رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای تیکتۆک و کۆمپانیای خاوەنی، بایت دانس، رەزامەندییان دا لەسەر پێدانی 400 ملیۆن دۆلار بۆ یەکلاییکردنەوەی سکاڵایەکی وەزارەتی دادی ئەمریکا، کە تۆمەتباری کردبوون بە کۆکردنەوەی داتای منداڵان بە پێچەوانەی یاسای پاراستنی تایبەتمەندیی منداڵان لە ئینتەرنێت.
ئەم رێککەوتنە دوای چەند مانگێک دێت لەوەی بایت دانس بەشێک لە کارەکانی لە ئەمریکا بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکی گواستەوە، ئەوەش بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ساڵی 2024 بە نوێنەرایەتیی کۆمیسیۆنی بازرگانیی فیدراڵی سکاڵاکەی لە دژی تیکتۆک تۆمار کرد و تۆمەتباری کرد بەوەی رێگەی بە ملیۆنان منداڵی خوار تەمەن 13 ساڵ داوە هەژمار دروستبکەن بەبێ ئاگاداری و رەزامەندیی دایک و باوکیان.
بەپێی رێککەوتنەکە، تیکتۆک سەرەتا 300 ملیۆن دۆلار دەدات و دواتر 100 ملیۆن دۆلاری دیکەش دەدات. وەزارەتی داد رایگەیاند، ئەمە یەکێکە لە گەورەترین قەرەبووەکان لە دۆسیەیەکی پەیوەست بە یاسای پاراستنی تایبەتمەندیی منداڵان لە ئینتەرنێت.
ستانلی ودوارد، یاریدەدەری داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ منداڵان و دایک و باوکانی ئەمریکی." گوتیشی، وەزارەتەکەیان کار دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی منداڵان لەسەر ئینتەرنێت.
لە کاتێکدا تیکتۆک رووبەڕووی هەزاران سکاڵای یاسایی بەکارهێنەران بووەتەوە سەبارەت بە سەلامەتیی منداڵان و پاراستنی تایبەتمەندی، دۆسییەکەی وەزارەتی داد یەکێک بوو لە گەورەترین هەڕەشەکان کە لە رووی پاراستنی تایبەتمەندییەوە رووبەڕووی کۆمپانیاکە بووەوە.



