رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پێشووی باڵای ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەندین وڵات و کۆمپانیای جیهانی ئامادەن سیستمی بەرگریی ئاسمانی بدەنە هەرێمی کوردستان، بەڵام حکومەتی فیدراڵیی عێراق کارەکان پەکدەخات. هاوکات هۆشداری دەدات کە دەبێت بەغدا لەنێوان دۆلاری ئەمریکی و مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا، یەکێکیان هەڵبژێرێت.
جۆوی هوود، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێوارەی پێنجشەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشكێشی کرد، باسی لە هۆکاری بێبەشبوونی هەرێمی کوردستان لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی کرد رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بەرگریی ئاسمانیی نییە؛ چەندین کۆمپانیا و حکومەت هەن کە ئامادەن دابینی بکەن، بەڵام وا دیارە حکومەتی بەغدا هرگیز پەلەی نییە لە ئاسانکاریکردن بۆ ئەو بابەتە."
هوود جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیاکانی ئەمریکا و ئەورووپا دەیانەوێت یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ ئەوەی خۆی لە مووشەک و درۆنەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نێو عێراق بپارێزێت، بەڵام گەیاندنی ئەو هاوکارییانە "پێویستی بە رەزامەندی و ئاسانکاریی حکومەتی بەغدا هەیە و ئەوەش ئەو شتەیە کە دەبێت بەڕاستی بیبینین رووبدات."
هێرشەکانی سەر هەولێر بۆ سزادانە
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە کە کرانە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، جۆوی هوود ئەو هێرشانەی بە "پەیامێکی زۆر روون"ـی تاران دژی هەولێر ناوبرد.
دیپلۆماتەکەی ئیدارەی بایدن گوتی: "پەیامەکە ئەوەیە کە ئێران دەڵێت؛ ئێمە لێرە براوەین، ئێوە هەڵەیەکی گەورەتان کرد کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوکاریتان کرد، ئێوە سزای ئەو کارەتان دەدرێن، ئەگەر هەوڵیش بدەن بەردەوام بن، ئەوا زیاتر و زیاتر باجەکەی دەدەن." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران دەیەوێت بە زەبری هێز، سیستمە نوێیەکەی خۆی بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا بسەپێنێت.
هۆشدارییەک بۆ عێراق
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جۆوی هوود هۆشدارییەکی ئابووریی دایە حکومەتی عێراق سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و رایگەیاند کە ئەو سزایانە پاڵپشتیی 100٪ـی کۆنگرێسیان هەیە و تەنانەت دوای هەڵبژاردنەکانی 2028ـیش هەڵناگیرێن.
هوود بە رووداوی گوت: "دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق زۆر گرنگە. ئەمە عێراق دەخاتە دۆخێکی زۆر سەختەوە، لەنێوان دوو بەرداشدا."
روونیشیکردەوە کە لە داهاتوودا ئێران زیاتر بێهیوا دەبێت و هەوڵدەدات لە رێگەی "سییە عێراقییەکەیەوە" هەناسە بدات، بەڵام بەبڕوای ئەو، عێراق لە کۆتاییدا ناچار دەبێت بەرژەوەندییەکانی خۆی و دۆلاری ئەمریکی هەڵبژێرێت و پابەندی سزاکانی دژی تاران بێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
لە دووشەممەوە کە ئەمریکا ئەوپەڕی گوشاری ئابووری بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران، راگەیاندووە. سێ سەردانی گرنگ هەبوون بۆ تاران. یەکەم، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان چووە تاران، دواتر بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان و ئەمڕۆش سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە تاران بوو. پێتوایە هەموو ئەم هەوڵانە دەبنە هۆی ئەوەی ئەمریکا و ئێران بگەڕێنەوە سەر دانوستاندن؟
