رووداو دیجیتاڵ
رۆژێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە لەمەودوا لە پارەی کەمپەینی هەڵبژاردنی خۆی تێچووی کۆمەڵێک ریکلامی تەلەڤزیۆنیی مشتومڕهێن دەدات، هیچ ئاماژەیەک نییە بە نیاز بێت ئەو ملیۆنان دۆلارە بگەڕێنێتەوە کە پێشتر لە بودجەی دەوڵەت و باجی خەڵک بۆ ئەو ریکلامانە خەرجکراوە.
کێشەکە لەسەر چییە؟
ئیدارەی ترەمپ بڕی 20 ملیۆن دۆلاری لە بودجەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دروستکردن و پەخشکردنی ریکلامی تەلەڤزیۆنی دیاری کردووە، تاوەکو ئێستاش نزیکەی 12 ملیۆن دۆلاری بۆ پەخشکردنی ئەو ریکلامانە خەرج کردووە.
ئەم ریکلامانە ستایشی ترەمپ دەکەن و پەیامە سیاسییەکانی ئەو پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس بڵاودەکەنەوە، وەک باسی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا، یان مەترسیی کۆمۆنیزم، کە زۆر لە ریکلامی بانگەشەی هەڵبژاردن دەچن.
وەڵامی ترەمپ چی بوو؟
کاتێک رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە ترەمپ کرد ئایا ئەو پارەیەی دەوڵەت کە پێشتر خەرجکراوە دەگەڕێنێتەوە؟ لە وەڵامدا گوتی: "بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین."
ترەمپ گوتی ئەو ریکلامانە "زۆر باشن" و تەنیا "پێشخستن و ناساندنی وڵاتن، کە پێشتریش چەندین سەرۆک کردوویانە." ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە دەڵێت، هیچ پلانێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە لە ئارادا نییە.
کاردانەوەی تووندی کۆنگرێس
چەک شومەر، سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران بە تووندی هێرشی کردە سەر ترەمپ و گوتی: "دەبێت ترەمپ ئەم پارەیە بۆ گەلی ئەمریکا بگەڕێنێتەوە و دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لەم تەخشان وپەخشانکردنەی پارەی باجدەران بکرێت."
تەنانەت جۆن سیوون، سەرکردەی زۆرینەی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیران و کەیتی بریت، سیناتۆری کۆماری، جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت پارەی باجدەران بۆ کاری لەو شێوەیە بەکاربهێنرێت.
یاسا چی دەڵێت؟
پسپۆڕانی یاسایی دەڵێن ئەم کارەی ترەمپ رەنگە پێشێلکردنی روونی یاسا فیدراڵییەکان بێت، چونکە بەپێی یاسای ئەمریکا، قەدەخەیە ئەو پارەیەی لەلایەن کۆنگرێسەوە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت دیاری دەکرێت (کە لێرەدا بۆ پاسەوانی سنوور و گومرگ دانرابوو) بۆ پڕوپاگەندەی حیزبی و سیاسی بەکاربهێنرێت.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی کە لەمەودوا پارەی ریکلامەکان لە سندووقی "MAGA Inc" دەدات، کە سندووقی کۆکردنەوەی هاوکارییە داراییەکانیەتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلاری تێدا کۆکراوەتەوە.



