رووداوی دیجیتاڵ
کۆمەڵەی ''ئۆسمان سەبری''، کە ناوەندێکی رۆشنبیری بوو، کراوەتە بنکەیەکی تەندروستیی کاتی بۆ پێشوازیکردن لە نەخۆش بۆ رۆژێک لە هەفتەیەکدا، لە گەڕەکی زۆراڤا کە نزیکەی 50 ساڵە بنکەی تەندروستیی نییە.
لەو رۆژەدا دەیان کەس نۆرەی خۆیان بۆ چوونە ژوورەوە بۆ لای پزیشک، بۆ پشکنین و وەرگرتنی دەرمانی بێبەرامبەر دەگرن.
لەتیفە عەلی، نەخۆشێکی تەمەن 70 ساڵانی خەڵکی عەفرین، رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''12 ساڵە دەرمان بەکاردەهێنم
نەخۆشیی شەکرە، ئازاری جومگە و دەمار و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنم هەیە، دەچینە دەرمانخانە، ئەگەر بنکەی تەندروستی نەبێت، بۆ کوێ بچین''
لەلایەکی دیکەوە، تیمی مانگی سووری سووریاش خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکێشی ئەو دانیشتووانە دەکات کە سەردانی ناوەندەکە دەکەن، رۆژانە لەنێوان 80 بۆ 100 کەس سەردانی کۆمەڵەکە دەکەن.
مەروان ئەبو جەنب، ئەندامی تیمی مانگی سووری سووریا بە رووداوی گوت: ''دەرمان بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان بە خۆڕایی دابین دەکەین، جگە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی''، هەروەها گوتی، ''بۆ ئافرەتانی دووگیان و منداڵبوون، خزمەتگوزاریی پزیشکی بە تەواوی بێبەرامبەرە''.
لە دیمەشق 45 بنکەی تەندروستی و 8 نەخۆشخانەی سەر بە وەزارەتی تەندروستی کاردەکەن، یەک تیمیش هەفتەی جارێک بە گەڕەکی زۆراڤادا دەگەڕێت بۆ کوتانی منداڵان و دابەشکردنی دەرمان.
وائیل سوهەیل دەغمش، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای دیمەشق بە رووداوی راگەیاند، ''ئامادەین خزمەتگوزاریی تەندروستی لە هەر ناوچەیەک پێویستی پێی بێت، پێشکێش بکەین
''، ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت ''لە ماوەی 24 کاژێردا خاڵێکی فریاکەوتن و باری لەناکاو ئامادە بکرێت و کارمەندی پزیشکیی بۆ دابین بکرێت''.
دەغمش هەروەها دووپاتیکردەوە کە تیمە تەندروستییەکانیان ئامادەن ''بچنە گەڕەکەکە بۆ پێشوازیکردن لەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بە چارەسەرە یان ئەوانەی پێویستیان بە گواستنەوەیە بۆ نەخۆشخانەکانی دیمەشقی پایتەخت''، گوتیشی: ''پێویستیمان
بە ژوور و شوێنێکە بۆ حەوانەوەی تیمە پزیشکییەکان، ئێستاش لەگەڵ لیژنەی خزمەتگوزاری لە هەماهەنگیدان بۆ دابینکردنی شوێنێک بۆ لیژنەی تەندروستی''.
گەڕەکی زۆراڤا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، دەکەوێتە ناوچەی نێوان رەبووە و پڕۆژەی دەمار، لە بناری دۆڵی بەرەدا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، ئاوارەیەکی زۆری ناوچەکانی دیمەشق و دەوروبەری روویان لە گەڕەکەکە کردووە، بەهۆی جێگیریی گەڕەکەکە لە رووی رووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار لە لایەک و رژێمی پێشووی سووریا لە لایەکی دیکەوە.