جۆوی هوود: زۆر سوپاس بۆ میوانداریکردنم، سڵاو لە ئێوە و لە بینەرەکانتان. بەڵێ، پێموایە لە کۆتاییدا هەردوولا بەردەوام دەبن لە دانوستاندن؛ سەرەڕای ئەوەی کە لە ساڵی 1979ـدا ئێران پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پچڕاند و هەنگاوێکی بێپێشینە و – بە بڕوای زۆر کەس – نائیسلامانەی نا بە بەبارمتەگرتنی دیپلۆماتە ئەمریکییەکانمان لە باڵیۆزخانەکەمان لە تاران لەو کاتەدا. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، حکومەتی ئەمریکا و حکومەتی ئێران لەو کاتەوە بە کردەیی بەبێ وەستان لە پەیوەندیدا ماونەتەوە، ئەویش لە رێگەی سویسرا یان پاکستان، یانیش لە رێگەی لایەنەکانی دیکەی وەکو عومان یان قەتەرەوە. بۆیە بەڵێ، پێموایە لە کۆتاییدا ئەو هەوڵانە دەبنە هۆی ئەوەی هەردوو حکومەتەکە جارێکی دیکە گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان هەبێت. بەڵام روونە کە ئێستا هەردوولا پێیانوایە دەستی باڵایان هەیە و پێیانوایە تێپەڕبوونی کاتی زیاتر، وادەکات لایەنەکەی دیکە سازشی زیاتر بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ. پێشموایە ئەگەر ئێمە تەنیا چاوەڕێ بکەین، ئەوا بە واتای ئەوە دێت کە ئێرانییەکان، وڵاتانی کەنداو و عێراق تەنیا ئازار و نەهامەتیی زیاتر دەچێژن. بۆیە هیوادارم ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە بەڕاستی بە خێرایی تاودرێن و خێراتر ببن.
بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رابردوو، سەرەتا دۆناڵد ترەمپ گوتی گەورەترین هێرش دەکات، بەڵام دواتر هێرشەکەی راگرت، کە راپۆرتەکان دەڵێن لەسەر داواکاریی محەممەد بن سەلمانی شازادەی جێنشنینی سعودیە بووە. پاشان گفتوگۆی ئێران و عومان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز دەستیپێکرد، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن. بۆچی نەگەیشتن بە رێککەوتن؟ روونە کە بە رووکەش گفتوگۆکە لەگەڵ عومان بوو، بەڵام لە ژێرەوە، بە راستی لەگەڵ ئەمریکا بوو.
جۆوی هوود: پێموایە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە عومان رەتیدەکاتەوە تەسلیمی داواکارییە بەتەواوی نایاساییەکانی تاران ببێت بۆ هەبوونی سەروەری بەسەر تەنگەی هورمز و هەموو ئەوەی پێیدا تێدەپەڕێت. ئەگەر ئەوان لەو کارەیاندا سەرکەوتوو بن، ئەوا شتێک بەدەستدەهێنن کە هیچ حکومەتێکی ئێران و هیچ شایەکی ئێران بە درێژایی چەندین سەدە نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت؛ ئەویش کۆنترۆڵی تەواوەتییە بەسەر چارەنووسی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و عێراقدا.
وە ئەمەش بۆ هیچ یەکێک لەو وڵاتانەی ناوچەکە قبووڵکراو نابێت. لەبەر ئەوە، عومان بەناوی خۆی و بەناوی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە بە ئێرانی راگەیاندووە کە، نەخێر، ئێمە ناتوانین رێگەتان پێبدەین سەروەریتان بەسەر تەنگەکەدا هەبێت و ئێوە بڕیار بدەن کام کەشتی دەتوانێت تێپەڕێت و کامیان ناتوانێت، یان دەبێت چەندە پارەتان پێبدەن. دەبێت ئەوێ بەڕووی هەموو کەشتییەکاندا کراوە بێت، رێک وەک ئەوەی بۆ دەیان ساڵە بەو شێوەیە بووە. وە ئەمە ئەو خاڵەیە کە عومان پێوەی پابەندە و پێشموایە هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک رانەگەیێندراوە.
چۆن لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ تێبگەین، کە هەندێ جار دەڵێت ئەگەر عومان بە گوێمان نەکات ئەوا هێرشی دەکەینە سەر؟ ئایا ئەم جۆرە هەڕەشانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە عومان رازی نییە بە داواکارییەکانی ئەمریکا، وەک چۆن رازی نییە بە هەموو داوکارییەکانی ئێران؟
جۆوی هوود: یەکەم شت، با تەنیا ئەوەمان لە یاد بێت کە ئەمانە داواکارییەکانی ئەمریکا نین. ئەمانە داواکارییەکانی تەواوی جیهانن. لە مانگی نیساندا زیاتر لە 130 وڵات وەک هاوسپۆنسەر واژۆیان لەسەر رەشنووسی بڕیارنامەکەی بەحرێن بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە دەیگوت دەبێت ئازادیی کەشتییەوانی بۆ تەنگەکە بگەڕێتەوە بۆ هەموو کەشتییەکان و دەبێت ئێران کۆتایی بە کاری چەتەیی دەریایی خۆی بهێنێت لە تەقەکردن لە کەشتییە بازرگانییە بێچەکەکان.
هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نییە — بە عومانیشەوە — راگەیێندراوێکی دەرکردبێت و بڵێت ئێمە هاوڕاین کە، تاران ئێستا لە (شەیتانە گەورەکەی جیهان، واتە لووتبەرزییە جیهانییەکە)ی بردووەتەوە و ئێستا دەبێت نەک تەنیا کۆنترۆڵی تەنگەکە بکات، بەڵکو کۆنترۆڵی هەموو ئەوەش بکات کە پێیدا تێدەپەڕێت و لە ئەنجامیشدا کۆنترۆڵی ئابووریی تەواوی ناوچەکە بکات. شتێکی وا هەرگیز روونادات و هەر لەبەر ئەمەشە هیچ حکومەتێک هیچ راگەیێندراوێکی بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو داواکارییەی ئێران دەرنەکردووە.
راستە دۆناڵد ترەمپ بەوە ناسراوە کە زۆر شت دەڵێت، زیادەڕەوی دەکات و زمانی زۆر رەنگاوڕەنگیش بەکاردەهێنێت. بەڵام با سەیرێکی ئەنجامەکان بکەین. تاکە وڵات کە لە چەند دەیەی رابردوودا بۆردوومانی عومانی کردبێت، ئێرانە و لە چەند مانگی رابردووشدا چەندین جار بۆردوومانی عومانی کردووە، نەک تەنیا خاکی وشکانییەکەی، بەڵکو خاکی دەریاییشی. بۆیە کاتێک بیر لەوە دەکەینەوە کە چ وڵاتێک بەڕاستی لە رووی دیپلۆماسی و سەربازییەوە گوشار دەخاتە سەر عومان، ئەوە ئێرانە.
لە سەرەتای جەنگەکەوە، هیچ کات ئەمریکا نەیگوتووە ئامانجی لەم جەنگە، رووخاندنی حکومەتە لە ئێران، بەلام ماوەی دوو هەفتەیە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە روونی دەڵێت، ئامانج لەم هەڵمەتە ئابوورییەی دژی ئێران، رووخاندنی دەسەلاتی ئێرانە. ئایا ئەمە بۆچوونی بێسێنتە، یان گۆڕانی سیاسەت و سراتیجیی واشنتنە؟
جۆوی هوود: پێمنایێت ئەمە گۆڕانکاری بێت لە سیاسەتەکاندا. ئەوەی حکومەتی ئەمریکا لە ساڵی 1979ـەوە وەک ئامانجێکی خۆی بەدوایدا دەگەڕێت، گۆڕینی رەفتاری رژێمەکەیە، نەک گۆڕینی خودی رژێمەکە یان رووخاندنی رژێمەکە.
ئەگەر بێتو بەتەواوی حکومەت لە ئێران بڕووخێنرێت، ئەگەری زۆرە ئاژاوە دروست ببێت و لە وڵاتێکی نزیکەی سەد ملیۆن کەسیدا کە هاوسنوورە لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکە، دەکرێت ئەمە ببێتە کارەساتێک بۆ خودی ناوچەکە نەک تەنیا بۆ ئێران. بۆیە پێموایە لەبەر ئەوەیە کە لە سەرۆک ترەمپەوە تا دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆک جیمی کارتەر، بەڕاستی ئامانجەکە گۆڕینی رەفتاری رژێمەکە بووە بۆ ئەوەی زیاتر وەک نەتەوەیەکی بەرپرسیار رەفتار بکات و وەکو حکومەتێکی بەرپرسیارتر نوێنەرایەتیی نەتەوەی ئێران بکات لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا.
