رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی هەنجیر میوەیەکی بەناوبانگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لە ئەمریکا کەمتر ناسراوە. زۆر لە ئەمریکییەکان نەک هەر نایخۆن، بەڵکو تەنانەت ناوی میوەکەش نازانن و پێیان نامۆیە.
لە کۆتاییەکانی 1800ـەکاندا، کۆمەڵێک ئەمریکی خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە شارێکی تورکیا بە ناوی سمیرنا (ئێزمیر)ـی ئێستا، تامی هەنجیریان کرد. ئەم میوەیە سەرنجی ئەمریکییەکانی راکێشا و بڕیاریان دا نەمامەکانی ببەنەوە بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی لە کالیفۆرنیا بیڕوێنن.
سەرەتا نەمامەکان بە سەرکەوتوویی لە کالیفۆرنیا روان، بەڵام کێشەیەک دروست بوو؛ هەنجیرەکان پێ نەدەگەیشتن و بە بچووکی هەڵدەوەرین.
ئەمریکییەکان، کە بەم دیاردەیە سەریان سوڕمابوو، پێیانوابوو فێڵیان لێ کراوە. تورکەکان پێیانگوتن کە هیچ فێڵێکیان لێ نەکردوون، بەڵکو کێشەکە لە نەبوونی مێروویەکی بچووکدایە کە پێیدەگوترێت "زەردەواڵەی هەنجیر".
زەردەواڵەی هەنجیر، مێروویەکی زۆر بچووکە، کە قەبارەکەی لە دوو ملیمەتر تێناپەڕێت. ئەم مێرووە رۆڵێکی گرنگ لە پێگەیاندنی هەنجیردا دەگێڕێت، بەو پێیەی دەچێتە ناوەوەی هەنجیرەکە و تۆوی نێرینە دەگوازێتەوە بۆ مێینە، ئەمەش وا دەکات هەنجیرەکە پێ بگات. بەبێ ئەم مێرووە، هەنجیرەکە تەنیا گوڵێکە کە داخراوە و قەت پێ ناگات.
دوای ئەم زانیارییە، ئەمریکییەکان ناچار بوون سەدان مێرووی زەردەواڵەی هەنجیر لە تورکیاوە بەرنە کالیفۆرنیا. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ساڵ، دواجار هەنجیر لە ئەمریکا بەرهەم هات و بووە بەشێک لە بازاڕی میوەی ئەو وڵاتە.
سەرەڕای ئەوەی ئێستا هەنجیر لە ئەمریکا بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام هێشتا وەک میوەیەکی باو نەناسراوە. بەپێی ئامارەکان، هاووڵاتییەکی ئەمریکی ساڵانە تەنیا نزیکەی 140 گرام هەنجیر دەخوات، لە کاتێکدا بەپێی دەستەی ئاماری تورکیا هاووڵاتییەکی تورکیا ساڵانە زیاتر لە 3.1 کیلۆگرام هەنجیر دەخوات. ئەمەش دەریدەخات کە تورکەکان 22 هێندەی ئەمریکییەکان هەنجیر دەخۆن. هەروەها، 80٪ـی ئەو هەنجیرەی لە ئەمریکا دەفرۆشرێت، لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت.


