رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە تەنگەی هورمز کراوەتە ئامانج. لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێ و تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی رانەگەیێندراوە.
رۆژی دووشەممە، 05-10-2026، دەستە بەریتانییەکە لە هۆشدارییەکدا بڵاویکردەوە، کاپتنی کەشتییەکە پێی راگەیاندوون، بەهۆی بەرکەوتنی تەنێکی نەناسراوەوە، ئاگر لە ژووری بزوێنەری کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانی سەر کەشتییەکە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکەن. دەستەکە روونیشیکردووەتەوە کە لە کاتی دەرکردنی ئەو هۆشدارییەدا، هیچ زیانێکی گیانی و ژینگەیی تۆمار نەکراوە.
لە کۆتایی هۆشدارییەکەدا هاتووە، دەسەڵاتداران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە. داواش لە کەشتییەکانی دیکە کراوە بە وریاییەوە بەو رێڕۆ ئاوییەدا تێپەڕن و هەر جووڵەیەکی گوماناوی هەبوو، دەستەکە ئاگادار بکەنەوە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەم ساڵ دەستیپێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی لەناکاویان کردە سەر ئێران.
لە سەرەتای جەنگەکەوە، ئێران هەوڵیداوە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر تەنگەی هورمزدا بسەپێنێت و هێرش دەکاتە سەر هەر کەشتییەک کە بەبێ مۆڵەتی ئەو بیەوێت بەو رێڕۆ ئاوییەدا تێپەڕێت. لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی پێچەوانەی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و هێرش دەکاتە سەر ئەو کەشتییانەی گەمارۆکە دەشکێنن.
لە چەند هەفتەی رابردوودا واشنتن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەمکردووەتەوە و لەبری ئەوە گوشارە ئابوورییەکانی تووندتر کردووە.
رۆژی دووشەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی تووندی داوەتە دامەزراوە داراییە بیانییەکان کە ئەگەر مامەڵە لەگەڵ ئێران یان کەرتی دارایی ئەو وڵاتە بکەن، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە سزادەدرێن.
ئەم گوشارانە وایکردووە ئێران بە یەکێک لە سەختترین قۆناخە ئابوورییەکانی مێژوویدا تێپەڕێت، کە تەنانەت موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی حکومەت دا دانی بە تێکچوونی خێرای ئابووریی وڵاتەکەیدا ناوە بەهۆی ئەو گەمارۆ دەریایی و سزایانەی ئەمریکا خستوویەتییە سەریان.
هاوکات هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە گەیشتوونەتە بنبەست؛ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا "بێواتایە" و تەنیا دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، بەو پێیەی "دووژمن بەدوای گفتوگۆوە نییە و ئامانجی رووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە."
.png&w=3840&q=75)


