رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندانی بارسێلۆنا کۆتایی هات و لە ئەنجامی گرژییەکاندا 30 پۆلیس بە سووکی بریندار بوون؛ 13 کەسیش دەستگیرکران.
بەگوێرەی پۆلیسی ئیسپانیا، نزیکەی 20 هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکەدا بەشداربوون، بەڵام رێکخەرانی ژمارەی بەشداربووانیان بە 120 هەزار کەس خەمڵاند.
خۆپێشاندانەکە لەلایەن سەندیکای بەرگریکردن لە مافی کرێچییان و بە هاوکاریی کۆمەڵە و رێکخراوەکانی دیکەی بەرگریکار لە مافی نیشتەجێبوون رێکخرا.
خۆپێشاندانەکە کاژێر 07:30ی ئێوارە لە گۆڕەپانی ئورکیناوناوە دەستیپێکرد. گردبوونەوەکە لە یەکتربڕی پاسێج دی گراسیا و گران ڤیا کۆتایی هات. لە رێگەدا بەشداربووان سەرکۆنەی بەرزبوونەوەی کرێی خانوو و بازرگانیکردن و گرانفرۆشیی خانووبەرەیان کرد و داوای رێکاریان کرد بۆ مسۆگەرکردنی مافی نیشتەجێبوون.
بەرلە دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکە، کارمی ئارکارازۆ، گوتەبێژی سەندیکای بەرگریکردن لە مافی کرێچییان رایگەیاند، ئامانجیان دروستکردنی جووڵانەوەیەکە کە بتوانێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵە و رێکخراوەکانی دیکە کاری جیدی لە بوارەکەدا بکات.
ئاڵۆزییەکانی دوای کۆتاییهاتنی خۆپێشاندانەکە
خۆپێشاندانەکە تاوەکو کاژێر 09:30ی شەو بێ هیچ رووداوێکی ئەوتۆ تێپەڕی. پۆلیس لەڕێی بڵندگۆوە داوای لە خەڵک کرد ناوچەی پاسێج دی گراسیا و گران ڤیا چۆڵ بکەن، بەڵام هەندێک لەوانەی لەوێ بوون، رەتیانکردەوە شوێنەکە چۆڵ بکەن.
ئاڵۆزییەکان ئەوکاتە دەستیان پێکرد کە کۆمەڵێک کەسی دەمامکدار دەستیان کرد بە فڕێدانی بەرد، پارچە کاشی، شووشەی بەتاڵ و کەلوپەلی دیکە بۆ پۆلیس؛ هەروەها بە بەکارهێنانی سندووق و کەرەستەی بیناسازی، بەربەست لە شەقامەکاندا دانرا.
لە دەوروبەری کاژێر 10:15ی شەو، هێزەکانی پۆلیس هەڵمەتێكیان دەستپێکرد بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو کەسانەی رووبەڕووی پۆلیس دەبوونەوە. دواتر ئاڵۆزییەکان گوێزرانەوە بۆ چەند ناوچەیەکی دیکە.
پۆلیس کەوتنەوەی 22 ئاگری لە کاتی پشێوییەکاندا تۆمارکرد و تیمی ئاگرکوژێنەوەی بارسێلۆناش دەستوەردانیان کرد بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان.




