رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گولـلەبارانکردنی (نیدال مالیک حەسەن)ـی پەسند کرد، کە لە ساڵی 2009 بە تەقەکردن لە بنکەی سەربازیی (فۆرت هوود) 13 کەسی کوشت. بەمەش دەبێتە یەکەمین سەربازی ئەمریکی کە لە ماوەی زیاتر لە 60 ساڵی رابردوودا لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە گولـلەباران بکرێ. رۆژی سێشەممە 06-10-2026 [بەکاتی هەولێر] شۆن پارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە ئێکس رایگەیاند، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا پێشنیازی گولـلەبارانکردنی بۆ نیدال حەسەن کردووە و دۆناڵد ترەمپیش بڕیارەکەی پەسند کردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی تیمی گولـلەبارانکردنی سوپای ئەمریکاوە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت. پارنێل گوتیشی: "وەزیر کات و شوێنی گولـلەبارانکردنەکە دیاری دەکات، رۆژی سزادانی حەسەن دواجار هات." نیدال حەسەن، کە پزیشکێکی دەروونیی سوپای ئەمریکا بوو، لە 5ـی تشرینی دووەمی 2009 لە بنکەی سەربازیی فۆرت هوود لە ویلایەتی تێکساس تەقەی لە سەربازان کرد، بەهۆیەوە 13 کەس کوژران و 32 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەو کاتە بنکەکە وەک خاڵێکی کۆبوونەوەی سەربازان بەکاردەهات بۆ ئەوەی رەوانەی ناوچەکانی جەنگ لە عێراق و ئەفغانستان بکرێن. حەسەن لە کاتی هێرشەکەدا لەلایەن پۆلیسێکەوە تەقەی لێکرا و بەشێکی جەستەی ئیفلیج بوو. لە ساڵی 2013، دەستەیەکی سوێندخۆرانی سەربازی سزای لەسێدارەدانیان بەسەر حەسەندا سەپاند. لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا خۆی بەرگری لە خۆی کرد، بەڵام هیچ شایەتحاڵێکی بانگهێشت نەکرد و رەتیشی نەکردەوە کە هێرشەکەی کردبێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی دادگا، ئەو دژی "داگیرکارییەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق و ئەفغانستان،" هەروەها لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندی بە ئەنوەر عەولەقی، بانگخوازی تووندڕۆی قاعیدەوە هەبووە کە دواتر لە یەمەن کوژرا. ئەمە دەبێتە یەکەمجار لە ساڵی 1961ـەوە سەرۆکێکی ئەمریکا بڕیاری لەسێدارەدان یان گولـلەبارانکردنی سەربازی پەسند بکات. دوایین جار سەربازێک بە ناوی جۆن بێنێت لە نیسانی 1961 بە پەت لەسێدارەدرا، بەهۆی هەوڵدان بۆ کوشتنی کچێکی تەمەن 11 ساڵ لە نەمسا. پێشتریش جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بڕیارێکی هاوشێوەی پەسند کردبوو، بەڵام لە ساڵی 2008 لەلایەن دادگایەکی فیدراڵییەوە راگیرا. بەپێی سیستمی دادوەریی سەربازیی ئەمریکا، سزای لە سێدارەدان راستەوخۆ تانەی لێدەدرێت و دەچێتە قۆناخی پێداچوونەوە. دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2025 دادگە سزای لە سێدارەدانەکەی حەسەنی پشتڕاست کردەوە، تیمی پارێزەرانی حەسەن لە دادگەی باڵای ئەمریکا تانەیان لە بڕیارەکە دا بە پاساوی "بوونی کێشەی رێکاریی لە کاتی دادگاییکردنەکەدا،" بەڵام پێداچوونەوەکە رەتکرایەوە، بەوەش رێگەی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی سزاکە بەتەواوی کرایەوە.