رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە بەهۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانە تووندەکان لە یەمەن، زیاتر لە 200 هەزار کەس لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئاوارە بوون؛ هاوکات حووسییەکان زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سعودیە و شاری عەدەن راگەیاند.
رۆژی چوارشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2026، رێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆی لە کەمبوونەوەی بودجە و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوانی یەمەن دەربڕی؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە شەڕی قورس ژیانی لە شارە کەناراوییەکانی وەک موخا پەکی خستووە و هەزاران خێزان بەرەو عەدەن و ناوچە ئارامەکان هەڵاتوون.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بە مووشەکێکی بالیستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالیدیان لە ریازی پایتەختی سعودیە کردووەتە ئامانج؛ ئەوەش دووەم هێرشی لەو شێوەیەیە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا.
ماڵپەڕی جیهانیی چاودێریی فڕین 24 Flightradar راگرتنی کاتیی گەشتەکانی لە ئاسمانی ریاز پشتڕاستکردەوە، بەڵام هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە رایگەیاند کە مووشەکەکەیان لە ئاسماندا تێکشکاندووە. حووسییەکان هاوکات هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی ئەبها و بنکەی ئاسمانیی شا خالیدیان لە خەمیس موشەیت راگەیاند.
لە نێوخۆی یەمەنیش، حووسییەکان هێرشێکی مووشەکی و درۆنییان کردە سەر کاروانێکی سەربازی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدەن (پایتەختی کاتیی حکومەت). بەرپرسانی فڕۆکەوانیی یەمەن ئاشکرایان کرد، مووشەکێک تەنیا چەند خولەکێک پێش نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر (کە لە قاهیرەوە دەهات) لە نزیک هێڵی فڕین کەوتووەتە خوارەوە، ئەمەش وایکرد فڕۆکەکە رێڕەوی بگۆڕێت و لە جەددەی سعودیە بنیشێتەوە.
62 کوژراو لە پێکدادانەکانی رۆژئاوا
بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، لە پێکدادانەکانی رۆژئاوای یەمەن لە رۆژی چوارشەممەدا لانیکەم 62 چەکدار لە هەردوولا کوژراون، کە 37 کەسیان چەکداری حووسین. لە شاری تەعزیش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی حووسییەکان لە شەقامێکی قەرەباڵخدا، پێنج هاووڵاتیی سڤیل بریندار بوون.
شەڕی ناوخۆی یەمەن لە تەممووزی ئەمساڵەوە دوای شکانی ئاگربەستێکی چوار ساڵە سەریهەڵدایەوە، کاتێک حووسییەکان لە هێرشێکی خێرادا زۆربەی کەناراوەکانی دەریای سووریان کۆنتڕۆڵکردەوە؛ لە بەرامبەریشدا سوپای حکومەت بە پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە هێرشی پێچەوانەیان دەستپێکردووە.