حکومەتێکی بەرپرسیار، سوپای تایبەتی لەنێو وڵاتانی دیکەدا دروستناکات و بەڕێوەیان نابات، رێک وەک ئەوەی ئێران لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن کردوویەتی و هەوڵیشیداوە لە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو بیکات. حکومەتێکی ئاسایی هێرش ناکاتە سەر و باڵیۆزخانەی ئەو حکومەتانە ناسووتێنێت کە بەدڵی نین، دیپلۆماتان بە بارمتە ناگرێت، ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە وڵاتانی وەک ئەرجەنتین، ئەڵمانیا و سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە ئەنجام نادات، هەروەها بۆردوومانی هەموو دراوسێکانی ناکات. هەموو ئەم شتانە ئێران بە درێژایی دەیان ساڵە کردوونی و بەم دواییانەش کردوونی.
ئێرانییەکان دەڵێن، گەڕانەوە بۆ گوشاری ئابووری، ئاماژەیە بۆ شکستی ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمە گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتی کۆن کە هیچ کاریگەرییەکی نابێت. ئایا ئەمە نیشانەی شکستی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیە؟
جۆوی هوود: پێموایە واتای ئەوەیە کە ئاستی ئەو تێوەگلانە سەربازییەی کە سەرۆک ترەمپ ئامادەیە بەرامبەر بە ئێران ئەنجامی بدات، بەڕاستی گەیشتووەتە سنووری کۆتایی خۆی. بێگومان ئەو دەیتوانی سەربازی زەمینی بنێرێت، دەیتوانی هێزە تایبەتەکان رەوانە بکات، یان دەیتوانی بۆمبی زۆر گەورەتر بەکاربهێنێت - کە خودا نەکات، مەبەستم ئەوەیە هیچ کەسێک نایەوێت ئەوە ببينێت. بەڵام دیارە سوپای ئەمریکا هێزی ئاگریی زۆر زیاتری لەبەردەستدایە کە ئەگەر سەرۆک بیویستایە، دەیتوانی بڕیاری بەکارهێنانیان بدات.
بەڵام ئەو بڕیاریداوە کە دەیەوێت ببينێت ئێستا گوشاری ئابووری دەتوانێت چی بەدەستبهێنێت، کاتێک هاوتەریب دەبێت لەگەڵ ئەو گوشارە سەربازییەی کە توانیویەتی بیخاتە سەر ئەو وڵاتە. ئەم گوشارە ئابوورییەش بچووک نییە. حکومەتی ئەمریکا هێشتا کۆنترۆڵی دراوەکەی خۆی — واتە دۆلار — ی لەدەستدایە و هر حکومەتێکیش مافی خۆیەتی بڕیار بدات دراوەکەی چۆن بەکاردەهێندرێت. ئەوەی ئێستا حکومەتی ئەمریکا دەیکات ئەوەیە کە بە وڵاتان، کۆمپانیاکان و بانکەکانی سەرانسەری جیهان دەڵێت: ئێوە دەتوانن هەڵبژێرن کە بەردەوام بن لە بەکارهێنانی دۆلاری ئەمریکی و سیستمی دارایی ئەمریکا لە مامەڵەکانتاندا، یانیش دەتوانن هەڵبژێرن کە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام ناتوانن لە یەک کاتدا هەردووکیان بکەن.
بۆیە زۆربەی ئەو قەوارانەی لە سەرانسەری جیهاندان، پێشتر بڕیاری خۆیان داوە کە لەگەڵ ئەمریکا و دۆلاری ئەمریکیدا بمێننەوە، نەک مەترسیی لەدەستدانی دەستگەیشتن بە دۆلار بکەن لە پێناو بەردەوامبوون لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا. بۆیە پێموایە ئەوەی ئێستا دەیبینن حکومەتی ئەمریکا دەیکات، تەنیا جێبەجێکردنی تووندتری ئەو سزایانەیە بەراورد بە رابردوو.
