رووداو دیجیتاڵ
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، پرسی ئاسایشی وزەی جیهان و مەترسییەکانی سەر هەناردەی نەوتی عێراق لەسەر مێزی کۆڕبەندی ئاشتی تاوتوێ کران. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەشداریی لە 9یەمین خولی کۆڕبەندی ئاشتیی پاریس کرد و هۆشداریی لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی داخستنی تەنگەی هورمز دا.
کۆڕبەندەکە رۆژی سێشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2026 بە بەشداریی فراوانی سەرۆکی دەوڵەتان و وەزیرانی دەرەوە بەڕێوەچوو.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە پانێڵێکی تایبەتدا بە ناونیشانی (لێکەوتەکانی داخستنی تەنگەی هورمز و رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهان)، تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵنگارییە قورسانەی بەهۆی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دەوروبەری تەنگەی هورمز بەرۆکی هەناردەی نەوتی عێراقیان گرتووە.
فوئاد حوسێن باسی لە رێگەچارە جێگرەوەکان کرد بۆئەوەی رێگری لە پچڕانی هەناردەی نەوت بکرێت، لە پێشەنگیاندا هەمەچەشنکردنی رێڕەوەکانی هەناردەکردن و فراوانکردنی تۆڕی بۆرییە نەوتییەکان لە رێگەی وڵاتانی دیکەوە؛ ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی تاوەکو گوشاری قەیرانە هەرێمییەکان کەم بکرێتەوە و ئاسایشی وزە بپارێزرێت.
جگە لە پرسی وزە، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لووتکەی راگەیاندنی مافەکانی منداڵانیشدا بەشداربوو، کە بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەڕێوەچوو. هەروەها لە کۆشکی ئێلیزێ بەشداریی لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا کرد کە لەلایەن سەرۆکی فەرەنساوە بۆ رێزلێنان لە شاندە باڵاکان ساز کرابوو.




