رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رەتیکردەوە هێزەکانی پێشمەرگە وەک میلیشیا تەماشا بکرێن؛ لە هەمان کاتدا رایگەیاند کە تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەنێو یەک فەرماندەیی سەربازییدا "کارێکی زۆر باشە بۆ هەمووان" و دڵنیاییشیدا کە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، واشنتن کورد بە تەنیا جێناهێڵێت.
رۆژی پێنجشەممە 24ی ئەیلوولی 2026، لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمریکا هێزەکانی پێشمەرگە هاوشێوەی گرووپە چەکدارەکانی دیکە وەک میلیشیا دادەنێت، تۆم باراک بە کورتی و بە روونی وەڵامی دایەوە و گوتی: "نەخێر."
هەر لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە پرسی یەکخستنەوە و تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا بە رووداوی راگەیاند: "پێموایە ئەمە کارێکی زۆر باشە بۆ هەمووان. هەبوونی یەک ئۆپەراسیۆن و فەرماندەیی سەربازیی یەکگرتوو بۆ دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، کارێکی زۆر گرنگە."
تۆم باراک پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدەی لە سووریا وەک نموونەیەک بۆ ئەم هەنگاوە هێنایەوە و گوتی: "ئەگەر سەیری ئەو شتە بکەیت کە لە دۆخێکی هێندەی دیکە سەختتر لە سووریا روویدا؛ هەسەدە لەگەڵ یەک حکومەتی سووریادا تێکەڵ دەبێت، کە لە راستیدا کارێکی زۆر سەخت بوو و لە نێو بارودۆخێکی یەکجار دژواردا هاتنە لای یەک، بەڵام پرۆسەی تێکەڵکردنەکە بە شێوەی تاکەکەسی کرا." باراک جەختی کردەوە لەوەی کاتێک هەوڵی بنیاتنانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری دەدرێت، پێویستە دەرفەت بە هێز و لایەنە جیاوازەکان بدرێت تاوەکو لەنێو دامەزراوە فەرمییەکاندا یەکبگرن.
باراک هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و یەکخستنی هێزەکان و گوتی: "پێموایە ئەوەی سەرۆکوەزیران لە عێراق دەیکات کارێکی زۆر ژیرانەیە کە دەڵێت ئەگەر میلیشیاکان دەست بە هەڵوەشانەوە بکەن، ئەوا لەنێو حکومەتی عێراقدا بتوێنەوە، لەسەر هەمان لیستی مووچە دەبن، یەکدەگرن، وەک تاک بەشدار دەبن و ئەو کات دەوڵەتێکی یەکگرتووت دەبێت."
><
دیپلۆماتکارە باڵاکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی کشانەوەی هێزە بیانییەکان، هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا نامێنێتەوە: "ئەمریکا دەکشێتەوە، لە هەنگاوێکی سەرنجڕاکێشیشدا دوێنێ تورکیا گوتی ئەوانیش دەکشێنەوە؛ کەواتە ئیدی هیچ هۆکارێک نامێنێتەوە بۆ هەبوونی میلیشیا."
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا لەگەڵ پەیامنێری رووداو، تیشک خرایە سەر نیگەرانییەکانی خەڵکی کوردستان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە کشانەوەیان لە 30ی ئەیلوول تەواو دەبێت، بەتایبەت لە ئەگەری مانەوەی خەڵکی کوردستان بێ قەڵخان لە بەرامبەر هێرشەکانی درۆن و مووشەکی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری لە عێراق، هەروەها پرسیار کرا ئایا واشنتن بەرپرسیارێتیی پاراستنی کوردی لە ئەستۆیە یان نا.
تۆم باراک دڵنیایی دایە هەرێمی کوردستان و گوتی: "کوردەکان دۆستی گەورەی ئەمریکان. ئیرادە و پابەندبوون بۆ هاوکاریکردنیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ یان هاوشانی بەغدا، بۆ دۆزینەوەی وەڵام و چارەسەر، هەمیشە هەیە."
سەبارەت بە ستراتیجیی گشتیی واشنتن، نێردەی ئەمریکا روونیکردەوە: "بابەتەکە بەو شێوەیەیە کە سەرۆک ترەمپ باسی دەکات، ئەویش ئەوەیە دەبێت دەستێوەردانی سەربازی و کردەیی لە هەموو ئەم وڵاتانەدا هێواش هێواش کەم بکرێتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی هاوکارییان دەکەین بۆ ئەوەی رێگەی خۆیان بدۆزنەوە؛ بەڵام ئێمە هیچ کەسێک بە تەنیا جێناهێڵین."