بەڵام وڵاتان تا چەند پابەند دەبن؟ ئایا پێتوایە ئەمریکا بتوانێت تورکیا و عێراق ناچار بکات سزاکانی دژی ئێران جێبەجێ بکەن؟
جۆوی هوود: بەڵێ پێموایە. پێموایە ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا زیاتر دیپلۆماسییەتیان بەکاردەهێنا نەک هەڕەشە، بەڵام بەداخەوە ئەمە ئەو رێبازەیە کە دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە بیگرێتەبەر - واتە گوشاری زیاتر لەبری دیپلۆماسییەت.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پەیوەندییەکی تاڕادەیەک باشی لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان هەیە، بۆیە رەنگە لەو کەیسەدا زیاتر دیپلۆماسییەتی کەسیی لەلایەن ئەوەوە ببینن. هەروەها گەشبینییەکی زۆریشی بە سەرۆکوەزیرانە نوێیەکەی عێراق هەیە، بۆیە رەنگە — بەتایبەتی لە رێگەی نێردەی تایبەت باڵیۆز باراک-ـەوە — لەم کەیسانەدا دیپلۆماسییەتی زیاتر ببینن بەراورد بە وڵاتانی دیکە.
وە بەڵێ، ئەمریکا خاوەنی کارتێکی گوشاری زۆر گەورەیە بەهۆی گرنگیی دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ سیستمی دارایی لە سەرانسەری جیهاندا و بەتایبەتیش لە مامەڵە نەوتییەکاندا، بۆیە ئەمە بۆ عێراق زۆر گرنگە. و پێمناچێت هیچ وڵاتێک لە جیهاندا بەڕاستی بیەوێت مەترسیی لەدەستدانی دەستگەیشتن بە سیستمی دارایی ئەمریکا بکات، تەنیا لەپێناو ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە قەبارەیەکی کەمی بازرگانی لەگەڵ ئێران. چونکە لە راستیدا، ئێران بازرگانییەکی ئەوتۆی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهاندا نییە.
چی لە بارەی چین؟ ئەمریکا دەتوانێت چین ناچار بکات بە سزاکانەوە پابەند بێت؟
جۆوی هوود: تا ئەو جێگەیەی من ئاگادارم، چین ساڵانە نزیکەی 10 ملیار دۆلار بازرگانیی لەگەڵ ئێران هەیە، کە لە راستیدا زۆر نییە. بەڵام پێموایە هەندێک لە پاڵاوگە بچووکەکانی چین کە پەیوەندییان بە سیستمی دارایی ئەمریکاوە نییە، دەبنە ئاڵنگارییەکی زیاتر بۆ ئیدارەی ترەمپ، چونکە ئەو پاڵاوگانە هیچ پێویستییەکیان بە دۆلاری ئەمریکی یان سیستمی دارایی ئەمریکا نییە.
بۆیە ئیدارەی ترەمپ دەبێت هەوڵبدات رێگەی دیکە بدۆزێتەوە بۆ دروستکردنی گوشار لەسەر حکومەتی چین تاوەکو کڕینی نەوتی خاوی ئێران بۆ ئەو پاڵاوگانە رابگرێت. ئەوە بەڕاستی ئەو پرسیارەیە کە ئایا ئیدارەکە ئامادەیە چی بکات و حکومەتی چینیش لە وەڵامدا لەوانەیە چی بکات؟ چونکە بەپێچەوانەی ئێرانەوە، چین خاوەنی چەندین خاڵی گوشاری داراییە لەسەر ئەمریکا.
بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەمریکا گەورەترین هاوبەشی بازرگانی و گەورەترین بازاڕی چینە. بۆیە چینیش نایەوێت ئەو دۆخە زۆر تێکبدات. کەواتە دیپلۆماسییەت لێرەدا پێموایە تاڕادەیەک هەستیار دەبێت، وە ئیدارەی ترەمپیش بەگشتی ئامادە نییە بۆ ئەو جۆرە دیپلۆماسییەتە هەستیارەی کە ئەم دۆخە پێویستی پێیەتی.
پێتوایە کاریگەریی سزاکانی دژی ئێران بە دیاریکراوی چ جۆرە کاریگەرییەکیان لەسەر عێراق دەبێت؟
جۆوی هوود: دەبێت لە یادمان بێت ئەو سزایانەی کە ئیدارەی ئەمریکا ئێستا باس لە جێبەجێکردنیان دەکات، لە راستیدا لە ساڵی 2010ـدا و لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆک ئۆباما کە دیموکرات بوو، لە ئەمریکا کرانە یاسا. پاڵپشتی بۆ ئەم یاسایە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکادا 100٪ بوو. تەنانەت یەک سیناتۆریش نەبوو دژیان دەنگ بدات. ئەمەش ئەوەت پێدەڵێت کە سزاکانی سەر ئێران لەنێو ئەمریکادا پاڵپشتییەکی زۆر، زۆر بەرفراوانی هەردوو پارتەکەیان (کۆماری و دیموکرات) هەیە.
