رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد دەڵێ، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی (پاتریۆت) رەوانەی پۆڵەندا دەکات، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ئەو ناوەندە لۆجستییەی بۆ گواستنەوەی هاوکارییە سەربازی و مەدەنییەکان بۆ ئۆکراینا بەکاردەهێندرێت.
رۆژی سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، سوپای سوێد لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی لەگەڵ نزیکەی 100 سەرباز رەوانەی باشووری رۆژهەڵاتی پۆڵەندا دەکات، تاوەکو ناوەندی لۆجستیی هاوپەیمانیی ناتۆ لە شاری (رێزۆڤ) بپارێزن، کە خاڵی سەرەکیی تێپەڕبوونی هاوکارییەکانە بۆ ئۆکراینا.
ماریا ماڵمەر ستینێرگارد، وەزیری دەرەوەی سوێد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئامانج لەم بەشدارییە گەرەنتیکردن و دابینکردنی پارێزراوییە بۆ گەیاندنی هاوکارییە سەربازی و مەدەنییەکان بە ئۆکراینا."
بڕیارە هێزە سەربازییەکەی سوێد لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ بگاتە پۆڵەندا و راستەوخۆ ئەرکی پاراستنی ناوەندەکە لە هێزەکانی هۆڵەندا وەربگرێ.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022، سوێد کۆتایی بە دوو سەتە لە سیاسەتی بێلایەنیی سەربازی هێنا و لە مانگی ئاداری 2024ـدا بە فەرمی بووە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ. هەر لە چوارچێوەی بەشدارییە سەربازییەکانیدا لە ناتۆ، سوێد ساڵی رابردوو ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی جۆری (گریپێن)ـی رەوانە کرد بۆ بەشداریکردن لە ئەرکی پاراستن و چاودێریکردنی ئاسمانی پۆڵەندا.



