رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، حەوتەمین گومانلێکراوی دەستگیرکردووە پەیوەست بەو رووداوە ئەمنییەی مانگی رابردوو لە بنکەیەکی ئاسمانیی سەربازی روویدا؛ ئەو بنکەیەی کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران بەکاردەهێندرا.
دەستگیرکردنی ئەم گومانلێکراوە تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی "مەترسی و هەڕەشەی ئەمنی" کە پێی وابوو پەیوەندییان بە تارانەوەیە، بڕیاریان داوە سەرجەم بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری (B-1) لە بنکەی ئاسمانیی (فێرفۆرد)ی بەریتانیاوە بکشێننەوە.
رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە گەنجێکی بەریتانیی تەمەن 22 ساڵ لە لەندەن "بە گومانی ئامادەکاری بۆ کردەوەی تیرۆریستی" دەستگیرکراوە.
پێشتریش لە 27ـی ئەیلوولدا، کاتێک پۆلیس سێ بارهەڵگری بچووک (ڤان)ـی گوماناوی لە نزیک بنکە سەربازییەکە لە باشووری رۆژئاوای ئینگلتەرا راگرت، شەش گەنجیان دەستگیرکرد (کە یەکێکیان هەڵگری وڵاتینامەی بەریتانی و ئێرانییە)، بەڵام سەرجەمیان بە کەفالەت ئازاد کران بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکی فەرمییان ئاراستە بکرێ.
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ئەو رووداوەیان بە مەترسییەکی "گەورە" پۆلێن کرد، کە بەهۆیەوە ناچار بوون گوندێکی نزیک بنکەکە بە تەواوی چۆڵ بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرچاوەی راستەقینەی هەڕەشەکە بە نادیاری ماوەتەوە. لێکۆڵەرانی پۆلیس پێشتر رایانگەیاندبوو کە هیچ تەقەمەنییەکیان لەنێو ڤانەکاندا نەدۆزیوەتەوە، تەنیا بڕێک بەنزینیان دەستکەوتووە.
ئەمریکا پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران رادەکێشێت
ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی 1ـی ئەم مانگە ئاماژەی بەوە کرد کە "ئاماژەی بەهێز هەن لەسەر تێوەگلانی ئێران لەم رووداوە"، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا، بەریتانیا مۆڵەتی فەرمیی بە واشنتن دا بۆ ئەوەی بنکەی (فێرفۆرد) بەکاربێنێت بۆ ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنی بەرگریی دیاریکراو دژی ئێران"، لەوکاتەشەوە بەردەوام فڕین و نیشتنەوەی بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لەو بنکەیەدا دەبیندرا.
دۆناڵد ترەمپ کە پێشتر رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا گرتبوو بەهۆی ئازادکردنی گومانلێکراوەکان بە کەفالەت، رۆژی دووشەممە دووپاتیکردەوە کە فڕۆکەکانیان گواستووەتەوە، چونکە "هەندێک هەڕەشە لەسەریان هەبوو."