بۆیە پێمناچێت ئەم سزایانە بە هیچ شێوەیەک هەڵبگیرێن یان بگۆڕدرێن، تەنانەت دوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەم، یان تەنانەت هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانیش لە 2028. بۆیە عێراق دەبێت زۆر بە وردی بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن یارمەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەدات لە جێبەجێکردنی ئەم سزایانە، چونکە ئەوانە بەم زووانە کۆتاییان نایەت و دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکیش بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق زۆر گرنگە.
بۆیە پێموایە ئەمە عێراق دەخاتە دۆخێکی زۆر، زۆر سەختەوە، لەنێوان بەرداش و چەکوشدا وەک دەڵێین (لەنێوان دوو بژاردەی قورسدا)، چونکە ئێرانییەکان زیاتر و زیاتر بێهیوا دەبن لەوەی بتوانن - وەکو هەندێک جار دەڵێین - لە رێگەی سییە عێراقییەکەیانەوە هەناسە بدەن. وە عێراقییەکانیش دەڵێن: سەیرکەن، من دەمەوێت بتوانم بازرگانی لەگەڵ تەواوی جیهاندا بکەم، دەمەوێت بە شێوەیەکی باش و تەندروست دەستم بە سیستمی دارایی جیهان بگات، نەک تەنیا بازرگانی لەگەڵ ئێران بکەم. بۆیە بۆ عێراق زۆر قورس دەبێت، بەڵام پێموایە ئەوان ناچار دەبن ئەو بژاردەیە هەڵبژێرن کە پابەندبن بە سزاکانەوە.
لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە، ئێوە دەزانن، ئێران و ئەو گرووپانەی عێراق کە پشتیوانی لە تاران دەکەن هێشتا هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا کە هێزەکانی هاوپەیمانان دەکشێنەوە، ئایا ئەمریکا ئامادە دەبێت هەرێمی کوردستان بپارێزێت؟
جۆوی هوود: رێککەوتنەکە ئەوەیە کە دەبێت سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانان تاوەکو 30ـی ئەیلوول لە عێراق بچنە دەرەوە و ئەمەش واتە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەرپرسیارێتیی قۆرخکردنی هێزی هەیە لەسەرانسەری خاکەکەیدا و بەرپرسیارە لە پاراستنی تەواوی دانیشتووانەکەی.
ئەمە بەو واتایەش دێت کە لە 1ـی تشرینی یەکەمەوە، چیتر هیچ شتێک نامێنێتەوە کە ئەم گرووپانە (میلیشیاکان) بەرگریی لێ بکەن. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەم ماوەیەدا دژی داگیرکاریی ئەمریکا بەرگرییان کردووە، هەرچەندە ئەمریکا بۆ ماوەیەکی زۆرە لە رووی سەربازییەوە عێراقی داگیر نەکردووە. ئێستاش دەبینن کە هەندێک لەو گرووپانە راگەیێندراویان دەرکردووە و دەڵێن، ئێمە نەک تەنیا دەمانەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە، بەڵکو دەمانەوێت هەموو کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش عێراق جێبهێڵن و دەبێت پێشمەرگە هەڵبوەشێندرێتەوە و پێویستمان بە زۆر شتی دیکەشە.
مەبەستم ئەوەیە کە ئەمە پێت دەڵێت؛ ئەوان دەیانەوێت عێراق ببێتە پارێزگایەکی ئێران، نەک تەنیا لەم کاتەدا لەژێر هەژموونی ئێراندا بێت، بەڵکو ئێستا ببێتە پارێزگایەکی تەواوەتیی ئەو وڵاتە و بەتەواوی ملکەچی هەژموونی ئێران بێت. پێمناچێت کەس ئەمە قبووڵ بکات. بۆیە پێموایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمیشە ئامادە دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە داواکارییەکی پاڵپشتیکردن کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لێی بکرێت بۆ یارمەتیدانی لە پاراستنی گەلەکەی، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە سەرانسەری وڵاتەکەشدا.
