رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رەتیکردەوە پێشنیازەکەی ئەم دواییەی ئێران قبووڵ بکات کە تایبەت بوو بە کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوانیان.
رۆژی شەممە 26-09-2026 دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن پرسیاری لە دۆناڵد ترەمپ کرد: "چۆن دەڕوانیتە پێشنیازەکەی ئەم دواییەی ئێران؟"
لە وەڵامدا گوتی: "من پێشنیازەکەی ئەوان رەتدەکەمەوە. ئەوان پێشنیازێکیان کرد، بەڵام من رەتمکردەوە."
لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ترەمپ بە دیار کوردەی گوت: "کۆبوونەوەکە زۆر بەباشی بەڕێوەچوو. ئەو پیاوێکی نایابە. هاوڕێی منە. من پشتیوانیم کرد. ئەو پیاوێکی نایابە."
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەرێگەی قەتەرەوە پێشنیازێکی 7 رۆژەی دابووە ئەمریکا بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە ماوەی نزیکەی 7 مانگە بەهۆی جەنگی نێوان واشنتن و تارانەوە ئاستەنگی بۆ دروستبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، مەرجەکانی ئێران لەو پێشنیازەدا بریتی بوون لە: ئازادکردنی 12 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران، هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوتی ئێران، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، هەروەها راگرتنی سەرجەم گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانەش یەمەن و لوبنان.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پێشتر گوتبووی، پێشنیازەکە بە هاوئاهەنگی و رەزامەندیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە. بەڵام ترەمپ نەک هەر پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە، بەڵکو لە ترووس سۆشیاڵ نەخشەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا بازنەی لەسەر تەنگەی هورمز کێشاوە و ناوی ناوە "تەنگەی ترەمپ".
هاوکات لەگەڵ پێشهاتەکانی ئێران، پرسی عێراقیش یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرە گەرمەکانی کۆبوونەوەکانی نیویۆرک. رۆژی 23ـی ئەیلوول، عەلی زەیدی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە، بەڵام ئەوەی بووە جێگەی پرسیار، ئامادەنەبوونی هیچ کام لە ئەندامانی شاندی عێراقی (وەک وەزیرانی دەرەوە، دارایی و کارەبا) بوو لەو کۆبوونەوەیەدا.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و قۆرخکردنی چەک بووە بەدەست دەوڵەتەوە. سەرەڕای ئەوەی بڕیار بوو ئەو پلانە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە جێبەجێ بکرێت، بەڵام زەیدی توانیویەتی واشنتن رازی بکات مۆڵەتەکە تاوەکو حوزەیرانی 2027 درێژ بکرێتەوە، کە ئەمەش بە پاڵپشتیی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق بووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر مانەوەی گرووپە چەکدارەکان تووندە؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی راستەوخۆی دابووە بەغدا و رایگەیاندبوو، "دەبێت چەک لە میلیشیاکان دابماڵرێت، ئەگەرنا عێراق رووبەڕووی مەترسیی دابەشبوون دەبێتەوە."



