رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە رۆژی دووشەممە واشنتن "گەورەترین هێرشی دارایی لە مێژوودا" دژی ئێران رادەگەیێنێت، لە بەرامبەردا تاران هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییانە دەکات کە پێشێلی رێساکانی هاتووچۆ دەکەن لە تەنگەی هورمز.
ئەم هەڵکشانە پێشبینیکراوە دوای ئەوە دێت کە هەردوو وڵات نەیانتوانی لەو مۆڵەتە 60 رۆژەیەی ئاگربەستدا بگەنە رێککەوتن، بەمەش کۆتاییان بەو میکانیزمە فەرمییە هێنا کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ئێستا لە مانگی شەشەمدایە.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا، بێسێنت لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "لە کازیوەدا یەکلاکەرەوەترین رۆژی هێرشی ئابووری دەستپێدەکات،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە رێکارە نوێیەکان دەبنە "قۆناخی کۆتایی" هەڵمەتەکەی واشنتن دژی تاران.
ئەم رێکارە نوێیانە دەچنە پاڵ سزایەکی بەرفراوان کە پێشتر کەرتەکانی بانک، وزە، فڕۆکەوانی و دراوی دیجیتاڵیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. ئیدارەی ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئابووریی ئێران لە داڕمانێکی خێرادایە، بەتایبەتی بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری هەڵئاوسان و داڕمانی بەهای دراوەکەی.
بێسێنت هۆشداریشی دا کە "هەر وڵاتێک وەکو دەماری دارایی بۆ رژێمێکی لەنێوچوو کار بکات، دەبێت چاوەڕێی ئەوە بكات کە بەر گۆشەگیرکردنەکە دەکەوێت." ئەم زمانەش راستەوخۆ ئاراستەی ئەو حکومەتە بیانییانە کراوە کە تاوەکو ئێستا مامەڵە لەگەڵ تاران دەکەن. پێشتریش هۆشداریی دابوو لە سەپاندنی سزای لاوەکیی زیاتر بەسەر ئەو وڵات و قەوارانەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن.
لە بەرامبەردا، ئێران هۆشداریی داوەتە وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو کە بەشداری لە رێکارە ئابوورییەکانی ئەمریکادا نەکەن، هاوکات کۆنترۆڵی خۆی بەسەر تەنگەی هورمزدا تووندتر کردووەتەوە؛ کە پێش شەڕەکە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بەنێویدا تێدەپەڕی.
رۆژی شەممە، موحسین رەزایی، فەرماندەی سەربازی کە سەرەتای ئەم مانگە بووە سکرتێری نوێی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بەڵێنیدا کە ئەگەر وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دراوسێ بەشداری لە هەوڵەکانی ئەمریکادا بکەن بۆ زیاتر گۆشەگیرکردنی ئێران، ئەوا بەرژەوەندییەکانیان دەکەنە ئامانج.
رەزایی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران گوتی: "هەر وڵاتێک ببێتە هاوبەش لە دروستکردنی کۆتوبەندی ئابووری دژی ئێمە، لەلایەن ئێمەوە وەکو دوژمن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
لە زنجیرەیەک پۆستدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رۆژی یەکشەممە، "دەستەی تەنگەی کەنداوی فارس"ـی سەر بە حکومەتی ئێران هۆشداریی دا کە هەر کەشتییەک پێشێلی رێساکانی هاتووچۆ بکات لە هورمز، رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە؛ لەنێویاندا "سەپاندنی پێبژاردن، دەستبەسەرداگرتن، یان دەستبەسەرداگرتنی یەکجاری" لە کاتی تێپەڕیندا.
لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی سەپاندنی سزا نوێیەکانی ئەمریکای بە "هەوڵێکی بێهیوایانە" ناو برد و جەختی لەوە کردەوە کە کارەکانی ئەمریکا وەک گەمارۆکە، چارەنووسیان هەر شکستە.
بەپێی راپۆرتی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، پەرلەمانی تاران رۆژی یەکشەممە بڕگەیەکی پەسند کرد کە تێیدا هاتووە، ئەو کەشتییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن دەبێت پارە بدەن لە بەرامبەر ئەو خزمەتگوزارییانەی لەلایەن تارانەوە پێیان دەدرێت. هەرچەندە ئەم پرۆژەیاسایە هێشتا پێویستی بە پەسەندکردنی تەواوەتیی پەرلەمان هەیە.
سەرەڕای مەترسییەکانی هەڵکشانی گرژییەکان، رۆژی دووشەممە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی ئاسیا دابەزینی بەخۆیەوە بینی؛ بە جۆرێک نرخی نەوتی تێکەڵەی تەکساس (WTI) کە پێوەری ئەمریکییە، بە رێژەی 1.3٪ دابەزی و گەیشتە 85.93 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها نەوتی برێنتیش کە پێوەرە نێودەوڵەتییەکەیە، بە هەمان رێژەی 1.3٪ دابەزی و گەیشتە 93.22 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
دەزگای ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند کە لە 48 کاژێری پێش رۆژی یەکشەممەدا هیچ هێرشێکی پشتڕاستکراوە لە تەنگەکەدا رووینەداوە، بەڵام هۆشداریشی دا لە "بەردەوامیی مەترسیی مینە دەریاییە سەرئاوکەوتووەکان یان تۆمارنەکراوەکان" و ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا مەترسیی مین لە چەند ناوچەیەکدا ماوە.