ئەوەی ئیدارەی ترەمپ ئێستا دەیەوێت بیکات ئەوەیە، زۆربەی وزەی خۆی تەرخان بکات بۆ هەوڵدان بۆ هێنانی گەشەپێدانی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق، بە پشتبەستن بە حکومەتەکەی عەلی زەیدی، کە لەلایەن گەلی عێراقەوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ ئەوەی بەڕاستی کۆنترۆڵی ئەو میلیشیایانە بکات و تەواوی وڵاتەکە بپارێزێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیماننان، هێرشی درۆنی کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. پەیامی پشت ئەم هێرشە بە بڕوای تۆ چی بوو؟
جۆوی هوود: ئۆهـ ئەوە روونە. مەبەستم ئەوەیە کە ئێرانییەکان بۆ ماوەیەکی زۆرە درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێم دەکەن. بەڵام، وەک دەزانن نەک زۆر لەمەوبەر، ئەوان سەرۆکی هەرێمیان، نێچیرڤان بارزانی کردە ئامانج. ئەمجارەش کە سەرۆکوەزیران و بەڕێوەبەری هەواڵگری دەکەنە ئامانج؛ مەبەستم ئەوەیە، ئەمانە پەیامێکی زۆر روونن، رێک وەک ئەوەی لەگەڵ عومان، قەتەر و وڵاتانی دیکەی کەنداو دەیکەن.
دەزانن، پەیامەکە ئەوەیە کە 'ئێمە لێرە براوەین، ئێوە هەڵەیەکی گەورەتان کرد کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوکاریتان کرد، ئێوە سزای ئەو کارەتان دەدرێن، ئەگەر هەوڵیش بدەن بەردەوام بن، ئەوا زیاتر و زیاتر باجەکەی دەدەن، بۆیە دەبێت ئەو سیستەمە نوێیە بۆ ناوچەکە قبووڵ بکەن کە من دامناوە.' ئەمەیە کە قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان ناوی لێناوە؛ سیستەمی نوێی ناوچەیی کە تێیدا ئێران لە لووتکەدایە.
باشە، با سەیرێکی دەوروبەری ناوچەکە بکەین. ئێران چ دۆستێکی لەنێو حکومەتەکانی ناوچەکەدا هەیە؟ لەمەودوا سووریا نەماوە. وە بێگومان لە هیچ شوێنێکی کەنداویش دۆستی نییە. وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەنی هاوپەیمانی نزیک نییە. ئەو تەنیا ئەوەی پێی دەگوترێت دۆستی هەیە لەنێو ئەو میلیشیایانەی کە تەنیا ناسەقامگیری لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا دروست دەکەن.
ئەو وڵاتانەی کە لە چەند دەیەی رابردوودا پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبووە، زۆر، زۆر سەرکەوتوو بوون. سەیری وڵاتانی کەنداو بکەن. تێکڕای بەرهەمی نێوخۆییان (GDP)، لە ساڵی 1991 تاوەکو 2026 بە تێکڕا 10 هێندە زیادی کردووە، نەک 10 لەسەدا، بەڵکو 10 هێندە! ئەمە زۆر گەورەیە. بهێنە بەرچاوت ئەگەر لە 30 ساڵی داهاتوودا ئەمە لە عێراق رووبدات. ئەگەر پێکەوە بتوانین ئابووریی عێراق 10 هێندە گەورەتر بکەین، ئەوا عێراقییەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا سوودمەند دەبن.
شەقامی کوردی لە باشووری کوردستان و عێراق و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەست دەکەن ئەمریکا کوردی لە بیر کردووە، تۆش وای نابینی؟
جۆوی هوود: نەخێر، مەبەستم ئەوەیە هەمیشە ئاڵنگارییەک هەیە لە کارکردن لەگەڵ هەرێمێک لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە، چونکە عێراق هێشتا یەک وڵاتی یەکگرتووە. بۆ نموونە ئێمە ئەمە لە سیستمی بەرگریی ئاسمانیدا دەبینین. هەرێمی کوردستان بەرگریی ئاسمانیی پێویستی نییە. چەندین کۆمپانیا و حکومەت هەن کە ئامادەن دابینی بکەن، بەڵام وا دیارە حکومەتی بەغدا هەرگیز پەلەی نییە لە ئاسانکاریکردن بۆ ئەوە.
