران سەرباز بەکاری دەهێنێت. زۆربەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی پێشتر لە کوێت، بەحرەین، قەتەر و ئیمارات بوون، گواسترانەوە بۆ بنکەکانی وەکو 'موەفەق سەڵتی' لە ئوردن، چونکە لە ئێرانەوە دوورتر بوون و بە سەلامەتتر دەبینران لە هێرشی درۆن و بالیستی.
دوای هێرشەکەی 17ـی تەممووز، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا بەرگرییە ئاسمانییەکانیان لە ئوردن و ناوچەکانی دیکە بەهێزتر کرد. پسپۆڕانی سەربازیی ئەمریکا کە لێکۆڵینەوەیان لە هێرشەکانی ئۆکرایناش کردووە، چەندین مانگە لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کار دەکەن و ئەزموونەکانی ئەو جەنگە هاوبەش دەکەن، دوو لەو سێ سەربازەی لە ئوردن کوژران، ئەندامی یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی بوون لە ئەڵمانیا و بەشێک بوون لەو هەوڵانە.
تەکتیکی درۆنەکانی ئێران بۆ پێکانی ئامانج
ئەم دۆخە نوێیە بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز دەرەنجامی جیۆپۆلیتیکی لێدەکەوێتەوە. بەرپرسانی ئەمریکا پشتڕاستیان کردەوە لە کۆتایی تەممووزدا، ترەمپ لە هێگسێسی پرسیوە سەبارەت بە کەمیی چەکەکانی ئەمریکا. وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بە ئاشکرا دەڵێت کەمیی چەکیان نییە. شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند: "پروپاگەندەی کەمیی تەقەمەنی ئەمریکا دوورە لە راستییەوە، کاتێک میدیاکان ئەم درۆیانە گەورە دەکەن، دوژمنەکانمان بوێر دەبن بۆ هێرشکردنە سەر سەربازەکانمان."
دوو هەفتە لەمەوبەر، ترەمپ هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران راگرت، دوای ئەوەی سەرکردەکانی سعوودیە، ئیمارات و قەتەر داوایان لێکرد پەنا بۆ دیپلۆماسی ببات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بەهۆیەوە نزیکەی 1,700 کەسی سڤیل بەپێی میدیای ئێران کوژراون، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە بە ترەمپی راگەیاندووە هێرشی گەورە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران وەڵامی هەبێت بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە لە ناوچەکەدا. بەرپرسێکی سعوودیە دەڵێت: "بەهۆی کەمیی مووشەکی پاتریۆت و توانای ئێران بۆ بڕینی ئەو بەرگرییانە، مەترسییەکان زۆر راستەقینە بوون، بۆیە شازادە داوای لە ترەمپ کردووە دۆخەکە هێور بکاتەوە."
هێرشەکەی ئوردن یەکەمجار نەبووە ئێران تەکتیکی خۆی لەم جەنگەدا بگۆڕێت. لە نیساندا، ئێران فڕۆکەیەکی F-15Eـی ئەمریکی لە باشووری وڵاتەکە بە مووشەکی سەرشان خستە خوارەوە. فڕۆکەوانەکە رزگارکرا، بەڵام یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بێسەروشوێن بوو تاوەکو لەلایەن هێزە تایبەتەکانەوە رزگارکرا، لەم دۆخەدا، ئێران لە ئۆکرایناوە فێربوو و کۆمەڵێک درۆنی لەو ناوچەیەدا بڵاوکردەوە کە فڕۆکە ئەمریکییەکانی لێبووە، تیمی فڕۆکەکە گوتوویانە سیستمی بەرگریی فڕۆکەکە تەنیا نیو چرکە پێش بەرکەوتنی مووشەکەکە ئاگادارکردنەوەی پێداون.
بەرپرسانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی درۆنەکان سێ زانیاریی گرنگیان داوە بە ئێرانییەکان بۆ پێکانی فڕۆکەکە: شوێنی GPS، خێرایی و ئاراستەی فڕۆکەکە، دوای ئەو رووداوە ترەمپ "وەستانێکی" لە شەڕدا راگەیاند، چونکە سوپای ئەمریکا پێویستی بە کات بوو بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ تەکتیکە نوێیەکانی ئێران.
تەنانەت لە کاتی وەستانی شەڕیشدا، ئەو تەکتیکانە پەرەیان سەندووە. کاتێک مانگی رابردوو حووسییەکان هاتنە ناو جەنگەکەوە، شارەزایان گوتیان ئەمە ئاماژەیە بۆ ویستی ئێران بۆ ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناچار بکات لە هەموو لایەکەوە بەرگری لە خۆیان بکەن، هەروەها پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان پێیانوایە ئێران بەشەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە دامەزراوەیەکی ژێرزەوی زۆر پارێزراو لە نێوەڕاستی وڵاتەکەدا شاردووەتەوە کە ئەمریکا بە "چیای کلنگ" یان کوردییەکەی بەپێی هەنبانە بۆرینە چیای "قازمە" ناوی دەبات و زیاتر لە 300 پێ لەژێر زەویدایە.
ئێران هێز و سەرکردەکانی لە شوێنی جیاواز لە سەرانسەری وڵاتدا شاردووەتەوە. ڤەلی نەسر دەپرسێت: "ئەوان لە کوێن؟ وا نییە لە شوێنێک دانیشتبن بتوانیت بۆردوومانیان بکەیت، ناتوانیت بیاندۆزیتەوە."


