رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا پشتڕاستیان کردەوە، ئەو سێ تەنە فڕیوەی رۆژی هەینی لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کەوتنە خوارەوە، مووشەکی کرووزی رووسی بوون؛ هاوکات هاوپەیمانیی ناتۆ سبەی دووشەممە بۆ تاوتوێکردنی رووداوەکە کۆدەبێتەوە کە سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا بە "هەراسانکارییەکی بە ئەنقەست" باسی کردووە.
رۆژی یەکشەممە 22-11-2026، نووسینگەی داواکاری گشتی لە شاری لوبلین لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆڵەندا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پشکنینی پاشماوەی ئەو مووشەکانەی رۆژی هەینی لە گوندەکانی (نۆڤی لیپۆڤیێتس، رودنیک و مۆڵۆدیچ) کەوتنە خوارەوە، دەریانخستووە کە هەر سێکیان مووشەکی کرووزی رووسی لە جۆری (Kh-101) بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی داواکاری گشتی، پشکنینەکان دەریانخستووە، "هەموو ئەم مووشەکانە لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2026 لە کارگەیەک لە شاری دوبنا لە پارێزگای مۆسکۆ دروستکراون."
پێشتر دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا پێیانوابوو، دوو مووشەک و درۆنێک بەر ناوچەکە کەوتوون. هەرچەندە کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە، بەڵام یەکێکیان بووە هۆی تەقینەوە و کەوتنەوەی ئاگر.
بڕیارە سبەی دووشەممە هاوپەیمانانی ناتۆ لە برۆکسل کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رووداوەکە، کە دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا سەرکۆنەی کرد و بە "هەراسانکارییەکی بە ئەنقەست" لەلایەن کرێملنەوە ناوزەدی کرد.
مووشەکەکان لە نزیک ئەو شوێنە کەوتوونەتە خوارەوە کە تێیدا هەزاران سەربازی ئەورووپی، کە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکراینا پێکهێنراوە، سەرقاڵی مانۆڕی سەربازی بوون.



