رووداو دیجیتاڵ
ئەم راپۆرتە پشتی بە داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی نێودەوڵەتی، رێکخراوی (OECD) و ناوەندە جیهانییەکان بەستووە و باس لەوە دەکات کە چۆن ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک لە جیهاندا گۆڕاوە و مەترسییەکانی چین.
لە دەیەکانی رابردوودا، رێژەی هاوژینداری لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتە دەوڵەمەندەکان، بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە. تێکڕای هاوژینداری لە وڵاتانی پێشکەوتوودا دابەزیوە بۆ نزیکەی 8 کەسی هاوژیندار لە هەر هەزار کەسێکدا کە پێشتر لەنێوان 10 بۆ 14 کەسدا بووە.
لە ئەمریکا:
رێژەی هاوژینداری گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی. گەنجان زۆر درەنگتر ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن، واتە لە کۆتایی بیستەکان یان سەرەتای سییەکانی تەمەنیاندا و زۆر کەسیش بەبێ گرێبەستی هاوژینی پێکەوە دەژین.
لە ئەورووپا:
لە بەریتانیا، ئیتالیا و ئیسپانیا خەڵکێکی زۆر بڕیاریانداوە هەرگیز ژیانی هاوژینی پێک نەهێنن، یان زۆر درەنگ بیکەن.
لە ئاسیا (کۆریای باشوور، ژاپۆن، چین):
دۆخەکە خراپترە. بۆ نموونە لە کۆریای باشوور رێژەی هاوژینی لە ساڵی 2000، لە هەر هەزار کەسێک، چواردە کەس بووە. بەڵام ئێستا بۆ 7 کەس دابەزیوە. لە چین و ژاپۆنیش گەنجان بەتەواوی لە پرۆسەی هاوژینی دوورکەوتوونەتەوە.
بۆچی خەڵک ژیانی هاوژینی پێکناهێنێت؟
هۆکارەکان زۆرن، وەک گرانبوونی نرخی خانوو، بێکاری، سەربەخۆیی ئابووری - بەتایبەتی بۆ ژنان - و گۆڕانی کولتوور و قبووڵکردنی ژیانی سەڵتی یان پێکەوەژیان بێ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی
رێژەی منداڵبوون کەمبووەتەوە
بەپێی ئامارەکان، رێژەی منداڵبوون لە جیهاندا بەشێوەیەکی ترسناک دابەزیوە.
5.0
منداڵ / ژن (ساڵی 1950)
1.6
پێشبینی (کۆتایی سەدە)
ئاماری جیهانی: لە ساڵی 1950 هەر ژنێک بە تێکڕا نزیکەی 5 منداڵی هەبووە، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ تەنیا 2.2 منداڵ. پێشبینیش دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە دابەزێت بۆ 1.6 منداڵ.
بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتێک جێگیر بێت و کەم نەکات، دەبێت هەر ژنێک بە تێکڕا 2.1 منداڵی هەبێت، بەڵام ئێستا زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی جیهان لە وڵاتانێک دەژین کە رێژەی منداڵبوونیان لەو ئاستە کەمترە.
تێکڕای منداڵبوون بۆ هەر ژنێک بەپێی وڵاتان
کۆریای باشوور (کەمترین)
0.7
ئەمریکا و ئەورووپا
1.1 - 1.6
بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا
4.0
کۆریای باشوور کەمترین رێژەی منداڵبوونی هەیە (تەنیا 0.7 منداڵ بۆ هەر ژنێک). دوای ئەویش چین (1) و ژاپۆن (1.2 منداڵ) دێن. وڵاتانی ئەورووپاش لەنێوان 1.1 بۆ 1.6ـدان و لە ئەمریکاش هەر ژنێک 1.6 منداڵی هەیە. تەنیا لە بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا رێژەکە هێشتا بەرزە و دەگاتە 4 منداڵ، هەرچەندە لەوێش خەریکە کەم دەکات.
مەترسی و لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە چی دەبن؟
ئەم کەمبوونەوەیەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و منداڵبوون چەندین کێشەی گەورە دروست دەکات:
1- پیربوونی دانیشتووان
وڵاتان بەرەو پیربوون دەچن و ژمارەی دانیشتووانیان کەم دەکات. وڵاتانی وەک ژاپۆن، چین و ئیتالیا ئێستا رووبەڕووی کەمبوونەوەی گەنجان و زۆربوونی بەساڵاچووان بوونەتەوە.
2- کەمیی دەستی کار و بارگرانیی ئابووری
کاتێک گەنج کەم بێت، کرێکار و دەستی کار کەم دەبێتەوە. ئەمەش وا دەکات گەشەی ئابووری خاو ببێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، ژمارەی خانەنشینان زۆر دەبێت کە دەبێتە بارگرانییەکی قورس بەسەر حکومەتەوە بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینی و خزمەتگوزاریی تەندروستی. هەر ئێستا ژاپۆن و کۆریای باشوور کێشەی کەمیی کرێکاریان هەیە.
3- بچووکبوونەوەی خێزان و تەنیایی
لە لایەکی دیکەوە، کەمبوونەوەی منداڵ و ژیانی هاوژینی، واتە بچووکبوونەوەی خێزان. ئەمەش وا دەکات خەڵک، بەتایبەتی بەساڵاچووان، هەست بە تەنیایی و گۆشەگیری بکەن، چونکە کەسیان نابێت چاودێرییان بکات.
4- خاڵی ئەرێنی (ژینگە)
تەنیا خاڵی ئەرێنی لەم کەمبوونەوەیەی دانیشتوواندا ئەوەیە، کە گوشار لەسەر سەرچاوەکانی ژینگە و زەوی کەمتر دەبێتەوە.