رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری بە دامەزراوە داراییە بیانییەکان دەدات، ئەگەر بەردەوام بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران یان کەرتی دارایی ئەو وڵاتە، ئەوا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە سزایان بەسەردا دەسەپێندرێت. بەپێی ئاگادارییەکی فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوە (OFAC) کە سەر بە وەزارەتی گەنجینەیە و لە رۆژی دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026 [سێشەممە بەکاتی هەولێر] دەرچووە، ئەو دامەزراوە داراییانەی مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە سزادراوەکانی ئێران دەکەن، رەنگە لە هەر کاتێکدا بکرێنە ئامانج و دەبێت دەستبەجێ ئەو جۆرە چالاکی و پەیوەندییانە رابگرن. ئاگادارییەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هەنگاوە بەشێکە لەو ئۆپەراسیۆنە ئابوورییەی کە لە 24ـی ئابی 2026 لەلایەن سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا راگەیەندراوە. لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مەترسیی سزاکانی فراوانتر کردووە بەپێی فەرمانی جێبەجێکردنی 13902 بۆ ئەو کەس و قەوارانەی پاڵپشتیی کەرتەکانی سەرمایەی دیجیتاڵی، تەکنەلۆژیا، زێڕ، فڕۆکەوانی و کەشتیوانیی ئێران دەکەن. لە ماوەی رابردوودا ئەمریکا چەندین بانکی لەم چوارچێوەیەدا سزاداوە، لەوانە: - لە 28ـی ئابدا بانکی میسر لە ئیمارات سزادرا کە خاڵێکی گرنگ بوو بۆ دەستڕاگەیشتنی ئێران بە دۆلاری ئەمریکی. - لە 4ـی ئەیلوولدا بانکی (Golden Global Bank) کە بنکەی لە تورکیایە، بەهۆی ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لقەکانی سزادران. - لە 14ـی ئەیلوولدا بانکی (VTB) بەهۆی تێوەگلانی لە چالاکییەکانی خۆدزینەوە لە سزاکانی سەر بانکەکانی ئێران، سزادرا. وەزارەتی گەنجینە هۆشداریی داوە، ئەو دامەزراوانەی ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەوەی ئێران دەستی بە سیستمی دارایی جیهانی بگات (لە نێویاندا دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ بانکە ئێرانییەکان یان لقەکانیان لە وڵاتی سێیەم)، رووبەڕووی سزای تووند دەبنەوە. هەروەها رەنگە رووبەڕووی سزای مەدەنی و تاوانکاری ببنەوە، ئەگەر مامەڵەکانیان ببێتە هۆی ئەوەی دامەزراوە یان کەسانی ئەمریکی سزاکان پێشێل بکەن. قەدەخەکردنی کردنەوە یان هێشتنەوەی هەژماری بانکی لە ئەمریکا یەکێکە لەو مەرجە تووندانەی کە رەنگە بەسەریاندا بسەپێندرێت. لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەمریکا هۆشداریی داوەتە وڵاتانی دیکە کە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران بپچڕێنن، ئەگەرنا مەترسیی ئەوەیان لەسەرە لە سیستمی دارایی پشتبەستوو بە دۆلار بێبەش بکرێن.