ئێستا ئەو بابەتە زۆر کێشە نەبووە چونکە پێشتر هێزەکانی هاوپەیمانانتان لە هەرێمەکەدا هەبوو کە کەرەستەی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان هەبوو و دەیانتوانی بەشێک لە هەرێمەکە بپارێزن، بەڵام نەک بەتەواوی. بۆیە ئەمە بەڕاستی ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ حکومەتەکان و کۆمپانیاکانی ئەمریکا و ئەورووپا، کە توانای یارمەتیدانی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستانیان هەیە بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لەو مووشەک و درۆنانەی کە لە ئێران و لە بریکار و بووکەڵەکانی ئێرانەوە لەنێو عێراق ئاراستەیان دەکرێن.
هەروەک گوتم، پێموایە حکومەتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ئامادەیی بۆ دابینکردنی ئەو پاڵپشتییە، بەڵام بەڕاستی پێویستی بە رەزامەندی و ئاسانکاریی حکومەتی بەغدا هەیە و ئەوەش ئەو شتەیە کە دەبێت بەڕاستی بیبینین رووبدات.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق چەندین جار جەختیکردووەتەوە کە ئەوان مامەڵە لەگەڵناوادی وڵاتەکان دەکەن، واتە لەگەڵ دیمەشق، لەگەڵ بەغدا، لە کاتێکدا پێشتر ئەمریکا هەمیشە جەختیکردووەتەوە، دەیەوێت هەرێمێکی بەهێزی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا هەبێت. ئایا ئەمە نیشانەی گۆڕانە لە سیاسەتی ئەمریکادا بەوەی کە وڵاتە نادەوڵەتییەکان رۆڵێکی ئەوتۆیان نابێت؟
جۆوی هوود: باشە، من هەرێمی کوردستان بە لایەنێکی نادەوڵەتی (Non-state actor) ناو نابەم. بەڵکو لایەنێکە لەنێو حکومەتی عێراق و لەژێر دەستووری عێراقدا. ئەمە زۆر جیاوازە لە، با بڵێین کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە بەتەواوی لە دەرەوەی حکومەت، بەتەواوی لە دەرەوەی دەستوور و دژی بەرژەوەندییەکانی عێراق کاردەکات، بۆ نموونە مووشەک و رۆکێت ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ دەکات. یەکێک لەو مووشەکانەی کە ئاراستەی ئیماراتیان کرد، زۆر نزیک بوو لەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی دروست بکات. مەبەستم ئەوەیە دەبێت بەڕاستی ئەم گرووپانە کۆنترۆڵ بکرێن. بۆیە دیارە ئەمانە دۆخی جیاوازن.
پێموایە ئەوەی باڵیۆز باراک و کەسانی دیکە هەوڵدەدەن دەری ببڕن، ئەو خواستەیە بۆ بوونی حکومەتێکی فیدراڵیی بەهێز و یەکگرتوو لە وڵاتانی وەک عێراق و سووریا، بەڵام لەگەڵ بوونی هەرێم و پارێزگای بەهێز لەنێو ئەو سیستمەدا. بۆیە هەمووان دەیانەوێت هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و گەشەسەندوو ببینن، هەمووان دەیانەوێت ئەنبارێکی سەلامەت و گەشەسەندوو لە عێراق ببینن، یان رۆژئاوایەک لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ببینن.
بەڵام هیچ کەسێک نایەوێت وڵاتێک ببینێت بە حکومەتێکی لاوازەوە کە نەتوانێت کۆنترۆڵی هەرێم و پارێزگاکانی و گرووپە چەکدارەکانی سەرانسەری وڵاتەکەی بکات. هەڵبژاردنەکە بەڕاستی ئەوەیە. و پێشموایە حکومەتی ئەمریکا، جا چ لەژێر دەسەڵاتی سەرۆک ترەمپدا بێت یان پێشەنگەکانی، یان بە راشکاوی بڵێم جێنشینەکانیشی، پێموایە ئێوە بەردەوام دەبن لە بینینی سیاسەتێک کە پاڵپشتی لە حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز و خاوەن سەروەری دەکات، کە پارێزگا و هەرێمی بەهێزیشی هەبێت. زۆر سوپاس بۆ میوانداریکردنتان.


