رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی حەوت مانگەی نێوان واشنتن و تاران، دەبێت ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەیەکی "بەرچاو" دابەزێنێت؛ بەرپرسێکی ئێرانیش لە وەڵامدا دەڵێت دانپێدانان بە مافی پیتاندن "هێڵی سوورە."
ڤانس لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز گوتی: "ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمیی ناوێت، بۆچی پێویستی بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60٪ هەیە؟ هەر رێککەوتنێک پێویستی بە هەنگاوی کردارییە؛ ئێمە بەڵێنی سەر کاخەز لە بەرامبەر کرداری راستەقینەدا وەرناگرین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە بەردەوامیی جەنگەکە مانگانە نزیکەی سێ ملیار دۆلار لەسەر ئەمریکا دەکەوێت و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، ئیدارەی ترەمپی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدا رووبەڕووی گوشارێکی سیاسیی قورس کردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە رۆیتەرزی راگەیاند، قسەکانی ڤانس تەنیا داخوازیی واشنتنن؛ ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە کە دانیپێدانانی ئەمریکا بە مافی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم "هێڵی سوورە" و تاران سازشی لەسەر ناکات، بەڵام دەکرێت دواتر گفتوگۆ لەسەر وردەکاریی رێژەکەی بکرێت. گوتیشی، تاوەکو ئێستا هیچ دانوستاندنێکی راستەوخۆ لەوبارەیەوە نەکراوە.
ڤانس باسی لە ئاستەنگی دیاریکردنی ناوەندی بڕیاردان لە ئێران کرد دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە سەرەتای جەنگەکەدا و گوتی، روون نییە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە تا چەند دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە.
لە وەڵامدا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو بۆچوونەی رەتکردەوە و گوتی، بەرپرسانی ئەمریکا باش دەزانن لە تاران چۆن بڕیار دەدرێت، بەڵکو "کێشەی سەرەکی هەڵوێستی دژبەیەک و شڵەژاوی خودی واشنتنە."
سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هورمز، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی دا کە هێزەکانی ئێران سەرەڕای هەندێک هێرشی پچڕپچڕ بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، بەڵام توانای ئەوەیان نییە رێگری لە هەناردەکردنی وزە و هاتووچۆی کەشتیوانی لەو رێڕەوە ئاوییەدا بکەن.



